لیدوانەکانی تۆم باراک کاردانەوەی جیاوازی لەناو میدیا و بەرپرسانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لێکەوتووەتەوە لە ستایشەوە تا رەخنەی توند
سبەى
تۆم باراک باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئەنقەرە و نێردەی تایبەتی ئەو وڵاتە بۆ سوریا، لە دوای دەستبەکاربوونی لە مانگی نیسانی ڕابردووەوە، سەرنجێکی زۆری میدیاکانی بەلاى خۆیدا ڕاکێشاوە، لێدوانەکانی سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریا و مێژووی ئیمپراتورییەتی عوسمانی مشتومڕی زۆری لێکەوتووەتەوە و هەموانی توشی سەرسوڕمان کردووە.
تۆم باراک بازرگانێک کە بە کەسی نزیک دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ناسراوە، لە مانگی ئایاری ڕابردووەوە وەک باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا دەستبەکار بووە.
لە یەکەم ساتى گەیشتنی بە تورکیا باراک سەرنجی هەموانی بۆ لای خۆی راکێشا کاتێک رایگەیاند کە گەڕاوەتەوە بۆ تورکیا وەک خاکی باوباپیرانی.
باراک دواتر و لە لێدوانەکانیدا چەندین جار جەختی لەسەر گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر سوریا کردەوە و رایگەیاندووە" سەردەمی دەستێوەردانی ڕۆژئاوا لە سوریا کۆتایی هاتووە".
ناوبراو داوای لە هەسەدە و کوردیش لە ڕۆژئاوا کرد کە دەست لە داواکاری بۆ فیدراڵیزم هەڵبگرن و بە پێی ڕێککەوتنێک کە لە مانگی ئازاردا واژۆ کراوە لەگەڵ حکومەتی سوریا تێکەڵ بنەوە.
پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی پاڵپشتیی واشنتۆن لە "هێزەکانی سوریای دیموکرات" کە ئەنقەرە بە بە لقێکی پەکەکە ناویان دەبات ئاڵۆز بووە.
باراک چی لەبارەی سوریاوە وتووە؟
لێدوانەکانی باراک لە دوای دەستبەکاربوونیەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە بۆچوونەکانی سەبارەت بە سوریا لە بۆچوونەکانی تورکیا نزیکتر بووەتەوە.
باراک لە تۆڕى کۆمەڵایەتی ئیکس لە 25ی ئایاردا نووسیویەتی "سەدەیەک لەمەوبەر ڕۆژئاوا بە سەپاندنی نەخشە و ئەرک و سنووری کێشراو و حوکمی دەرەکی چارەنووسی ناوچەکەی دیاریکرد، ڕێککەوتنی سایکس بیکۆ سوریا و ناوچەکەی دابەشکرد بۆ بەرژەوەندی رۆژئاوا نەک بۆ ئاشتی، ئەو هەڵەیە بۆ دەیان ساڵ جیهانی تووشی نەهامەتی کرد و لە ئێستادا ئێمە نابێت هەڵەی هاوشێوە دوبارە بکەینەوە و سەردەمی دەستێوەردانی ڕۆژئاوا کۆتایی هاتووە".
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن تی ڤی لە ٢ی حوزەیران، باراک وتی کە سیاسەتی نوێی واشنتۆن بەرامبەر بە سوریا “زۆر جیاواز دەبێت لەگەڵ سیاسەتەکانی ئێمە لەوەی لە ڕابردوودا پەیرەو کراوە چونکە سیاسەتەکانی پێشوو سەرکەوتوو نەبووە.
باراک دوای دیدار لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا لە سەرەتای مانگی تەمموزدا داوای لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد لەگەڵ حکومەتی دیمەشق یەکبگرن و جەختی لەوە کردەوە کە “سوریا وڵاتێکی یەکگرتووە”، وتیشی: “رێگای هەر دانوستانێک بە دیمەشقەوە تێدەپەڕێت و فیدراڵیزم لە سوریا جێگەیەکی نییە”.
کاربەدەستانی تورکیا و شرۆڤەکارانی لایەنگری ئەنقەرە بە گشتی پێشوازییان لە قسەکانی باراک کرد و ڕایانگەیاند کە ئەم قسانە هاوتەریبە لەگەڵ داواکارییە درێژخایەنەکەی ئەنقەرە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و پێکهێنانی حکومەتێکی ناوەندی لە دیمەشق.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە 25ی تەمموزدا وتی: "باراک بەڕاستی نوێنەرایەتی ڕێبازێکی نوێ دەکات کە بە باشی لە هاوسەنگییە ناوچەییەکان تێدەگات، هەوڵدەدات بێلایەنییەکی تایبەت بپارێزێت و پێی وایە بەرژەوەندی و گرنگیدانی ئەمریکا بە پرسە ناوچەییەکان متمانە و پشتیوانی هەمووانی بەدەستهێناوە".
بەپێچەوانەوە هەندێک لە شارەزایان گومانیان لە کاریگەری ڕاستەقینەی کارەکانی باراک دەربڕیوە، لای خۆیەوە بارچین یەنانچ شرۆڤەکاری سیاسەتی دەرەوە لە ماڵپەڕی هەواڵی T24 نووسیویەتی کە لێدوانەکانی باراک سەبارەت بە سوریا “دژ بەیەکن” و “ڕوون نییە مەبەستی چی بووە لەوەی کە دەڵێت یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەگەڵ ڕژێمدا یەکبخرێن”.
ڕۆژنامەنووس لێڤانت کەمال، باراکی تۆمەتبار کرد بەوەی کە "نەیتوانیوە ئیسرائیل و میلیشیاکانی دروز بوەستێنێت لەبارەى هێرشە ئاسمانییەکان و پێکدادانی تائیفی لە سوریا و دەڵێت: "لە ژینگەیەکی وادا پێناچێت دیبلۆماسی زۆر کاریگەر بێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "قسەکانی باراک ئەرێنین بەڵام واقیع بینانە نییە، داواکردن لە سوریا بۆ دانوستان لەسەر سەروەری خۆی راستگۆیانە نییە".
چۆن لێدوانەکانی باراک سەبارەت بە "دەوڵەت-نەتەوە" مشتومڕی لێکەوتەوە؟
باراک هەروەها کەوتووەتە بەر ڕەخنە بە هۆی لێدوانەکانی بۆ ستایشکردنی سیستەمی"نەتەوە"ی سەردەمی عوسمانی و پەیوەندی ئەم سیستەمە بە تورکیای مۆدێرنی ئەمڕۆکەوە.
سیستمی “نەتەوە” لە سەردەمی عوسمانی ڕێگەی بە پێکهاتە ئایینییە جۆراوجۆرەکان دەدا، لەوانە ئەرمەنی و جوولەکە و مەسیحی لە ژێر سەرکردایەتییەکی بەهێزدا بە شێوەیەکی سەربەخۆ خۆیان بەڕێوەببەن.
باراک لە کۆتایی مانگی حوزەیران بە میدیاکانی تورکیای راگەیاند "سیستەمی "نەتەوە" لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا ڕێگەی بە گروپە جیاوازەکان دا بۆ چەندین سەدە لە چوارچێوەی سیستەمێکی ناوەندیدا ناسنامە و پێگەی خۆیان بپارێزن و تورکیا دەتوانێت لە ئێستادا خاڵی سەرەکی و کۆکەرەوەی هەموو ئەمانە بێت.
لای خۆیەوە ئەرسلان بولوت، شرۆڤەکاری سیاسی لە 12ی تەمموزدا وتى: "باراک بە داوای 'گەڕانەوە بۆ سیستەمی نەتەوەی عوسمانی'، هەوڵدەدات یەک پڕۆژە بەسەر تورکیا و سوریادا بسەپێنێت، ئەویش پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەیە و بەم شێوەیە ناسنامەی تورکیا لاواز دەکات".
لە مانگی تەمموزدا باراک هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر سوریا ئیدانە کرد و هەوڵیدا ئەمریکا لە ئیسرائیل دوور بخاتەوە، بەڵام لێدوانەکانی کە باسی لەوە کرد ئیسرائیل "هەڕەشە لە دەوڵەتە نەتەوەییە بەهێزەکان دەکات" کاردانەوەی توندی هەندێک لە دامەزراوە و کەسایەتییەکانی تورکیای لێکەوتەوە.
رۆژنامەنووسی دێرین سیدات ئێرگین لە یەکەمی ئابدا نووسیویەتی کە لێدوانە جیاوازەکانی باراک “وایکردووە ببێتە یەکێک لە مشتومڕاویترین باڵیۆزەکانی ئەمریکا لە هەموو سەردەمێکدا، ئێرگین وتیشی باراک چووەتە ناو پرسگەلێکەوە کە هەستیارن و دابەشکەرن لە نێوان گەلی تورکیادا”.
ڕوانگەی کوردەکانی سوریا
لیدوانەکانی تۆم باراک کاردانەوەی جیاوازی لەناو میدیا و بەرپرسانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لێکەوتووەتەوە لە ستایشەوە تا رەخنەی توند.
مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، باراک بە کەسێک وەسف دەکات کە شانبەشانی فەرەنسا، ڕۆڵێکی "ئەرێنی" لە ئاسانکاری بۆ دانوستانەکانی هەسەدە و دیمەشق دەگێڕێت.
میدیا کوردیەکان پێشتر ڕەخنەیان لە باراک گرتبوو بەهۆی ئەو لێدوانانەی کە دەڵێت هێزەکانی سوریای دیموکرات لقێکی پەکەکەن و تۆمەتباریان کردبوو بەوەی تۆمەتەکانی تورکیا دوبارە دەکاتەوە.
بەشێکیش لە کوردەکان لێدوانەکانی باراک بە "پێچەوانەی ڕۆڵی نێوەندگیریی ئەو" وەسف کردووە و "بەتەواوی ناکۆکە لەگەڵ ئەو ڕۆڵە ئەرێنییەی کە ئەمریکا پێشتر بینیویەتی".
هاوکات ماڵپەڕی کوردی-عەرەبی هەواڵ ٢٤ لە ٢ی ئابدا بڵاویکردەوە، لۆرا لومەر، شرۆڤەکاری ڕاستڕەوی ئەمریکی و هاوپەیمانی دۆناڵد ترەمپ، لەم دواییانەدا داوای لابردنی باراکی کردووە و تۆمەتباری کردووە بە خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی تورکیا و ئیسلامییەکان.