لە کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنە پەرلەمانییەکە گوێ لە کەسوکاری گەریلا شەهیدەکان و کوردە تیرۆرکراوەکان و سەربازە کوژراوەکانی تورکیا دەگیرێت

#لیژنە پەرلەمانییەکە#چەکدانانی پەکەکە
2 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • کۆبوونەوەی چوارەم و پێنجەمی لیژنەی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە لە پەرلەمانی تورکیا ئەنجام دەدرێن و لە کۆبوونەوەی چوارەم گوێ لە کەسوکاری سەربازە کوژراوەکانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی پێنجەمیشدا گوێ لە دایکانی ئاشتی و دایکانی شەممە دەگیرێت.
Primary Asset

سبەی

کۆبوونەوەی چوارەم و پێنجەمی لیژنەی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە لە پەرلەمانی تورکیا ئەنجام دەدرێن و لە کۆبوونەوەی چوارەم گوێ لە کەسوکاری سەربازە کوژراوەکانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی پێنجەمیشدا گوێ لە دایکانی ئاشتی و دایکانی شەممە دەگیرێت. 

بڕیارە کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە لە پەرلەمانی تورکیا بە مەبەستی ڕەخساندنی زەمینەسازیی یاسایی بۆ چەکدانانی پەکەکە پێکهێندراوە ڕۆژانی سێشەممە 19ـی ئاب و چوارشەممە 20ـی ئاب بەڕێوە بچن.

ئەو کەس و دامەزراوانەیش دیاری کراون کە لەو دوو کۆبوونەوەیەدا گوێیان لێ دەگیرێت.

لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممە کە چوارم کۆبوونەوەی لیژنەکە دەبێت، گوێ لە ماهینور ئۆزدەمیر گۆکتاش، وەزیری خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و کەسوکاری ئەو سەربازانەی تورکیا دەگیرێت کە لە شەڕی گەریلاکانی پەکەکەدا کوژراون.

لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دواتریشدا کە پێنجەم کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکە دەبێت گوێ لە دایکانی شەممە و دایکانی ئاشتی دەگیرێت. 

دایکانی شەممە لە 27ـی ئایاری 1995ـەوە هەموو ڕۆژانێکی شەممە بە مەبەستی زانینی چارەنوسی کەسوکاریان کە بە دەستگیرکراوی شوێنبزر کراون یان کوژراون، یاخود بوونەتە قوربانی تاوانی بکوژ نادیار لە گۆڕەپانی گاڵاتاسارای لە ناوچەی بەیئۆغڵو لە ئیستانبوڵ کۆدەبنەوە.

ڕێکخراوی دایکانی ئاشتی لە 1999ـەوە دامەزراوە و جەخت لەوە دەکاتەوە پێویستە کێشەکان بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە و دیالۆگ چارەسەر بکرێن، چونکە جەنگ تەنیا دەبێتە هۆی ماڵوێرانی و کەس تیایدا براوە نابێت. بەشی هەرە زۆری ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە ئەو دایکانەن کە گەریلاکانیان شەهید بوون، یاخود بە هۆی کوردبوونیانەوە لەلایەن دەوڵەتەوە شوێنبزرکراون و دواتر کوژراون.

لە کۆبوونەوەی چوارەمی لیژنەکەدا ماهینور ئۆزدەمیر گۆکتاش، وەزیری خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، وتارێک پێشکەش دەکات. پاشان نوێنەرانی هەریەک لە کۆمەڵەی کەمئەندامانی جەنگ، بێوەژن و هەتیوانی 'شەهیدان'ی تورکیا، دەزگای کەمئەندامانی جەنگ و کەسوکاری 'شەهیدان'ی تورکیا، دەزگای پشتیوانیی کەسوکاری 'شەهیدان' و کەمئەندامانی جەنگی تورکیا، و دەزگای کەمئەندامانی ئەرک و کەسوکاری 'شەهیدان'ی هێزەکانی ئاسایش بەشدار دەبن و لە دانیشتنی دووەم کۆبوونەوەکەدا گوێ لە دایکانی دیاربەکر دەگیرێت.

دایکانی دیاربەکر لە 3ـی ئەیلولی 2019ـەوە دەستی کردووە بە گردبوونەوە و ئەو دایکانەن بانگەشەی ئەوە دەکەن هەدەپە منداڵەکانیانی هەڵخەڵەتاندوون و بەهۆیەوە منداڵەکانیان بوونەتە گەریلا و داوا دەکەن خۆیان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بکەنەوە و تائێستا ژمارەیەک لەوان خۆیان ڕادەست کردووەتەوە.

لە دانیشتنی یەکەمی کۆبوونەوەی پێنجەمی لیژنەکەشدا کە ڕۆژی چوارشەممە ئەنجام دەدرێت گوێ لە دایکانی شەممە و دایکانی ئاشتی دەگیرێت.

لە دانیشتنی دووەمی کۆبوونەوەکەیسدا گوێ لە گوێ لە نوێنەرانی دەزگای فریاگوزاریی مرۆیی و ماف و ئازادییەکان (IHH)، کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (IHD)، کۆمەڵەی پشتیوانیکردن لە مافی مرۆڤ و ستەملێکراوان (MAZLUMDER)، و دەزگای تاهیر ئەڵچی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەگیرێت. 

چاوەڕوان دەکرێت لە درێژەی کارەکانی کۆمیسیۆنەکەدا بۆ وەرگرتنی ڕا و بۆچوونیان، گوێ لە چەندین کەس و دامەزراوەی دیکە بگیرێت.

سەرجەم پارتەکان لەسەر گوێگرتن لە کەسوکاری سەربازە کوژراوەکانی تورکیا کۆک بوون

لە سێیەمین کۆبوونەوەی لیژنەکەدا کە ڕۆژی سێشەممە 12ـی ئاب بەڕێوەچوو، بە دیاریکردنی سێ ئەندامی دیکە ئەو بۆشاییە پڕ کرایەوە کە بەهۆی بەشدارینەکردنی ئیی پارتی لە لیژنەکە دروست ببوو.

بەم جۆرەیش هەریەک لە جاهد ئۆزکان پەرلەمانتاری دەنیزلی لە ئاک پارتی، ئوموت ئاکدۆغان پەرلەمانتاری ئەنقەرە لە جەهەپە، و جەلال فرات پەرلەمانتاری ئیستەنبوڵ لە دەم پارتی وەک ئەندامی نوێی لیژنەکە دەستنیشان کران.

کۆبوونەوەی سێیەمی لیژنەکە حەوت کاتژمێری خایاند، ڕا و پێشنیازی ئەندامانی لیژنەکان بە نوێنەرایەتیی پارتەکانیان یان بە شێوەی تاکەکەسی وەرگیرا. ئەو خاڵەی کە هەموو پارتەکان لەسەری کۆک بوون، گوێگرتن بوو لە کەسوکاری ئەو سەربازانەی تورکیا کە لە شەڕی پەکەکەدا کوژراون.

تورکیا بە دەم داواکارییەکەی ئۆجەلانەوە دێت

لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە ڕایگەیاند، ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا زەمینەسازی دەکەن بۆ ڕێکخستنەوەی یاساکان بە جۆرێک بتوانێت لە مافی هیوا سوودمەند بێت و بە مەرج ئازاد بکرێت.

ئۆجەلانیش لە 27ـی شوباتی 2025 بە دەم داواکارییەکەی باخچەلییەوە هات، داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و کۆنگرە ببەستێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ڕەخساندنی زەمینەسازیی یاسایی و سیاسی بۆ ئەمە لەلایەن تورکیاوە بە پێویست زانی.

12ـی ئایار پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا و وەک بە دەمەوەهاتن بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان بڕیاری دا کۆتایی بە خەباتی چەکداریی بهێنێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. 

لە بەرامبەر ئەمەدا دەولەت باخچەلی 18ـی ئایار حەوت پێشنیازی خستە ڕوو بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بە مەبەستی هەموارکردنەوەی یاساکان و ڕەخساندنی زەمینەسازی یاسایی بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمان کە نوێنەری سەرجەم 12 پارتە سیاسییەکەی پەرلەمان تیایدا بەشدار بن و سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی لیژنەکە بکات.

لای خۆیشیەوە دەم پارتی پشتیوانی خۆی بۆ داواکارییەکەی باخچەلی ڕاگەیاند.

دوای ئەوەی 11ـی تەمووزی 2025 یەکەم گرووپی گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان دانا و دواتر چەکەکانیان سووتاند، ڕۆژێک دواتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا ڕایگەیاند: وەک هەنگاوی یەکەم بۆ ئەم پرۆسەیە لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا پێک دەهێندرێت و وتی: "وەک هاوپەیمانیی جومهور (ئاک پارتی و مەهەپە) لەگەڵ دەم پارتی ئەم پرۆسەیە بەرەوپێش دەبەن".

ئەمەش لە کاتێکدا بوو ڕۆژێک پێشتر نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی کارەکان بۆ پێکهێنانی لیژنەکە لە پەرلەمان و بەمزووانە لیژنەکە پێک دەهێندرێت. 

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەڵبستن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، کە هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە.

میدیاکانی نزیک لە دەسەڵات ئاماژە بەوە دەدەن لەگەڵ چەکدانانی تەواوەتی پەکەکە، پەرلەمان دەست دەکات بە هەموارکردنەوەی ژمارەیەک لە یاساکان و لەگەڵ هەر هەنگاوێکی ئەرێنی پەکەکەیشدا، تورکیا لە ڕووی سیاسی و یاسایییەوە هەنگاوی دیکە دەنێت بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.

لیژنە پەرلەمانییەکە

25ـی تەمموزی 2025 نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی پارتە سیاسییەکانی تورکیای کرد ئاماژەی بەوە دا لیژنە پەرلەمانییەکە لە 51 ئەندام پێک دێت.

بەپێی ڕێژەی کورسییەکانیش بڕیار درا 21 ئەندام بۆ ئاک پارتی، 10 ئەندام بۆ جەهەپە، 4 ئەندام بۆ دەم پارتی، 3 ئەندام بۆ مەهەپە، 3 ئەندام بۆ ئیی پارتی، 3 ئەندامیش بۆ فراکسیۆنی پارتی یەنی یۆڵ دەستنیشان بکرێت. 

بە هۆی ئەوەی ئیی پارتی کە پارتێکی نەتەوەیی دژە کوردە و لە مەهەپە جیا بووەتەوە ئامادە نەبوو بەشداری لە لیژنەکەدا بکات، بە پێشنیازی دەم پارتی سێ کورسییەکەی ئیی پارتی بە سەر ئاک پارتی، جەهەپە و دەم پارتیدا دابەش کران و کورسییەکانی ئەوان گۆڕانکارییان بەسەردا هات بۆ هەر یەکێکیان ئەندامێک زیادی کرد.

6 ئەندامەکەی دیکەیش بۆ ژمارەیەک لەو پارتانە دەستنیشان کران کە بە هۆی ئەوەی ژمارەی کورسییەکانیان نەگەیشتووەتە 20 نەیانتوانیووە فراکسیۆن پێکبهێنن و ئەوانیش بەم جۆرەن:

 1ئەندام بۆ هودا پار، 1ئەندام بۆ سەرلەنوێ ڕەفاه، 1ئەندام بۆ پارتی کرێکارانی تورکیا، 1ئەندام بۆ پارتی ڕەنج، 1ئەندام بۆ پارتی چەپی دیموکرات و 1 ئەندامی دیکەیش بۆ پارتی دیموکرات تەرخان کراوە.

یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەکە لە 5ـی ئاب ئەنجام درا و هەشت کاتژمێری خایاند.

هەرچەند ڕاجیایی زۆر هەبوو لەسەر ئەوەی لیژنەکە چ ناوێکی لێ بندرێت، بەڵام لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا ناوی لێبندرێت "لیژنەی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی