زەهایمەر لە رێگایە؛ توێژینەوەیەک کاریگەری ماددە کیمیاییەکان لەسەر چالاکیی جینەکان ئاشکرادەکات

#ماددەی کیمیایی#زەهایمەر
4 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • ئەم توێژینەوەیە یەکەم توێژینەوەیە لە جۆری خۆیدا، کە لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی مادە کیمیاییەکان لەسەر چالاکیی جینەکان دەکات، بە تاقیکردنەوەی خوێنی نزیکەی 300 ئاگرکوژێنەوە، لە سەرانسەری جیهان کە بەرکەوتەی ئەم ماددانە بوون.
Primary Asset

سبەی

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە، بەرکەوتنی بەردەوام بە هەندێک لەو جۆرە مادە کیمیاییەکانەی کە بە (PFA) ناسراون، چالاکیی جینەکان لە مرۆڤدا دەگۆڕێت و دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەی تەندروستی، وەک شێرپەنجە و تێکچوونی دەمار و نەخۆشییەکانی بەرگریی خۆکار.

ئەم توێژینەوەیە یەکەم توێژینەوەیە لە جۆری خۆیدا، کە لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی مادە کیمیاییەکان لەسەر چالاکیی جینەکان دەکات، بە تاقیکردنەوەی خوێنی نزیکەی 300 ئاگرکوژێنەوە، لە سەرانسەری جیهان کە بەرکەوتەی ئەم ماددانە بوون.

ئەنجامەکان دەریانخستووە کە بەرکەوتنی بەردەوام بەم پێکهاتانە پەیوەندی بە شێرپەنجەی خوێن، میزڵدان، جگەر، غودەی دەرەقی، مەمک، کەموکوڕی لەدایک بوون، کەمبوونەوەی بەرگری لەش، بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵ، نەخۆشی گورچیلە هەیە، هەروەها دەتوانێت ببێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی زەهایمەر، ئەمە جگە لە نەخۆشیەکانی تر کە تا ئێستا دەستنیشان نەکراون.

ئەم ماددانە چین؟

PFA پێی دەوترێت "بۆ هەمیشە کیمیایی" چونکە بە ئاسانی لە ژینگەدا شینابنەوە، ئەو مادانە لە نزیکەی 15 هەزار پێکهاتە پێکدێن، کە زۆرجار لە دروستکردنی بەرهەمی بەرگریی ئاو، پەڵە و چەوریدا بەکاردەهێنرێن، هەروەها لە ئامێرەکانی ناوماڵ و ئاگرکوژێنەوەکان و بەرهەمە پاککەرەوەکان دەبینرێن. 

سوودەکانی توێژینەوەکە

مێلیسا فورلۆنگ، توێژەر لە کۆلێژی تەندروستی گشتی زانکۆی ئەریزۆنا و نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە دەڵێت، "ئەنجامەکان تێڕوانینێکمان پێدەبەخشن کە کام جین و PFA ڕەنگە زیانبەخش بن".

فورلۆنگ دەڵێت، سەری سوڕماوە لە ژمارەی جینەکان و ڕێڕەوی بایۆلۆژی کە کاریگەری PFAیان لەسەرە، ڕوونیشیکردەوە، یەکێک لەو پێکهاتانە بەشداربووە لە گۆڕینی چالاکی جینی miR-128-1-5p، کە پەیوەندی بە گەشەکردنی شێرپەنجەوە هەیە لە مرۆڤدا.

بەڵام ئاماژەی بەوەشکردووە، کاریگەری ئەم پێکهاتانە لە نێوان جینەکاندا جیاوازە و هەندێکیان بە هیچ شێوەیەک کاریگەرییان لەسەر نەبووە.

فورلۆنگ ڕوونیکردەوە، تا ئێستا نازانرێت لە چ قۆناغێکی بایۆلۆژیدا نەخۆشییەکە دەست بە گەشەکردن دەکات، بەڵام وێنە گشتییەکە ڕەنگە یارمەتی پزیشکان بدات بۆ دەستنیشانکردنی چارەسەرە ئەگەرییەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیاکانی دەرمان هەوڵدەدەن دەرمانێک پەرەپێبدەن کە بتوانێت چالاکیی جینەکان دەستکاری بکات، بۆ ڕێگری کردن لە گەشەکردنی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە PFA (هەمیشە کیمیایی).

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی