سبەى
پلانەکەى ئیسرائیل بۆ داگیرکردنى کەرتى غەززە چوار قۆناغ لە خۆ دەگرێت، لەکاتێکدا کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان لەدژى بەردەوامن و حەماسیش هۆشدارى بەرەنگاربوونەوەى توند دەدات، بەڵام ئیسرائیل سورە لەسەر جێبەجێکردنى.
میدیا ئیسرائیلییەکان ئاشکرایانکردووە، پلانی سوپای ئیسرائیل بۆ دەستبەسەرداگرتنی شاری غەززە، ئەگەری هەیە لانیکەم ماوەی شەش مانگ بخایەنێت، پلانەکە خۆى لە چوار قۆناغدا دەبینێتەوە و لە ماوەی دوو هەفتەدا و بە چۆڵکردنی وردە وردەی دانیشتوانی شارەکە بۆ "ناوچە مرۆییەکان" لە باشووری کەرتی غەززە دەستپێدەکات.
بەپێی کەناڵی 11ی ئیسرائیلی، قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکە بە گواستنەوەی زیاتر لە 800 هەزار فەلەستینی لە شاری غەززەوە بۆ ناوچەی مەواسی دەست پێدەکات کە پێشبینی دەکرێت لانیکەم 45 ڕۆژ بخایەنێت.
قۆناغى دووەم هێرشى سەربازى لە خۆ دەگرێت و بڕیارە لە ماوەی مانگێکدا هێزی یەدەگ لە فیرقەی ١٤٦ بانگهێشت بکرێت، ئەمە جگە لە ڕەوانەکردنی فیرقەی ٩٨ بۆ کەرتی غەززە، بەمەش ژمارەی ئەو فیرقە سەربازیانەی بەشداری ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن بۆ شەش فیرقە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سوپای ئیسرائیل بەنیازە هاوکات لەگەڵ چۆڵکردنی شاری غەززە ڕۆژی 25ی ئۆکتۆبەر گەمارۆی سەربازی بەسەر شارەکەدا بسەپێنێت، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی هێرشی زەمینی بۆ سەر شارەکە.
قۆناغى سێیەم پەلهاویشتنە بەرەو ناوەڕاست و باشورى غەززە، قۆناغى چوارەمیش داگیرکردنى تەواوەتى و بەدیهێنانى ئامانجەکانى شەڕە، کە خۆى دەبینێتەوە لە چەکداماڵینى حەماس و گەڕاندنەوەى بارمتەکان، دروستکردنى ئیدارەیەکى نوێ کە لەژێر دەستى حەماس و دەسەڵاتى فەڵەستینیدا نەبێت.
سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل پێیان وایە ئۆپەراسیۆنەکە لانیکەم شەش مانگ دەخایەنێت، مەگەر پێشهاتێکی بەرچاو لە دانوستانەکان یان ئاڵوگۆڕی دیلەکاندا ڕووبدات.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە سەرکردە باڵاکانی دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل، "دژایەتیی جددی"یان سەبارەت بە بڕیارەکەی حکومەتی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی غەززە دەربڕیوە.
بە گوێرەی ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتى ئیسرائیلى، ڕۆژی شەممە و لە میانی کۆبوونەوەیەکدا کە زیاتر لە 10 کاتژمێری خایاندووە بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەکان لەوانە سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرئیل و بەرپرسی موساد و شین بێت و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی، بە پلەی جیاواز ناڕەزاییان سەبارەت بە بڕیارەکەی نەتانیاهۆ بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی گەورەی سەربازی بۆ سەر غەززە دەربریوە.
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بە پلانەکەی ئیسرائیل
سەڕەرای نارەزایەتی بەشێک لە ئەندامانی ئەمنی و سەربازی ئیسرائیل وڵاتانی بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا و ئوسترالیا لە بەیاننامەکانیاندا بڕیاری سەربازی نوێی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی غەززە رەتدەکەنەوە.
لە بەیاننامەکەیاندا هاتووە، هەر هەوڵێک بۆ لکاندنی زەوییە فەلەستینییەکان یان فراوانکردنی شوێنی نیشتەجێ بوون بۆ ئیسرائیلییەکان پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
لای خۆشییەوە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وێڕای دەربڕینی نارەزایەتی توند سەبارەت بە دۆخی کارەساتباری غەززە رایگەیاند کە مۆسکۆ پلانی ئیسرائیل بۆ بەرفراوانکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لەو کەرتە بە توندی مەحکووم دەکات...
هاوکات 20 وڵاتی عەرەبی و موسڵمان لەوانە میسر، سعودیە و تورکیا، پلانەکەی ئیسرائیلیان بۆ داگیرکردنی غەززە بە مەترسیدار و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسف کرد کە دەبیتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان.
لای خۆشییەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە دیدارێکدا لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر ڕایگەیاند، پێویستە وڵاتانی ئیسلامى بە "یەکگرتوویی تەواو هەوڵ بدەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پلانەکە بهێننە سەر هێڵ هەروەها ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی بانگەوازی ئەندامانی خۆی کردووە بۆ کۆبوونەوەی بەپەلە.
لە بەرانبەردا ئیسرائیل ڕەخنەی نێودەوڵەتیەکان سەبارەت بە پلانەکەی بە توندی رەتدەکاتەوە و لای خۆیەوە ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاندوە، نارەزایەتییەکان ناتوانێت ئیرادەی تەلئەبیب بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکان لاواز بکات.
لاى خۆیەوە، بزوتنەوەى حەماس چەندینجار هۆشدارى داوە لەهەر هەوڵێکى ئیسرائیل لەو بارەیەوە و هۆشدارى لە بەرەنگاربوونەوەى توند داوە و دەڵێت، هەنگاوى لەو شێوەیە باجى قورسى دەبێت.