سبەى
دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق تاوتوێی سکاڵایەکى تەیف سامى وەزیرى دارایی دەکات لەبارەى هەموارى یاسای خزمەتی شارستانی، بەوەش 150 ناونیشانى وەزیفى فەرمانبەران دەکەونە ژێر هەڕەشەى هەڵوەشاندنەوەوە.
بەپێی خشتەى دانیشتنى دادگاى فیدراڵى، رۆژى 17ى ئاب دادگاى فیدراڵى کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنى سکاڵایەکى تەیف سامى کە لەسەر سەرۆکى پەرلەمان تۆماریکردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەى هەموارى یاسای خزمەتی شارستانی، کە تایبەتە بەزیادکردنى ناونیشانى وەزیفى و ئەو لێکەوتە داراییانەى هەموارەکە دەیگرێتەوە.
لە سکاڵاکەدا وەزیرى دارایی داوایکردووە ئەو ناونیشانە وەزیفیانە وەک خۆیان بمێننەوە، کە لێکەوتەى دارایی لەسەر بودجەى وڵات دروستناکەن و ئەوانەى دیکە هەڵبوەشێنرێنەوە.
محەمەد خەفاجى ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ئەگەر سکاڵاکە پەسەند بکرێت، 150 پلەى وەزیفى هەڵدەوەشێنەوە.
لەناو ئەو پلەى وەزیفیانەدا کە تەیف سامى داواى هەڵوەشاندنەوەى کردوون، پلە وەزیفییەکانى یاریدەدەرى ئامارى مەشقپێکراو، یاریدەدەرى کیمیایی مەشقپێکراو لە پلەى هەشتەم تێدایە، لەکاتێکدا ئەو پلە وەزیفیانە خۆیان لەپلەى نۆیەمدان.
مانگى تەمموزى ساڵى رابردوو، ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دەنگیدا لەسەر پەسەندکردنى هەموارى 11 هەمینى یاساى خزمەتی شارستانی ژمارە 25 ى ساڵى 1960 کە لەلایەن لیژنەى داراییەوە پێشکەشکرابوو، بە ئامانجى بەدیهێنانى دادپەروەرى لەنێوان ناونیشانى وەزیفى و بڕوانامەى فەرمانبەران.
هەموارەکە هەروەها ناونیشانى وەزیفى نوێ لە خۆ دەگرێت ئەوەش بەهۆى پێداویستى دەوڵەت بۆ پسپۆڕییە جیاجیاکانەوە.
بەپێی هەموارەکە فەرمانبەران لە هەمان پلەى وەزیفى خۆیاندا بەردەوام دەبن تا دەگەن بەو پلە وەزیفییە نوێیانەى کە یاساکە پێیان دەبەخشێت، کاتێک بڕوانامە و شایستەییان دەگاتە ئەو ئاستە.
بەشێک لەو پلە وەزیفیانەى داواى هەڵوەشاندنەوەیان کراوە: