رێککەوتن یان کۆنووس؛ "سبەى" زانیارى نوێ لەبارەى رادەستکردنى نەوتى هەرێم بە عێراق بڵاودەکاتەوە

#هەرێمى کوردستان#عێراق#نەوت
9 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 9 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رۆژى 13ى ئاب "رێککەوتنى" لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیاند لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنەوەی نەوت.
  • بەوتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار لەوەزارەتى نەوتى عێراق بۆ "سبەى"، ئەوەى واژۆکراوە کۆنووسى لیژنە تەکنییەکانى هەردوولا بووە و رێککەوتنى کۆتایی نییە.
  • سەرچاوەیەکى ئاگادار لە حکومەتى هەرێم: جێبەجێکردنى کۆنوسەکە وەستاوەتە سەر پەسەندکردنى لەلایەن هەردوو وەزارەتى نەوت و سامانە سروشتییەکانەوە.
Primary Asset

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رۆژى 13ى ئاب رێککەوتنى لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیاند لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنەوەی نەوت

سبەى

هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان بەپێی دانوستانەکانى وەزارەتى نەوتى عێراق و وەزارەتى سامانە سروشتییەکان هێشتا لە چوارچێوەى کۆنووسدا ماوەتەوە و رێککەوتنى کۆتایی لەسەر نەکراوە، ئەوەش بەوتەى دوو سەرچاوەى ئاگادار لە دانوستانەکان.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رۆژى 13ى ئاب "رێککەوتنى" لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیاند لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنەوەی نەوت.

"رێککەوتنەکە" لەلایەن 23 ئەندامى شاندی هەردوولا واژۆ كراوە 17 ئەندامیان شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتی سامانە سروشتییەكان.

دواى تێپەڕبوونى سێ رۆژ تا ئێستا وەزارەتى نەوتى عێراق هیچ راگەیەنراوێکى لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە و هەناردەى نەوتیش دەستیپێنەکردووەتەوە.

بەوتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار لەوەزارەتى نەوتى عێراق بۆ "سبەى"، ئەوەى واژۆکراوە کۆنووسى لیژنە تەکنییەکانى هەردوولا بووە و رێککەوتنى کۆتایی نییە، بەڵام هەنگاوێکە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت.

وتیشى سەربارى ئەوە پێویستە کۆمپانیا نەوتییەکانیش رازى بن، ئەگەرنا هەناردەکردنەوەى نەوت دەستپێناکاتەوە.

هاوکات سەرچاوەیەکى ئاگادار لە حکومەتى هەرێم جەختیکردەوە، ئەو کۆنووسە لەلایەن ئەو لیژنانەوە پەسەندکراون کە بەشێکن لە پڕۆسەکە، بەڵام جێبەجێکردنى وەستاوەتە سەر پەسەندکردنى لەلایەن هەردوو وەزارەتى نەوت و سامانە سروشتییەکانەوە.

تا ئێستا هەرێم و بەغداد وردەکاریی ئەو میکانیزمەیان بڵاونەکردووەتەوە کە لەسەرى کۆکن بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم کە مەرجى بەغدادە بۆ ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.

بەوتەى سەرچاوەی ئاگادارەکەى وەزارەتى نەوتى عێراق، دوو رێگە هەیە بۆ رادەستکردنى نەوت بە کۆمپانیاى سۆمۆ لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە، یەکێکیان ئەوەیە نەوتى هەرێم لە زاخۆ لەلایەن تیمێکى کۆمپانیاى نەوتى باکورەوە وەربگیرێت کە وێستگەى پێوانەکردنى خۆیان هەیە، پاشان لە رێگەى بۆرییەوە رەوانەى کۆکاگانى کۆمپانیاى سۆمۆ دەکرێت لە بەندەرى جەیهان پێش ئەوەى هەناردە بکرێت.

سەرچاوەکە ئاماژەى بەوەشکرد، دواى ئەوەى ئاستى کۆگاکردنى نەوت دەگاتە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت، پاشان لە رێگەى کەشتییەوە هەناردەى بازاڕەکانى جیهان دەکرێت، بەو پێیەى هیچ کەشتییەک کەمتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت هەڵناگرێت.

رێگەى دووەم بەوتەى سەرچاوەکە ئەوەیە، لە رێگەى کەرکوکەوە و بە بۆرى، نەوتەکە لە خورمەڵەوە هەناردە بکرێت و لە دوبز کە وێستگەیەکى وەرگرتنى نەوتى لێیە وەربگیرێت و دەتوانرێت کۆگا بکرێت، یان رەوانەى پاڵاوگەکانى کەرکوک و بێجى بکرێت.

چاوەڕواندەکرێت هەناردەکردنەوەى نەوت بەگوێرەی بەرهەمی ڕۆژانەی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بێت، ئەویش دوای ئەوەی 50 هەزار بەرمیل بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە، بەرهەمەكەی دیكە بۆ هەناردەكردن ڕادەستی  كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت.

بەرهەمهێنانی نەوت بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت

رۆژی چوارشەممە (13ـی ئابی 2025) بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی نەوتی شێخان لەسنوری پارێزگای دهۆك دەستیپێكردەوە، بەوەش ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە، لەكاتێكدا هەریەكە لە هەرێم و عێراق و كۆمپانیاكان هێشتا لە كێبڕكێی پچڕینی پشكی زیاتردان لەو بەرهەمە كە بەپێی رێككەوتنی هەرێم و بەغداد دەبێت بەشێكی رادەست بكرێت.

كۆمپانیای گەڵف كیستۆن رایگەیاند، دوای راوێژكردن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەڵسەنگاندنی ئەمنی، كاركردنیان لە كێڵگەی شێخان دەستپێكردووەتەوە، ئەوەش دوای راگرتنی كاركردن لە كێڵگەكە كە رۆژی 16ـی تەمموز دووجار بە درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشیكرایەسەر.

ئەوە سێیەم كێڵگەیە لەماوەی هەفتەیەكدا بەرهەمهێنانی نەوت تێیدا دەستپێبكاتەوە، دوای كێڵگەكانی ئەتروش و سەرسەنگ كە رۆژی 7ـی ئاب كاركردن تێیاندا دەستیپێكردەوە.

ئاسایی بوونەوە دوای هێرشە درۆنییەكان

دەستكردنەوە بە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لەو كێڵگانەی پێشتر بەهۆی هێرشە درۆنییەكان و مەترسی ئەمنییەوە بەرهەمهێنان تێیاندا راگیرابوو، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان، لەكاتێكدا هێشتا هیچ بڕێكی رادەستی بەغداد نەكردووە بەپێی رێككەوتنەكەی ئەمدواییەی نێوانیان.

بەپێی ئامارە نافەرمییەكان، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێستادا گەیشتووەتە نزیكەی 210 هەزار بەرمیل نەوت، كە 50 هەزار بەرمیلی بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی دەبێت و 160 هەزار بەرمیل دەمێنێتەوە، لەو بڕەش نزیكەی 40%ی پشكی كۆمپانیا نەوتییەكانە بەپێی گرێبەستەكانیان لەگەڵ هەرێم و خۆیان سەرپشكن لەوەی چۆن هەناردەی دەكەن.

بە لێدەركردنی پشكی هەرێم و كۆمپانیاكان نزیكەی 96 هەزار بەرمیل نەوت دەمێنێتەوە، كە رادەستی بەغداد بكرێت، لەكاتێكدا بەپێی رێككەوتنی نێوانیان دەبێت رۆژانە 230 هەزار بەرمیل رادەست بكرێت.

رۆژی چوارشەممە 30ـی تەممووز حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدوایین كۆبوونەوەیدا رایگەیاند: ئەو بڕە نەوتەی ئێستا ئامادەیە بۆ هەناردەكردن، رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت بەمەبەستی هەناردەكردنی لە ڕێگای بەندەری جەیهانەوە، لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیرانیش، رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ كراوە و لە بەرامبەردا، دەبێت بەغداد مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بكات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی