تۆماری دەنگیی بەرپرسێكی هەواڵگری ئیسرائیل بڵاودەبێتەوە؛ كوشتنی یەك ئیسرائیلی یەكسانە بە كوشتنی 50 فەڵەستینی

#ئیسرائیل#حەماس#غەززە#ئاهارۆن حەلیڤا
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
جێگر تەیب
پوختە :
  • بەرپرسێكی پێشووی باڵای هەواڵگری سەربازی حكومەتی ئیسرائیل، تۆمارێكی دەنگیی بڵاوبۆتەوە و باس لە رووداوەكانی 7ـی ئۆكتۆبەر دەكات، دەڵێت: " لە بەرامبەر كوشتنی یەك ئیسرائیلی لە 7ـی ئۆکتۆبەر، دەبێت 50 فەڵەستینی بكوژرێن".
Primary Asset

ئاهارۆن حەلیڤا، بەرپرسی پێشووی هەواڵگریی ئیسرائیل

سبەی

بەرپرسێكی پێشووی باڵای هەواڵگری سەربازی حكومەتی ئیسرائیل، تۆمارێكی دەنگیی بڵاوبۆتەوە و باس لە رووداوەكانی 7ـی ئۆكتۆبەر دەكات، دەڵێت: " لە بەرامبەر كوشتنی یەك ئیسرائیلی لە 7ـی ئۆکتۆبەر، دەبێت 50 فەڵەستینی بكوژرێن".

بەپێی تۆمارێكی دەنگی كە لە كەناڵی 12ـی ئیسرائیل بڵاوكراوەتەوە، ئاهارۆن حەلیڤا، بەرپرسی پێشووی هەواڵگریی ئیسرائیل دەڵێت: "بۆ مردنی هەر ئیسرائیلییەك بەهۆی حەوتی ئۆكتۆبەرەوە، دەبێت 50 فەڵەستینی بكوژرێن، گرنگ نییە ئەگەر منداڵیش بن،" هەروەها دەشڵێت: "كوشتنی فەڵەستینیەكان بۆ تۆڵە كردنەوە نییە، بەڵكو گەیاندنی پەیامێكە بۆ نەوەكانی داهاتوو".

سەبارەت بە كوشتنی زیاتر لە 50 هەزار فەڵەستینی، بەرپرسە سەربازییەكەی ئیسرائیل دەڵێت  "ئەو راستییەی تا ئێستا 50 هەزار كەس لە غەززە كوژراون زۆر گرنگە و پێویستە بۆ نەوەكانی داهاتوو،" حەلیڤا دەشڵێت "لە ئێستا و داهاتووشدا، ئەوان پێویستیان بە نەقبەیەكە بۆ ئەوەی باجی ئەوە بدەن كردوویانە."

 نەقبە لە 1948 روویدا، نزیكەی 700 هەزار فەڵەستینی لە ماڵەكانیان دەركران، نەقبە بە مانای كارەسات دێت.

كەناڵی 12 ئاشكرای نەكردووە بەرواری تۆمارە دەنگییەكە بۆ كەی دەگەڕێتەوە، بەڵام كۆن نییە و پێشنینی دەكرێت لە چەند مانگی رابردوودا تۆماركرابێت.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، ئاماری كوشتنی فەڵەستینییەكان لە ئازاری ئەمساڵ 50 هەزار كەسی تێپەڕاندووە و ئێستاش بۆ زیاتر لە 60 هەزار كوژراو بەرزبۆتەوە، جگە لە دەیان هەزار بریندار و ئاوارەبوونی نزیكەی دوو ملیۆن فەڵەستینی لە غەززە.

ئاهارۆن حەلیڤا ئەو بەرپرسەی تۆمارە دەنگییەكەی بڵاوبۆتەوە، پێشتر بەرپرسی هەواڵگریی سەربازی بووە، بەڵام لە نیسانی 2024، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستەكەی راگەیاند، لەو كاتەوە بووەتە رەخنەگرێكی بەردەوامی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و وەزیرە راستڕەوەكانی حكومەتەكەی.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی