سبەی
لە کاتێکدا بەشێک لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە رۆڵ لەنێوان گەورە بەرپرسانی تورکیا دابەش کراوە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە، بەڵام ژمارەیەک چاودێری سیاسیی دیکە پێیانوایە هاکان فیدان بە دژایەتیکردنی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو ڕۆڵە خراپەی دەیگێڕێت بۆ ڕێگەگرتن لە گەیشتنە ڕێککەوتنی حکومەتی سوریا و ئیدارەی خۆسەری، سڵ لەوە ناکاتەوە پرۆسەی چارەسەری کە هەنگاوی زۆر باشی بڕیووە لەبار بچێت کە دەوترێت ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی هەواڵگریی تورکیا سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکات.
ڕوشەن چاکر، ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری تورک، لە شیکارییەکیدا تیشک دەخاتە سەر ئەو هۆکارانەی وایان کردووە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەم دواییانەدا لەلایەن دوو بەرەی جیاوازەوە بکرێتە ئامانجی ڕەخنە: یەکەمیان بزووتنەوەی کوردی و دووەمیشیان پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یە. بە بڕوای چاکر، سیاسەتی توندی فیدان بەرامبەر کورد لە سوریا و هەروەها دەرکەوتنی وەک یەکێک لە ڕکابەرە سەرەکییەکانی پۆستی داهاتووی سەرکۆمار لە دوای ئەردۆغان، هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕەخنانەن.
بەپێی شیکارییەکەی چاکر، هاکان فیدان سەرەڕای بەردەوامیی پرۆسەی چارەسەری، بەردەوام زۆر توند دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەدوێت و هەڕەشەیان لێ دەکات. چاکر دەڵێت: "فیدان لە هەموو بۆنەیەکدا لایەنگریی دیمەشق و بەڕێوەبەرایەتیی دەستەی تەحریری شام دەکات و دەڵێت کوردەکان لە سوریا پێداگری دەکەن و نایەنە ژێرباری ڕێککەوتن." ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم پەیامانە هەندێک جار بە ئاماژە و هەندێک جاریش بە ئاشکرا دەگوترێن.
بۆ نموونە، کاتێک لە سوەیدا کێشە لە نێوان درووزەکان و حکومەتی دیمەشقدا سەری هەڵدا، فیدان هۆشداری دایە گرووپەکانی دیکە کە ئەم دەرفەتە نەقۆزنەوە و ڕایگەیاند کە هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی بۆ سەر تورکیا هەژمار دەکرێت. چاکر دەڵێت: "ئەو کاتەش بێگومان ئامانجەکەی کوردەکان بوون."
هەروەها، چاکر پێی وایە دواخستنی ئەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیار بوو لە پاریس ئەنجام بدرێت و دواتریش حکومەتی دیمەشق ڕایگەیاند بەشداری تیادا ناکات، کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئەنقەرە و خودی هاکان فیدانی لەسەر بووە. ئەمەش وای کردووە کە لە ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە دەم پارتی و بزووتنەوەی کوردیدا، فیدان وەک کەسێک وێنا بکرێت کە کێشە دروست دەکات و هەڕەشە لە پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا دەکات.
بنەمای پرۆسەی چارەسەری، دۆخی سووریایە
ڕوشەن چاکر ئەو بۆچوونە ڕەت دەکاتەوە کە دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەری تەنها پەیوەندیی بە سیاسەتی ناوخۆی تورکیاوە هەبێت و پێی وایە هۆکاری سەرەکیی دەستپێکردنی پرۆسەکە خودی سوریایە. ئەو دەڵێت: "من پێم وایە ئەم پرسە پەیوەندیی سەرەکیی بە تێکچوونی هاوسەنگییەکانی ناوچەکەوە هەیە لە دوای هێرشەکانی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023."
بە وتەی چاکر، گەورەترین نیگەرانیی ئەنقەرە ئەوە بوو کە کوردەکان لە سوریا لەگەڵ ئیسرائیل هاوپەیمانی بکەن و لە چوارچێوەی داڕشتنەوەی نوێی ناوچەکەدا، شانبەشانی ئیسرائیل جێ بگرن. لێرەدایە کە وەک چاکر دەڵێت: "عەبدوڵڵا ئۆجەلان هاتە ناو بابەتەکەوە بۆ ئەوەی هەم کێشەی ناوخۆی تورکیا و هەمیش کێشەی سوریا بە شێوەیەک چارەسەر بکات کە ئەنقەرە پێی ڕازی بێت."
چاکر ئاشکرای دەکات کە لە سەرەتای مانگی ئاداردا، بە نێوەندگیریی ئەمریکییەکان، مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع کۆبوونەتەوە و یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کردووە. بەڵام کێشە لە جێبەجێکردنی ئەو یاداشتەدا هەیە و دەڵێت: "لە سوریا داوا لە کورد دەکرێت هەموو هێزەکانیان بخەنە پاڵ سوپای سوریا، بەڵام کورد بەبێ وەرگرتنی گەرەنتی، ئامادە نین ئەو کارە بکەن." هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە کورد پەیوەندیی باشیان لەگەڵ کەمینەکانی دیکەی وەک درووز و عەلەوی و مەسیحییەکان هەیە و جۆرێک لە هەماهەنگی لە نێوانیاندا بوونی هەیە.
لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە ئاراوە: ئایا هاکان فیدان ئەم هەڵوێستانە لە خۆیەوە دەنوێنێت؟ چاکر پێی وایە فیدان ناتوانێت بە تەنها ئەو کارە بکات و بێگومان هەڵوێستەکانی بە ئاگاداری و ڕەزامەندیی ئەردۆغانە.
لەلایەکی دیکەوە، گومانی جددی هەیە لەسەر بوونی کێشە لە نێوان هاکان فیدان و ئیبراهیم کاڵن، کە پۆستی سەرۆکایەتیی دەزگای هەواڵگری (میت)ی لێ وەرگرتووە. نامیک تان، جێگری سەرۆکی گشتیی جەهەپە بۆ کاروباری دەرەوە لە نووسینێکیدا لە ماڵپەڕی T24 ئاماژەی بەم ئەگەرە کردووە. هەندێک پێیانوایە ئەمە دابەشکردنی ڕۆڵە لە نێوانیاندا، هەندێکی دیکەش دەڵێن فیدان لەوە سڵ ناکاتەوە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە بخاتە مەترسییەوە کە دەگوترێت ئیبراهیم کاڵن سەرپەرشتیی دەکات.
چاکر جەخت لەوە دەکاتەوە ئەگەر لە سوریا کێشەیەکی جددی دروست ببێت و پێکدادانەکان دەست پێ بکەنەوە، ئەوا پرۆسەی چارەسەری لە تورکیاش بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە نیوەی ڕێگادا دەوەستێت.
جەهەپە و بە ئامانجگرتنی هاکان فیدان
بەرەی دووەم و سەرنجڕاکێشتر کە فیدانی کردووەتە ئامانج، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یە. کاتێک فیدان لە حوزەیرانی 2023 بووە وەزیری دەرەوە، بە گشتی پێشوازییەکی ئەرێنی لێ کرا و جەهەپەیش پەیامی ئەرێنیی ئاراستە کرد. بەڵام لە دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ـی مارسی 2024 و لە قۆناغی "ئاساییکردنەوە" بە سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل، هەڵوێستی جەهەپە گۆڕا.
لەو کاتەوەی ناوی هاکان فیدان وەک یەکێک لە میراتگرەکانی ئەردۆغان بۆ سەرۆکایەتیی ئاک پارتی و تەنانەت پۆستی سەرۆک کۆمار هاتە ئاراوە، ئۆزگور ئۆزەل ڕەخنەکانی لە فیدان چڕ کردووەتەوە. ئۆزەل بە تایبەتی بەهۆی پۆستەکانی فیدان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆکەوە ڕەخنەی لێ دەگرێت و تەنانەت لە ڕەخنەش زیاتر، گاڵتەی پێ دەکات.
چاکر پرسیار دەکات، بۆچی لەناو ئەو هەموو وەزیرانەدا، ئۆزگور ئۆزەل بە تایبەتی هاکان فیدان دەکاتە ئامانج؟ لۆژیکیترین وەڵام بۆ ئەو شرۆڤەکارە ئەوەیە کە "ئۆزەل دەیەوێت بە هێنانەگۆڕێی ناوی هاکان فیدان، ڕیزەکانی ئاک پارتی بشڵەژێنێت." هەروەک چۆن ئەردۆغان هەوڵ دەدات لە ڕێگەی کەسایەتییەکانی وەک کەمال کڵچدارئۆغڵووەوە کێشە بۆ جەهەپە دروست بکات، ئۆزەلیش هەمان تاکتیک بەکاردەهێنێت. ناوبراو تەنانەت دەستی کردووە بەوەی بڵێت: "وا بڕیارە لە دوای ئەردۆغان بێت، بەڵام تۆ ناتوانێت ببێتە سەرۆک کۆمار."
فیدان کە خاوەنی کەسایەتییەکی سیاسی نییە و زیاتر وەک تەکنۆکراتێک ناسراوە، تائێستا وەڵامێکی ڕوونی ئەم ڕەخنانەی نەداوەتەوە. بەڵام هەوڵەکانی ئەم دواییەی بۆ دەرکەوتن لەناو خەڵکدا، وای کردووە ببێتە ئامانجێکی ئاسانتر بۆ هێرشی جەهەپە.
لە کۆتاییدا، ڕوشەن چاکر پێی وایە لە ڕۆژانی داهاتوودا زیاتر ناوی هاکان فیدان لە زاری جەهەپە و دەم پارتی و لایەنەکانی دیکەوە دەبیسترێت، چونکە وا دیارە جەهەپە فیدان وەک "خاڵی لاوازی" دەسەڵات دەبینێت و دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە فشارەکانی بۆ سەر ئاک پارتی چڕ بکاتەوە.