باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد
سبەی
باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق، گۆڕانكاری لە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش راگەیاند، دەشڵێت ئەركە سەربازیەكەی بۆ هاوبەشی ئەمنیی دوو قۆڵی لەنێوان ئەمەریكا و عێراق دەگۆرێت.
بەپێی راگەیەندراوی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق، لەمەودوا ئەركی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق دەگۆرێت بۆ ئەركێكی هاوبەشی ئەمنیی دوو قۆڵی لەنێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و عێراق.
باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق (بەغداد) باس لەوەشدەكات "ئەو گۆڕانكارییە بە مانای كۆتایی كاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نایەت، بەڵكو بەردەوام دەبێت لە هەوڵە مەدەنیەكانی لەسەر ئاستی جیهان، لەوانەش پشتیوانی سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".
"كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كۆتایی كارەكانی نییە لە شكستپێهێنانی داعش، بەڵكو بەشێكە لە قۆناغێكی نوێ بۆ هاریكاری ئەمنیی دوو قۆڵی".
كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و كۆتایی هاتنی رۆڵە سەربازییەكەی، لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی واشنتن و بەغدادە بۆ كۆتایی هێنان بە رۆڵی سەربازیی ئەو هاوپەیمانییە و گۆڕینی بۆ رۆڵی راوێژكاری سەربازیی، وەك ئامادەكاری بۆ كشانەوەی تەواوەتی.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش نزیكەی 80 دەوڵەت ئەندامن تێیدا، لە ساڵی 2014 بۆ شەڕی دژ بە داعش دامەزرا، دوای ئەوەی ئەو رێكخراوە توانی بەشێكی زۆری خاكی عێراق و سوریا داگیر بكات.
راوێژكارێكی سودانی: حكومەت پابەندە بە رێككەوتنی كۆتایی هێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی
حسێن عەلاوی، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی رایگەیاندووە: حكومەت پابەندە بە رێككەوتنی كۆتاییهاتنی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و گۆڕینی پەیوەندی ئاسایشی لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی بۆ پەیوەندی بەرگری سەقامگیر و هاوبەش، لەژێر رۆشنایی پەیوەندییە سیاسی، ئابوری و رۆشنبیرییەكان.
جەختی كردەوە، رێككەوتنی نێوان عێراق و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەنگاوی باشی ناوە بەرەو پێشەوە و لەسەر راستەڕێی جێبەجێكردنە.
كشانەوەكە بە دوو قۆناغ دەبێت
بەوتەی حسێن عەلاوی، بەپێی رێككەوتنەكە دوا وادە بۆ كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دانراوە لە ساڵانی 2025 و 2026، لە مانگی ئەیلولی 2025 ئەركی نێردەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بارەگای سەرەكییان لە بەغدادی پایتەخت و بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە ئەنبار كۆتایی دێت. قۆناغی دواتر هەماهەنگی ئاسایشییە لە روی راوێژ و بونیاتنانی توانای هێزە چەكدارەكانی عێراق، ئەوەش دیدی حكومەتە كە پەیوەندییەكی بەرفراوانی هەبێت لەگەڵ ئەو وڵاتانە لە سەرجەم بوارەكاندا.
راوێژكارەكەی سەرۆك وەزیران رایگەیاند: قۆناغی دووەمی پرۆسەی كشانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و تەواوبوونی ئەركەكەیان بە یەكجاری دەكەوێت مانگی ئەیلولی 2026. ئەوەش لە چوارچێوەی رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان ئەمەریكا و عێراق.
لیژنەی بەرگری: كشانەوەی هاوپەیمانان بۆشایی دروست ناكات
یاسر وەتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە مانگی داهاتوو بەپێی رێككەوتنی نێوان بەغداد و واشنتنە و كاریگەریی لەسەر ئاسایشی ناوخۆی وڵات نابێت و بۆشایی درووست ناكات. هێزە چەكدارەكانی عێراق ئەزموون و شارەزایی و توانایەكی باشیان هەیە بۆ پاراستنی سەقامگیری و روبەڕوبونەوەی هەر مەترسییەكی تیرۆریستی.
ئاماژەی بەوەشكردووە؛ هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تا قۆناغێكی دیاریكراو پێویست بوو، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و هەواڵگری توانای خۆیان سەلماندووە بۆ گرتنەئەستۆی دۆسیەی ئاسایش بە توانایەكی بەرزەوە.
كشانەوەیان لێكەوتەی خراپی دەبێت
لەبەرامبەردا، سەیف رەعد شارەزای بواری ئاسایش و ستراتیژی پێیوایە، كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق لێكەوتەی ئاسایشی و رەنگە كارەستباری لێبكەوێتەوە.
بەپێویستی دەزانێت كە ب ەووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ كشانەوەی هاوپەیمانان و تەوابوونی ئەركەكانیان بكرێت لەم كاتەدا، رەنگە بۆشایی ئاسایشی درووست بكات و پاشماوەی گروپە تیرۆریستیەكان خۆیان رێكبخەنەوە و هەڕەشە لەسەر سەقامگیریی درووست بكەن.
هەرچەندە هێزەكانی عێراق پێشكەوتنی باشیان بەخۆیانەوە بینیووە، بەڵام هێشتا پێویستیان بە پاڵپشتی هەواڵگریی و تەكنیكی هەیە كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆی دابینكردبوون، بەتایبەت لە رووی چاودێری ئاسمانی و تەكنەلۆژیای سەربازی پێشكەوتووەوە. ئەوەش بەوتەی سەیف رەعد.
ئەو چاودێرە پێیوایە، كشانەوەی ئەمەریكا تەنها لە رووی سەربازییەوە كاریگەریی نییە، رەنگە لێكەوتەی سیاسی و ئاسایشی مەترسیداری لێبكەوێتەوە، بەتایبەتی لەم دۆخەی ئێستای ناوچەكەدا. ئەگەر جێگرەوەی بەپەلە و كارا دابین نەكرابێت پێش كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەگەری زۆرە كارەساتی گەورەی لێبكەوێتەوە.
لە بەغدادەوە بۆ هەولێر؛ ئەمەریكا كشانەوەی هێزەكانی لە عێراق پێشدەخات
رۆژی یەكشەممە (17ـی ئابی 2025) سەرچاوەیەك لە حكومەتی عێراق بە كەناڵی جەزیرەی راگەیاند، هێزەكانی ئەمەریكا لە مانگی ئەیلوولەوە لە سێ بنكەی سەرەكی فڕۆكەخانەی بەغداد، فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەكان و بنكەی عەین ئەسەد دەكشێنەوە بە ئاڕاستەی هەولێر.
هاوكات بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەستیان بە جوڵاندنی هێز و كەرەستە سەربازییەكانیان كردووە، ئەوەش وەك وەڵامدانەوەك بۆ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكا پشتراستی كردووەتەوە، هێزەكان و كەرەستە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە بنكەی عەین ئەسەد لە عێراق جێگایان گۆڕدراوە، كەرەستەكان سیستمی هەستیاری وەك رادار لە خۆدەگرێت.
خشتەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق
رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە راپۆرتێكدا لە زاری چەندین سەرچاوەی ئاگاداری سیاسی و سەربازییەوە ئاشكرای دەكات، لەماوەی رابردوودا راوێژكارێكی باڵای حكومەتی عێراق سەردانی واشنتنی كردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكی كۆبووەتەوە، ئەوانیش ئاگاداریان كردووەتەوە پێشبینی دەكەن مانگی داهاتوو بەشێك لە هێزەكانیان لە بنكەی عەین ئەسەد بكشێننەوە.
ئەوە لە كاتێكدایە كە بڕیاری كشانەوەی بەشێك لە هێزەكانی ئەمەریكا لە مانگی داهاتوو بەپێچەوانەی ئەو خشتەیە دێت پێشتر هەردوو لایەن لەسەری رێككەوتنیان كردبووە، بەپێی رێككەوتنەكە بڕیار بوو دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت، بەشێك لە شارەزایانی سەربازی و سیاسیش دەڵێن ئەو هەنگاوەی ئەمەریكا پێشبینی نەكراو بووە.
بە گوێرەی سەرچاوەكەی عەربی جەدید بەرپرسانی ئەمەریكی بە راوێژكارەكانی سودانیان راگەیاندووە كە حكومەتی عێراق نەیتوانیوە بەڵێنەكانی خۆی سەبارەت بە چەكداماڵینی گروپەكانی ناو حەشدی شەعبی جێبەجێ بكات و رێگریی لە بەهێزبوونیان بكات، ئەمە جگە لەوەی حكومەتەكەی سودانی نەیتوانیوە وڵاتەكە لە پشتبەستن بە غازی ئێران رزگار بكات، رێگری بكات لە ئەو هێرشە مووشەكییەكان بكات لەلایەن میلیشیاكانەوە، هەروەها نەیتوانیوە رێگریی لە هێرشە مووشەكییەكان بۆ سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و دیاریكردنی چارەنوسی هاوڵاتییەكی رفێنراوی روسی- ئیسرائیلی ئاشكرا بكات.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشكردووە "بەرپرسانی ئەمەریكی دەسەڵاتدارانی عێراقیان ئاگاداركردووەتەوە، دەبێت سەرۆك وەزیران پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمان بكشێنێتەوە".
هەر لەوبارەیەوە رۆژنامەكە ئاشكرای دەكات، راوێژكارەكە بەرپرسانی ئەمەریكای ئاگادار كردووەتەوە كشانەوەی پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی قورس دەبێت، چونكە پێشتر پڕۆژە یاساكە دووجار خوێندنەوەی بۆ كراوە و ئێستا ناتوانرێت بكشێنرێتەوە.