ئاڵای سعودیە
سبەی
سعودیە لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، دەستی بە ژمارە پێوانەییەکان گەیشتووە، بەجۆرێک لە ماوەی هەفتەیەکدا 22 کەسی لە سێدارە داوە کە یەکێکیان رۆژنامەنووسە.
بەپێیی راپۆرتێکی رێکخراوی reprieveی نێودەوڵەتی بۆ مافی مرۆڤ، سعودیە تاکو پێنجی ئەم مانگە (ئاب)، سزای لە سێدارەدانی بەلایەنی کەمەوە بەسەر 241 کەسدا جێبەجێکردووە.
22 کەس لە هەفتەیەکدا
Reprieve بڵاویکردۆتەوە بە تەنها لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، لە سعودیە 22 کەس لە سێدارەدراون، کە یەکێکیان رۆژنامەنووس بووە.
رێکخراوەکە تیشکی خستۆتەسەرئەوەی، ئەگەر لە سێدارەدان بەو رێژە زۆرە بەردەوام بێت، ئەوا لە ساڵی 2025دا سعودیە لە ژمارەی کەسە لە سێدارەدراوەکاندا، ژمارە پێوانەییەکانی پێشوو دەشکێنێت.
هاوکات رێکخراوی Human Rights Watch ترسی ئەوەی هەیە سعودیە دوای لەسێدارەدانی ترکی ئەلجاسری رۆژنامەنووس، (کە لێکۆڵینەوەی لە دۆسییەکانی گەندەڵی بنەماڵەی فەرمانڕەوای سعودیە دەکرد)، سزای لە سێدارەدان بۆ سەرککوتکردنی ئۆپۆزیسیۆنە ئاشتیخوازەکان بەکاربهێنێت.
ترکی ئەلجاسر، یەکەم رۆژنامەنووسە لەدوای جەمال خاشقچی ( ساڵی 2018 لە باڵێوزخانەی سعودیە لە تورکیا کوژرا)، لە سێدارەبدرێت.
سعودییە دۆزەخی رۆژنامەنووسانە
رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، سەرکۆنەی لەسێدارەدانی ترکی ئەلجاسری کردووە، دوای بەسەربردنی حەوت ساڵ لە دەستەبەسەریی و زیندانیکردن.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرانی بێ سنوور، بەلایەنی کەمەوە 19 رۆژنامەنوس لە زیندانەکانی سعودیەدان، لە کاتێکدایە لە کۆی 180 وڵات، سعودیە لە ریزبەندی 162دایە لە ڕووی ئازادی رۆژنامەنووسیدا.
تۆمارە خراپەکانی سعودیە
لە 27ی شوباتی ساڵی رابردوودا، سعودیە، عەبدوڵا شەمەری بە تۆمەتی خیانەتی نیشتمانی لەسێدارەدا، کە شیکەرەوەیەکی سیاسی تایبەت بە تورکیا بوو.
لە 12ی مانگی مارسی 2022دا و لە یەک رۆژدا، لە گەورەترین پرۆسەی لە سێدارەداندا بە تۆمەتی جیاجیا، 81 کەس لە سێدارەدران.
لە مانگی نیسانی ساڵی 2019دا، سعودیە 33 کەسی شیعەی بە تۆمەتی سیخوریکردن و ناڕەزایی و تیرۆر لە سێدارەدا.
بەڵێنەکان بەتەنیا مەرەکەبی سەر کاغەزن
سەرەڕای بەڵێنەکانی ئەو وڵاتە بۆ سنووردارکردنی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان، بەڵام هێشتا سزاکە گەورەترین چەکی بنەماڵەی فەرمانڕەوای سعودیەیە لەدژی نەیارەکانیان.