سەرچاوەیەکی ئاو لە عێراق
سبەی
کۆی گشتی یەدەگی ئاوی عێراق تەنها 8%ە، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانیش دەڵێت رووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە بونەتەوە و کاری لەپێشینەی ئەمساڵیان تەنها دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە.
پێش دەستپێکردنی وەرزی بارانبارین بە چەند مانگێک، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان ئاشکرایکرد، کۆی یەدەگی ئاوی عێراق لە ئێستادا تەنها لە 8% ە.
تەها مەحاوی، بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەکانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبێتەوە لە دابینکردن و دەستەبەرکردنی ئاودا، چونکە وڵاتێکە ئاوەکەی تێدەڕژێت، نەک سەرچاوەی ئاوەکە بێت، واتە عێراق پشت بە بەردانەوەی ئاو لە وڵاتانی دراوسێیەوە دەبەستێت.
وتیشی "کاری لەپیشینەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو لە ئەمساڵدا، دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە، یان ئاوی ماڵان، بەڵام بڕێکی کەمی دەدرێت بە پرۆژەکانی ئاودێری و کشتوکاڵ کردن، بەدیاریکراوی باخەکانی میوە".
تەها مەحاوی وتویەتی، وەزارەتەکە لە چوارچێوەی هەر پارێزگایەکدا کاری کردووە بۆ نەهێشتنی سەرپێچی و ڕێکخستنی دابەشکردنی ئاو، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە ڕێگەی ڕووبار و کەناڵەکانەوە، هەروەها دابینکردنی ئاو بەپێی سیستەمێک بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەری لەنێوان جووتیاراندا.
بەڕێوەبەرەکەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند “هیوادارە تورکیا ڕێژەی ئاوی زیاد بکات بۆ بەرزکردنەوەی یەدەگەکانی ئاو”.
" ئەو ئاڵنگاریانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوە، دابەشبوون بەسەر دوو ئاستەنگدا، ناوخۆیی و دەرەکی، لەناوخۆدا وەزارەت و حکومەت بەرپرسیارن لە دابینکردنی ئاوی ماڵان و ئاوی کشتوکاڵکردن، دەرەکییەکان، کە تایبەتن بە دانوستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، یاخود ئەو وڵاتانەی سەرچاوەی رووبارەکانن، کە ئەمەش ئەرکی نووسینگەی سەرۆکوەزیران و وەزارەتی دەرەوەیە بۆ دەستەبەرکردنی پشکی ئاوی عێراق". تەها مەحاوی، بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەکانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق وا دەڵێت.