شەڕی مان و نەمان .. گرژییەکانی نێوان سودانی و گروپەکانی لایەنگری ئێران

#سودانی#حەشدی شەعبی#حیزبوڵڵا
2 ڕۆژ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • لەماوەی رابردووا، گرژییەکانی نێوان محەمەد شیاع سودانی و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران زیادیان کردووە
  • شارەزایانی دۆخی عێراق دەڵێن: لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا سودانی و موقتەدا سەدر پێکەوە دەچنە سەنگەرێکەوە بۆ روبەڕوبوونەوە لەگەڵ گروپە دەسەڵاتدارەکانی ئێستای شیعە
  • رەنگە موقتەدا سەدر پاڵپشتی سودانی بکات لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بۆ شەڕی گروپە چەکدارەکان
Primary Asset

سبەی

لەماوەی رابردووا، گرژییەکانی نێوان محەمەد شیاع سودانی و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران زیادیان کردووە، بە تایبەت دوای ئەوە ژمارەیەک لە ئەندامانی حەشدی شەعبی لەلایەن حکومەتەوە دەستگیرکران. شارەزایانی دۆخی عێراقیش دەڵێن: لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا سودانی و موقتەدا سەدر پێکەوە دەچنە سەنگەرێکەوە بۆ روبەڕوبوونەوە لەگەڵ گروپە دەسەڵاتدارەکانی ئێستای شیعە بەمەش سودانی دەتوانێت دەسەڵاتەکەی بۆ خولێکی دیکە بپارێزێت.

تادێت گرژییەکانی نێوان محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لەناو حەشدی شەعبی پەرە دەستێنێت، بەشێکی سەرەکی هۆکاری روودانی گرژییەکان بۆ ئەو گۆڕانکارییانە دەگەڕێتەوە کە دوای رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر و بەتایبەت ئەو گۆڕانکارییانە دێت کە لە دوو ساڵی رابردوو لە ناوچەکە ڕوویداوە.

ئەمەریکا فشار دەکات بۆ ئەوەی کۆتایی بە دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق بهێنێت، پێشئەوەی ئیسرائیل ئەو گرووپانە بکاتە ئەمانج و دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت. بۆ ئەو مەبەستەش فشارەکانی بۆ سەر حکومەتی سودانی زیاتر کردزوە، لەڕێگەی یاساییەوە ئەو گرووپانە هەڵبوەشێنرێنەوە. لەبەرامبەردا ئەو گروپانە بە توندی دژ بەو هەڵوێستەی حکومەتەکەی سودانی وەستاونەتەوە و لەڕێگەی لایەنگرانیانەوە لە پەرلەمانی عێراق یاسای حەشدی شەعبیان پێشکەشکردووە و کار لەسەر پەسەندکردنی دەکەن.

ململانێی حکومەت و گروپە چەکدارەکان

ململانێی حکومەت و ئەو گروپانە تەنها بە ململانێ سیاسییەکان سنووردار نابێت و تائێستا چەندین پێکدادانی سەربازی لە نێوانیان رویداوە لە دوایین گەڕی ئاڵۆزییەکانیشیاندا رۆژی 27ـی تەمموز، سودانی فەرمانی کرد بە  لێکۆڵینەوە لە پێکدادانێکی قورسی نێوان ئەندامانی کەتائیبی حیزبوڵڵا و هێزەکانی پۆلیس لە بەغداد کە بەهۆیەوە دوو کەس کوژران لە نێوانیاندا ئەفسەرێکی پۆلیس و 12 کەسی دیکەش برینداربوون.

بە گوێرەی راگەیندراوی نوسینگەی سودانی لە لێکۆڵینەوە فەرمییەکاندا دەرکەوتووە کە لیواکان بەبێ مۆڵەت جووڵەیان کردووە و دواتر هێزەکانی پۆلیسیان کردووەتە ئامانج کە بەهۆیەوە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو هێزانە کوژراو و برینداربوون.

وەڵامی کەتائیبی حیزبوڵڵا؟

کەتائیبی حیزبوڵڵا بە بەهێزترین گروپی چەکدار دادەنرێت لەناو ‌هێزەکانی حەشدی شەعبیدا، لە وەڵامێکدا بۆ سودانی بە توندی رەتیانکردەوە هیچ رۆڵێکیان لە ململانێیەکەدا هەبووبێت.

کەتائیبی حیزبوڵڵا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویان کردەوە "ئێمە هیچ رۆڵێکمان لەم ململانێیەدا نەبووە، هۆشداریش دەدەین کە ئەم پەرەسەندنە لە بەرژەوەندی دوژمنانی عێراقدایە و لە پلانێکی ترسناکەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئامانجیان دروستکردنی دووبەرەکی لەناو ریزەکانی نیشتمانی و ناچارکردنی دامەزراوە دەوڵەتییەکانە بۆ شەڕکردن لەگەڵ یەکتر".

ئەو گرووپە "هێزە بیانییەکان" و هەڵمەتە میدیاییەکانی "باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتانە"  کە ئاماژەیە بۆ باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد، بە هۆکاری هاندانی پێکدادانەکان وەسف کرد.

کەتائیبی حیزبوڵڵا لە بەرامبەر بڕیارەکانی سودانی رایگەیاند:ە ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکان بەمەبەست بەکارهێنراوە بەمەبەستی بەئامانجگرتنی گروپەکەیان و سەرکردەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی بە شێوەیەک کە تەنها دڵی ئەمەریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی دڵخۆش بکات.

حیزبوڵڵا گرژییەکانی زیاتر کرد؟

پێدەچێت کەتائیبی حیزبوڵڵا هەڵمەتێکیان دژی سودانی دەستپێکردبێت، دوای ئەوەی بێ هیوابوون لە ئازادکردنی چەکدارەکانیان کە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستگیرکراون، راشیانگەیاند: سودانی "بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتووە، بەڵام هەرگیز سەرکردەیەکی سەرکەوتوو نەبووە و نابێت."

داوایان لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی (هاوپەیمانی شیعەی دەسەڵاتدار) کرد کە بەربەستێک لەبەرانبەر سەرۆک وەزیران دروست بکرێت.

ئەمە تاکە خاڵی مشتومڕە؟

ئەو هەواڵانەی باس لە کشانەوەی پلان بۆ داڕێژراوی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکەن، بووەتە خاڵێکی سەرەکی ناکۆکی نێوان میلیشیاکان و سودانی.

ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسێکی باڵای ئەو گروپە لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (بی.بی.سی) هۆشداریدا لەوەی ئەگەر هێزەکانی ئەمەریکا عێراق بەجێنەهێڵن، "کەتائیبی حیزبوڵڵا هەڵوێستێکی دیکەی دەبێت". جەختی لەوەکردەوە کە "دەبێت سودانی پابەندی رێککەوتنەکە  بێت و هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە دەربکات."

لە مانگی ئەیلولی 2024، ئەمەریکا و عێراق رێککەوتن لەسەر کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمەریکا، زۆربەی هێزەکان لە قۆناغی یەکەمدا تا مانگی ئەیلولی 2025 عێراق بەجێبهێڵن. پێشبینی دەکرێت تا ساڵی دواتر ئەو هێزانەی کە ماونەتەوە عێراق بەجێبهێڵن.

سیناریۆی داهاتووی چۆن پێشبینی دەکرێت؟

هەندێک لە شرۆڤەکاران پێشبینیان کردووە کە چەند گروپێک "رەنگە دژی سودانی بڕژێنە سەر شەقامەکان"، هاوشێوەی ئەو کارەی کە لە ساڵی 2022 دژی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق ئەنجامدرا کاتێک هەوڵیدا ئەو گروپانە چەک بکات.

لەو کاتەدا کەتائیبی حیزبوڵڵا هەڕەشەی دەستگیرکردنی کازمی کرد و بزووتنەوەی نوجەباش بە "خائین و هاوکار لەگەڵ دوژمن" وەسفیان کرد، دواجاریش شوێنی نیشتەجێ بوونی کازمیان لە ناوچەی سەوزی بەغداد گەمارۆدا و هەوڵیاندا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی کاتیۆشا تیرۆری بکەن.

ئەندامێکی باڵای هاوپەیمانی "دەوڵەتی یاسا" بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، هۆشداری دەدات لەوەی "دەسەڵاتە بیانییەکان هەوڵدەدەن پاڵ بە حکومەتی عێراقەوە بنێن بۆ روبەڕوبوونەوەی هێزە چەکدارەکان" بەمەبەستی ئەوەی گرژی لەنێوان گروپە شیعەکان هەڵبگیرسێنن و لەو نێوانەشدا ناکۆکی و ململانێیەکی ناوخۆیی دروست بکەن.

جەختیشی کردەوە، ئەگەر ناکۆکی لە نێوان گرووپە شیعەکان دروست بێت، "وڵاتەکە دەچێتە ناو پشێوی و رەنگە حکومەتێکی کاتی پێکبهێنرێت."

لێدوانەکانی ئەو سەرکردەیە ئاماژەیەکی گرنگ و هەڕەشەیەکی روون و ئاشکرایە کە وا پیشان دەدات سەرکردە سیاسی و میلیشیا شیعەکان پێدەچێت سودانی لە پۆستەکە دوور بخەنەوە.

ژمارەیەک لە شارەزایانی سیاسی جەختیان لەوە کردەوە کە مەترسی داڕمان و هەڵوەشاندنەوە لەسەر هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت هەیە لەگەڵ فراوانبوونی دابەشکارییە سیاسییەکان و هاوکات بانگەشەی هەڵبژاردن لە نێوان گروپەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا.

بەشێک لە چاودێران پێیانوایە کە رەنگە پەرەسەندنی گرژییەکان هانی موقتەدا سەدر بدات، کە چەندین جار داوای چەکداماڵینی هەموو گروپە چەکدارەکانی کردووە و بۆ ئەو مەبەستەش پشتگیری لە سودانی بکات لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانیدا.

هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەتوانێت "یارمەتیدانی سودانی بدات بۆ شکستپێهێنانی بلۆکی دەسەڵاتدار و گۆڕینی پێکهاتەی سیاسی پەرلەمانی داهاتوو".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی