ژمارەیەک لە زیارەتکاران
سبەی
شەوی شەممە لەسەر یەكشەممەی رابردوو، لەسەر رێگای شاری كەربەلا ، سەدان كەس بەهۆی كلۆرەوە تووشی هەناسەتەنگیی بوون، ئەو شوێنەی مەزارەكانی ئیمام حسێن و عەباسی برای و نەوەكانی پێغەمبەری ئیسلامی لێیە و ساڵانە ملیۆنان شیعە لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق سەردانی دەكەن.
وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، 621 حاڵەتی هەناسەتەنگییان بەهۆی دزەكردنی غازی كلۆر لە وێستگەیەكی پاڵاوتنی ئاو تۆماركردووە، كە دەكەوێتە سەر رێگەی هەردوو شاری كەربەلا و نەجەف.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئەو كەسانەی تووشی هەناسەتەنگیی بوون لە زیارەتكارانی چلەی ئیمام حسێنن، بەهۆی دزەكردن غازەوە لە وێستگەیەكی پاڵاوتنی ئاو ئەو رووداوەیان بەسەر هاتووە و زۆرینەیان دوای چارەسەر لە نەخۆشخانە دەركراون.
پێشتر هێزە ئەمنییەكان ئەوەیان ئاشكراكردبوو، رووداوەكە بەهۆی دزەكردنی ماددەی كلۆرەوە بووە لە یەكێك لە فەرمانگەكانی ئاوی ناوچەكە، بە "سنوردار" یش ناویان بردبوو، جەختیشیان كردبۆوە كە "لەوبارەیەوە رێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر".
رووداوەكە شەوی شەممە لەسەر یەكشەممەی رابردوو لە كەربەلا روویداوە، كە مەزاری ئیمام حسێن و عەباسی برای تێدایە، لەگەڵ نەوەكانی محەمەد پێغەمبەری ئیسلام، لەكاتێكدا شارەكە لە پێشوازی ملیۆنان سەردانكەری ناوخۆ و دەرەوەی عێراقە تا رێورەسمەكانی "چلەی ئیمام حسێن" جێبەجێ بكەن.
لەلایەكی دیكەوە، دادگای لێكۆڵینەوەی كەربەلا دەستگیركردنی تۆڕێكی سەر بە "داعش" ی راگەیاند كە ویستویانە سەردانكەرانی چلەی ئیمام حسێن لە شارەكە بكەنە ئامانج.
بەوتەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقیش "بە سەرپەرشتی دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی كەربەلا و لایەنی جێبەجێكاری هەڵۆكانی هەواڵگری پارێزگاكە، توانراوە 23 تۆمەتباری تیرۆریست دەستگیر بكرێن كە دانیشتووی چەند پارێزگایەكی ناوەڕاست و باشوری عێراق بوون و دانیان بە تۆمەتەكانیاندا ناوە".
بەپێی راگەیەندراوی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، "دەستگیركراوان دانیان بەوەداناوە كە ویستوویانە سەردانكەرانی چلەی ئیمام حسێن لە رێگەی كردەوەی تیرۆریستییەوە بە ئامانج بگرن".
وەك ئەنجومەنی باڵای دادوەری باسی كردووە "تیرۆریستان ویستویانە بۆمبی چێنراو لەسەر رێگەی سەردانكەرانی چلەی ئیمام حسێن دابنێن، دواتریش ژەهر بكەنە خواردنی سەردانكەران و پاشانیش چەند شوێنێكی حەوانەوەی سەردانكەران بسوتێنن".