سبەی
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باس لە ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەن و دەڵێت: "ئەگەر پەیامەکەی ئەردۆغان بۆ کەسوکاری سەربازە کوژراو و بریندارەکان بخوێننەوە، دەزانن هیچ هەنگاوێک نانێین ببێتە هۆی ڕەنجاندن و ئازاردانی ئەوان".
یڵماز تونچ لە زێدی لەدایکبوونی خۆی کە گوندی ئولوکایایە لە تورکیا بۆ میدیاکاران دوا و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و لەبارەی دەنگۆی ئەگەری ئازادکردنی ئۆجەلان دەڵێت: "ئەگەر پەیامەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا بۆ کەسوکاری سەربازە کوژراو و بریندارەکان بخوێننەوە، دەزانن هیچ هەنگاوێک نانێین ببێتە هۆی ڕەنجاندن و ئازاردانی ئەوان".
وەزیری دادی تورکیا هاوشێوەی گەورە بەرپرسانی دیکەی تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ جۆرە سەودا و مامەڵەیەکیان لەگەڵ پەکەکە نەکردووە بۆ چەکدانانی ڕێکخراوەکە و دەڵێت: "بابەتەکە تەنها چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکەیە. هەرگیز هەنگاوێک نانێین لە بەرژوەندی تورکیادا نەبێت و کەسوکاری سەربازە کوژراوەکان بڕەنجێنێت".
هیوا و ئاواتمان ئەوەیە پرۆسەکە یەکجارەکی بێت
یڵماز تونچ پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بە زۆر گرنگ و هەستیار لەقەڵەم دەدات و دەڵێت: "هەموو هیوا و ئاواتمان ئەوەیە پرۆسەکە یەکجارەکی بێت. بە ئاسانی نەگەیشتووینەتە ئەم قۆناغە. تەواوی ئەو هۆکارانەمان لابردوون کە زەمینە بۆ 'تیرۆر' خۆش دەکەن. ئەو ئیرادەیەی ئەردۆغان نیشانی داوە و پشتیوانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان پرۆسەکەی گەیاندووەتە ئەم قۆناغە و کردوویەتی بە سیاسەتی دەوڵەت".
ناوبراو هۆشداری دا لەوەی لەوانەیە هێشتا هەوڵی جیدی هەبێت بۆ لەباربردنی پرۆسەکە و دەڵێت: "پێویستە هەموو لایەکمان بە ئەرکی سەرشانی خۆمان هەڵبستین بۆ سەرخستنی پرۆسەکە".
یڵماز تونچ لەبارەی کارەکانی ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمانی تورکیا بۆ ڕەخساندنی زەمینەسازیی یاسایی بۆ چەکدانانی پەکەکە پێک هێندراوە دەڵێت: “لیژنەی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی زۆر گرنگە. دامەزراندنی لیژنەکە و چاودێریکردنی پرۆسەکە لەلایەن نوێنەرانی گەلەوە، بۆچوون و بەشدارییەکانیان، شێوەگرتنی بابەتەکە بەپێی ئەو بۆچوونانە، دەرکردنی بڕیارەکان و هەوڵەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاساکان ئێجگار گرنگن. خوا یار بێت ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی تورکیایەکی ئارام ڕادەستی نەوەکانمان بکەین و بچینە ناو پرۆسەیەکەوە کە تێیدا بەخێرایی قەرەبووی ئەو زیانە ماددی و مەعنەوییانە دەکەینەوە کە 'تیرۆر' پێی گەیاندووین.”