هەناردەی نەوتی هەرێم لە چاوەڕوانی توركیادا؛ وەزارەتی سامانە سروشتیەكان: لەگەڵ عێراق رێككەوتووین

#نەوت#هەرێم#بەغداد
6 ڕۆژ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە: وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەر میكانیزمی  هەناردەكردنەوەی نەوت ڕێككەوتن و كۆنووسی ڕێككەوتنەكەش لەلایەن 23 كەسایەتی شاندی هەردوولا واژۆ كراوە 17 ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون.
Primary Asset

کێڵگەیەکی نەوتی هەرێمی کوردستان

سبەی

وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەر میكانیزمی  هەناردەكردنەوەی نەوت ڕێككەوتوون.دەشڵێت " كوردستان ماوەتەوە حكومەتی فیدراڵ لەگەڵ حكومەتی توركیا  قسە بكات و پرۆسەكە جێبەجێ بكرێت".

وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە: وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەر میكانیزمی  هەناردەكردنەوەی نەوت ڕێككەوتن و كۆنووسی ڕێككەوتنەكەش لەلایەن 23 كەسایەتی شاندی هەردوولا واژۆ كراوە 17 ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون. 

دەشڵێت "كۆبوونەوەكان لە ١٧ مانگی ٧ دەستیانپێكرد و لەم ماوەیە سەردانی تەواوی كێلگەكانی هەرێم كراوە و دوای هەڵسەنگاندنی كێشەكانی هونەری گفتوگویەكی زۆر، لە ١١ی مانگی ٨ رێكەوتن لە سەرمیكانیزمی هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی هەرێم كراوە ".

وەك وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دەڵێت "بە گوێرەی بەرهەمی ڕۆژانەی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت، ئەویش دوای ئەوەی 50 هەزار بەرمیل بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە، بەرهەمەكەی دیكە بۆ هەناردەكردن ڕادەستی  كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت".

"هەروەها بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ماوەتەوە حكومەتی فیدراڵ لەگەڵ حكومەتی توركیا  قسە بكات و پرۆسەكە جێبەجێ بكرێت". وەزارەتی سامانە سروشتیەكان وا دەڵێت.

سۆمۆ: ئامادەكاریی تەواومان كردووە بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان

عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رۆژی هەینی (8ـی ئابی 2025) رایگەیاند: سەرجەم ئامادەكارییەكانیان تەواو كردووە، گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیاكان و كڕیارەكان كردووە، ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، هەركات كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی هەرێم دەستیان بە رادەستكردنی نەوتی بەرهەمهێنراو كرد.

بەرهەمهێنانی نەوت بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت

ئەمڕۆ چوارشەممە (13ـی ئابی 2025) بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی نەوتی شێخان لەسنوری پارێزگای دهۆك دەستیپێكردەوە، بەوەش ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە، لەكاتێكدا هەریەكە لە هەرێم و عێراق و كۆمپانیاكان هێشتا لە كێبڕكێی پچڕینی پشكی زیاتردان لەو بەرهەمە كە بەپێی رێككەوتنی هەرێم و بەغداد دەبێت بەشێكی رادەست بكرێت.

كۆمپانیای گەڵف كیستۆن رایگەیاند، دوای راوێژكردن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەڵسەنگاندنی ئەمنی، كاركردنیان لە كێڵگەی شێخان دەستپێكردووەتەوە، ئەوەش دوای راگرتنی كاركردن لە كێڵگەكە كە رۆژی 16ـی تەمموز دووجار بە درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشیكرایەسەر.

ئەوە سێیەم كێڵگەیە لەماوەی هەفتەیەكدا بەرهەمهێنانی نەوت تێیدا دەستپێبكاتەوە، دوای كێڵگەكانی ئەتروش و سەرسەنگ كە رۆژی 7ـی ئاب كاركردن تێیاندا دەستیپێكردەوە.

ئاسایی بوونەوە دوای هێرشە درۆنییەكان

دەستكردنەوە بە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لەو كێڵگانەی پێشتر بەهۆی هێرشە درۆنییەكان و مەترسی ئەمنییەوە بەرهەمهێنان تێیاندا راگیرابوو، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان، لەكاتێكدا هێشتا هیچ بڕێكی رادەستی بەغداد نەكردووە بەپێی رێككەوتنەكەی ئەمدواییەی نێوانیان.

بەپێی ئامارە نافەرمییەكان، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێستادا گەیشتووەتە نزیكەی 210 هەزار بەرمیل نەوت، كە 50 هەزار بەرمیلی بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی دەبێت و 160 هەزار بەرمیل دەمێنێتەوە، لەو بڕەش نزیكەی 40%ی پشكی كۆمپانیا نەوتییەكانە بەپێی گرێبەستەكانیان لەگەڵ هەرێم و خۆیان سەرپشكن لەوەی چۆن هەناردەی دەكەن.

بە لێدەركردنی پشكی هەرێم و كۆمپانیاكان نزیكەی 96 هەزار بەرمیل نەوت دەمێنێتەوە، كە رادەستی بەغداد بكرێت، لەكاتێكدا بەپێی رێككەوتنی نێوانیان دەبێت رۆژانە 230 هەزار بەرمیل رادەست بكرێت.

وەزیری نەوت: ئەمڕۆ یان سبەینێ نەوتی هەرێم وەردەگرن

حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، كە رۆژی چوارشەممەی رابردوو (6ـی تەمموزی 2025) بەسەردانێك لە كەركوك بوو، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێككەوتوون، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە پەیوەندیدا بوون، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان گەیشتووەتە نزیكەی 130 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.

وتیشی: "رێككەوتووین 80 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیان لێ وەربگرین بۆ هەناردەكردن، 50 هەزار بەرمیلیش بۆ پێداویستیی ناوخۆ و كارپێكردنی پاڵاوگەكانی هەرێم دەمێنێتەوە، ئەمڕۆ یان سبەینێ نەوتەكە رادەست دەكرێت."

وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەكرد؛ بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێككەوتوون، پابەندین بە وەرگرتنی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی كوردستان، لە قۆناغی یەكەمدا رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوتە، بەڵام بەهۆی هێرشی سەر كێڵگە نەوتییەكان، بەرهەمی هەرێم بۆ 130 هەزار بەرمیل دابەزیووە، قۆناغ بە قۆناغ دەیگەیەننە ئاستی پێویست.

رۆژی چوارشەممە 30ـی تەممووز حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدوایین كۆبوونەوەیدا رایگەیاند: ئەو بڕە نەوتەی ئێستا ئامادەیە بۆ هەناردەكردن، رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت بەمەبەستی هەناردەكردنی لە ڕێگای بەندەری جەیهانەوە، لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیرانیش، رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ كراوە و لە بەرامبەردا، دەبێت بەغداد مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بكات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی