شوتی
سبەی
تا ئێستا بیرت لەوە کردۆتەوە کە بۆچی لە هاویندا ئارەزووی خواردنت کەم دەبێتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی لەبری ژەمە قورسەکان، شلەمەنییەکان یان خواردنی سوک بخۆیت؟
لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، خوی خواردنمان دەگۆڕێت، ئێمە خواردنی ژەمە قورسەکانمان کەم دەکەینەوە و بە ژەمە سوکەکانی، زەڵاتە، ماست، شەربەت و میوە دەیگۆڕین، بەڵام بۆچی؟
لە هاویندا چی ڕوودەدات؟
کاتێک پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە، جەستە پێداویستییە خۆراکییەکانی خۆی لەگەڵ بارودۆخی ژینگەدا دەگونجێنێت، مانەوە لە فێنکی و شێداربوونەوە لە پێشینەی کارەکانیدایە لەبری خواردنی کالۆری بەرز.
لەم ماوەیەدا جەستە زنجیرەیەک گوڕانکاری بەسەردا دێت، هەوڵدەدات هاوسەنگی لە نێوان بەرهەمهێنانی گەرمی و لەدەستدانی گەرمیدا بپارێزێت ( ڕێکخستنی پێویستی وزە لەسەر بنەمای پلەی گەرمی دەوروبەر).
بە پێچەوانەی وەرزی زستانەوە، لە هاویندا جەستە پێویستی بە وزەی کەمتر هەیە بۆ ڕێکخستنی پلەی گەرمی لەش، بەمەش خواستی کالۆری کەم دەبێتەوە و بە شێوەیەکی سروشتی برسێتی کەم دەبێتەوە.
جگە لەوەش گەرما دەبێتە هۆی فراوانبوونی خوێنبەرەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی هەستکردن بە ماندوێتی یان قورسایی، هەروەها بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی دەبێتە هۆی زیادبوونی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ، کە شێوازی برسێتی دەگۆڕێت و وا دەکات جەستە سەرنجی لەسەر ئاودان بێت نەک هەرسکردن.
ئەم وەڵامە فیسیۆلۆژییە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی ئێمە کەمتر ئارەزووی ژەمە قورستر و دەوڵەمەندەکان بە چەوری و پڕۆتین دەکەین لە مانگە گەرمەکاندا، چونکە ژەمە قورسەکان، پلەی گەرمی جەستە بەرزدەکەنەوە.
ڕۆڵی تیشکی خۆر لە ڕێکخستنی ئارەزووی خواردن
جگە لەوەش زیادبوونی کاتژمێرەکانی تیشکی خۆر لە وەرزی هاویندا، دەبێتە هۆی گۆڕانکاری بەرچاو لە هۆرمۆنەکاندا کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئارەزووی خواردن و کێشمان هەیە.
تیشکی خۆر دەتوانێت دەستکاری سووتانی کالۆری بکات، بە ڕێکخستنی گواستەرە دەمارییەکانی وەک سیرۆتۆنین و میلاتۆنین، سیرۆتۆنین کە بە "هۆرمۆنی دڵخۆشکەر" ناسراوە، بە شێوەیەکی سروشتی لە وەرزی هاویندا زیاد دەکات، کە کاریگەری لەسەر باشترکردنی باری دەروونی دروستدەکات و هەروەها وەک سەرکوتکەرێکی سروشتی ئارەزووی خواردن کاردەکات.
ئەم زیادبوونەی تیشکی خۆر ئارەزووی زیادەڕۆییکردنمان لە خواردن کەمدەکاتەوە، ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی لەم وەرزەدا خواردنی سووک و تازەمان پێ باشترە.
هەروەها تیشکی ڕۆژ کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی میلاتۆنین هەیە، کە هۆرمۆنێکە یارمەتی کاتژمێرە بایلۆجییەکانمان دەدات، لە ڕێکخستنی شێوازی ژیانی ڕۆژانەمان، بۆ ئەوەی لەگەڵ وەرزی هاویندا بگونجێت.
خۆگونجاندن لەگەڵ خۆراکدا: ئاو لە پلەی یەکدایە
لە هاویندا ئێمە ئەو خۆراکانەمان پێ باشترە کە یارمەتی ئاودان دەدەن و ڕێکخستنی پلەی گەرمی جەستە ئاسان دەکات، جەستە کەمتر پێویستی بە خۆراکی ڕەق و شلەی زیاترە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن بۆ خواردنە قورسەکان و زیادبوونی مەیلی خواردنی دەوڵەمەند بە ئاو.
بۆیە خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە ئاو لە هاویندا، نەک تەنها پێداویستییە فیسیۆلۆژییە وەرزییەکان دابین دەکات، بەڵکو هەرسکردن ئاسان دەکات و هاوسەنگی گشتی جەستە بەرەوپێش دەبات.