بۆچى پارتى و یەکێتى دەیانەوێت مانگى داهاتوو پەرلەمان کارابکەنەوە؟

#پارتى#یەکێتى#پەرلەمانى کوردستان
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بەپێی یاسا، پێویستە دواى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان لەماوەى 60 رۆژدا متمانە بە کابینەى نوێ بدرێت، بەو پێیەش ئەگەر کاراکردنەوەى پەرلەمان بکەوێتە ناوەڕاست یان کۆتایی مانگى داهاتووەوە، وادەى پێکهێنانى حکومەت دەکەوێتە دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کە لە 11/11 بەرێوەدەچێت.
  • عەلی حسێن: ئەنجامى دوا کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى ئەوە بووە کە هەوڵ بدەن لە مانگی ئەیلول سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت
  • سەرچاوەیەکى باڵاى یەکێتى ئاگادار لە دانوستانەکان بۆ "سبەى" ئاماژەى بەوەدا، ناتوانن هیچ ئەگەرێک دابنێن بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان لەمانگى داهاتوودا، سەربارى هەوڵەکانى هەردوولا لەو بارەیەوە، بەو پێیەى هێشتا هەوڵەکان بەتەواوى لەو بارەیەوە نەگەیشتوون بە ئەنجامى کۆتایی
Primary Asset

تا ئێستا بەتەواوى دیار نییە پەرلەمان مانگى داهاتوو کارادەکرێتەوە یان نا لەکاتێکدا ناکۆکییەکانى پارتى و یەکێتى لەسەر دابەشکردنى پۆستەکانى کابینەى داهاتوو بەردەوامن

سبەى

پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان چاویان لە کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستانە لە مانگى داهاتوودا لە رێگەى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتییەوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوون بە رێککەوتنى کۆتایی، بەوتەى سەرۆکى دامەزراوەى پەى پێدەچێت هەوڵەکان لەو بارەیەوە بۆ ئەوە بێت هەردوود حزب لەرووى یاساییەوە کاتیان لەبەردەستدا بێت تا پێکهێنانى حکومەت بخەنە دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقەوە.

رۆژى 14ی ئابی 2025 هەردوو شاندى هاوبەشی شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی لەهەولێر کۆبوونەوە و هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی پێویستە هەوڵی چڕ بدرێت بۆ ئەوەی ئەیلولی داهاتوو پەرلەمان کارابکرێتەوە.

لە دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانەوە لە 20ى 10 ى ساڵى رابردووەوە، پەرلەمانى کوردستان یەک دانیشتنى کردووە، بەبێ هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى و لەو کاتەوە بە پەکخراوى ماوەتەوە.

عەلی حسێن، بەرپرسی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، رۆژى 18 ى ئاب لە رێوڕەسمێکدا بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی ئاماژەى بەوەدا، ئەنجامى دوا کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى ئەوە بووە کە هەوڵ بدەن لە مانگی ئەیلول سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.

بەپێی دانوستانەکانى پارتى و یەکێتى بۆ دابەشکردنى پۆستەکانى پەرلەمان و کابینەى داهاتوو، پۆستى سەرۆکى پەرلەمان لە پشکى یەکێتى دەبێت و جێگرەکەشى پشکى پارتى دەبێت.

ڤالا فەرید پەرلەمانتارى پارتى رۆژى 17ى ئاب بە رۆژنامەنووسانى راگەیاند، هەوڵەکە بۆ ئەوەیە مانگى داهاتوو دەستەى سەرۆکایەتى هەمیشەیی پەرلەمان نەک کاتى هەڵبژێردرێت.

تا ئێستا بەتەواوى دیار نییە پەرلەمان مانگى داهاتوو کارادەکرێتەوە یان نا، لەکاتێکدا ناکۆکییەکانى پارتى و یەکێتى لەسەر دابەشکردنى پۆستەکانى کابینەى داهاتوو بەردەوامن.

سەرچاوەیەکى باڵاى یەکێتى ئاگادار لە دانوستانەکان بۆ "سبەى" ئاماژەى بەوەدا، ناتوانن هیچ ئەگەرێک دابنێن بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان لەمانگى داهاتوودا، سەربارى هەوڵەکانى هەردوولا لەو بارەیەوە، بەو پێیەى هێشتا هەوڵەکان بەتەواوى لەو بارەیەوە نەگەیشتوون بە ئەنجامى کۆتایی.

بەپێی یاسا، پێویستە دواى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان لەماوەى 60 رۆژدا متمانە بە کابینەى نوێ بدرێت، بەو پێیەش ئەگەر کاراکردنەوەى پەرلەمان بکەوێتە ناوەڕاست یان کۆتایی مانگى داهاتووەوە، وادەى پێکهێنانى حکومەت دەکەوێتە دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کە لە 11/11 بەرێوەدەچێت.

د.سەروەر عەبدورەحمان سەرۆکى دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لە لێدوانێکیدا بۆ “سبەى” گومانى خۆى نیشاندا لەوەى پارتى و یەکێتى بتوانن بەزویی پەرلەمان کارابکەنەوە، بەهۆى ناکۆکییەکانیان لەسەر پۆستەکان بەتایبەتى پۆستە حکومییەکان.

 لەگەڵ ئەوەشدا بەوتەى د.سەروەر، پێدەچێت نیازى پارتى و یەکێتى بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان لەمانگى داهاتوودا بۆ ئەوە بێت کە وادەى یاسایی بۆ پێکهێنانى حکومەت بکەوێتە دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، بەو پێیەى بەپێى بەپێی یاسا دواى 60 رۆژ لە هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان پێویستە کابینەى نوێی حکومەت پەسەند بکرێت، ئەگەرنا پێویستە پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە.

شەش خول و 406 یاسا

پەرلەمانی كوردستان لەماوەی (33) ساڵی تەمەنیدا هەشت ساڵ بەشێوەی فەرمی لەكار خراوە كەدەكاتە دوو خولی هەڵبژاردن و بەهۆى بەردەوامى پەکخستنییەوە سوێندە یاساییەكەی پەرلەمانتاران پوچەڵ دەبێتەوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان.

پەرلەمانی كوردستان ئامرازی گواستنەوەی دەسەڵات بوو لە قۆناغی شۆڕشگێڕییەوە بۆ قۆناغی یاسایی، كە لە تەمەنی خۆیدا (406) یاسا و (151) بڕیارە یاسای دەركردووە.

پەرلەمانی كوردستان شەش خولی بەخۆوە بینیوە، (730) ئەندام سوێندی یاساییان تیادا خواردووە، لەوانە (546) پیاو و (184)یان ژن بوون، كە (42) كەس لەو ئەندامانە دووەم جار یا سێیەمجار بووە كاندیدكراونەتەوەو بوونەتەوە ئەندامی پەرلەمان.

 بەپێی یاسا ژمارەی ئەندامانی هەر خولێك دیاریكراون، بە شێوەیەك: (خولی یەكەم 105 ئەندام، خولی دووەم تا پێنجەم هەریەكەی 111 ئەندام و خولی شەشەمیش 100 ئەندام كە كۆی گشتی دەكاتە 649 ئەندام)، بەڵام بەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی هەندێك لە ئەندامان و شوێنگرتنەوەیان لەلایەن ئەو كەسەی لە ریزبەندیدا بەدوایدا هاتووە، ژمارەی ئەندامان لەو ماوەیەدا لە (649) ئەندامەوە هەڵكشاوە بۆ (730)، واتە (81) ئەندام زیاتر چوونەتە پەرلەمانەوە.

لە پێنج خولی رابردوودا (9) سەرۆك و (9) جێگری سەرۆك و (4) سكرتێری بەخۆوە بینیوە، ئەمە جگە لە خولی شەش كە هێشتا بێ سەرۆكایەتییە.

پەرلەمانی كوردستان لە ئێستادا؟ 

لە ئێستادا ئەو دامەزراوەیە، كە تەمەنی (33) ساڵە، لە (6/11/2022 تا ئێستا) كە ماوەی دوو ساڵ و هەشت مانگە سڕ كراوە. هەرچەندە پێشتریش چەند جارێك پەكی خراوە، جارێكیان بەهۆی شەڕی ناوخۆوە لە ناوەڕاستی نەوەدەكان ماوەی دوو ساڵ و نیو پەكی خرا، جارێكی تریش لە سالانی 2015 تا 2017 ماوەی دوو ساڵ پەكی خرا.

 واتە پەرلەمان بەشێوەی فەرمی لەتەمەنی خۆیدا ماوەی شەش ساڵ و نیو بە سوڕی مت بووندا رۆیشتووە، ئەمە جگە لەوەی بەهۆی ململانێی سیاسییەوە چەندین جار كارەكانی راگیراوەو هیچ كارێكی نەكردووە، بۆ نمونە: 

لە خولی یەكەمدا (1992-2005) بەهۆی شەڕی ناوخۆوە ماوەی (دوو ساڵ) لەكار خراو پێنج ساڵیش تەنها لەلایەن لیستی پارتی و پێنج نوێنەرەكەی پێكهاتەی كریستیانەكانەوە بەڕێوە برا.

لە خولی دووەمدا لە (30/1/2005) هەلبژاردن كرا كەچی لە (4/6/2005) پەرلەمان دەستبەكار بوو و ماوەی (چوار مانگ) لەكار خرا.

لە خولی سێیەمدا لە كات و ساتی خۆیدا دەستبەكار بوو و كۆتایی پێهات و لەكار نەخرا.

لە خولی چوارەمدا لە (21/9/2013) هەڵبژاردن كرا، هەرچەندە لە (6/11/2013) یەكەم دانیشتنی سوێندخواردنی ئەنجامدا، بەڵام تاكو رۆژی (29/4/2014) ئینجا دانیشتنی ئەنجامدایەوەو لەم دانیشتنەدا هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرا، واتە سەرەتاكەی ماوەی (شەش مانگ) لەكار خرا، دواتریش بەهۆی رێگریكردنی پارتی لە سەرۆكەكەی (2015-2017) ماوەی (دوو ساڵ) لەكار خرا، كە كۆی گشتی خولەكە (دوو ساڵ و شەش مانگ) لەكار خرا.

لە خولی پێنجەمدا لە (30/9/2018) هەڵبژاردن كراو لە (18/2/2019) هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرا و دەستبەكار بوو، واتە ماوەی (پێنج مانگ) لەكار خرا، دواتریش بەهۆی درێژكردنەوەی تەمەنی بە نایاسایی ماوەی (دوو ساڵ) لەكار خرا..

خولی شەشەم لە (20/10/2024) هەڵبژاردن كراو لە (2/12/2024) ئەندامان سوێندی یاساییان خواردووە، كەچی تا ئێستا كە ماوەی (هەشت مانگ)ە لەكار خراوە.

بە شێوەیەكی گشتی پەرلەمانی كوردستان لەماوەی (33) ساڵی تەمەنیدا ماوەی (8)  ساڵ بەشێوەی فەرمی لەكار خراوە كەدەكاتە دوو خولی هەڵبژاردن، ئەمە جگە لەوەی لە هەندێك لە خولەكاندا لەكاتی خولی گرێدانی كاركردندا چەندین جار هەبووە ماوەی دوو مانگ و سێ مانگ و ناراستەوخۆ لەكار خراوەو بەهۆی ململانێی پارتی و یەكێتیەوە هیچ دانیشتنێك ئەنجامنەدراوە.

20 ساڵ بەبێ یاسای بودجە

لەماوەی (33) ساڵدا تەنها (13) جار یاسای بودجەی تیادا پەسەند كراوە، واتە حكومەتی هەرێم پێشتر (8) ساڵ و دوای ساڵی (2013) لە هەردوو خولی چوارەم و پێنجەمدا ماوەی (12) ساڵە بەبێ یاسا بودجەی خەرج كردووە، واتە هەرێمی كوردستان لە تەمەنی (33) ساڵەیدا (20) ساڵی بەبێ یاسای بودجە بەڕێكردووە.

لەو ماوەیەدا (9) كابینەی بەخۆوە بینیوە، كە (7) كەس وەك سەرۆك وەزیران و (6) كەس وەك جێگر و زیاد لە (300) كەس وەك وەزیر متمانەیان پێدراوەو سوێندی یاساییان خواردووە، بەڵام هیچ سەرۆكێك یا هیچ وەزیرێك نە متمانەی لێ وەرگیراوەتەوەو نە بانگهێشتیش كراوەتە پەرلەمان بەمەبەستی لێپێچینەوە.

پێکهاتەى پەرلەمان

پەرلەمانی كوردستان لەو ماوەیەدا (9) كەس وەك سەرۆكی دیوان كاریان تیادا كردووە، (5) پارتی و (3) یەكێتی و (1) بزوتنەوەی گۆڕان بوون.

لە ئێستادا پەرلەمان جگە لە سەرۆكایەتی دیوان، كە سەرۆك (یەكێتی)ە و جێگر (پارتی)ە، لە (9) بەڕێوەبەرایەتی پێكدێت، تێكڕای فەرمانبەرانی بریتین لە (701) فەرمانبەر. هەر لەم چوارچێوەیەدا (47) راوێژكاری هەیە.

پەرلەمان جگە لە تەلاری تایبەتی خۆی لە هەولێری پایتەخت، لە چوار پارێزگای (دهۆك، سلێمانی، هەڵەبجە و كەركوك) لەگەل ئیدارە سەربەخۆكانی (سۆران، زاخۆ، راپەرین، گەرمیان) و لە ئاكرێ نوسینگەی تایبەتی خۆی هەیە بۆ یەكتربینینی نوێنەرانی ناوچەكان لەگەڵ هاولاتیاندا.

مانگانە پەرلەمانی كوردستان بڕی نزیكەی (1.200.000.000) یەك ملیار و دووسەد ملیۆن دیناری بۆ موچەی فەرمانبەرەكانی و (300.000.000) سێسەد ملیۆن وەك نەسرییەی بەڕێوەچوونی كاروبارەكان و بڕی نزیكەی (830.000.000) هەشتسەد و سی ملیۆن دیناریش وەك موچەی پەرلەمانتاران خەرج دەكرێت.

پەرلەمان (158) ئۆتۆمبێل و (54) شوققەی هەیە لە (ناز ستی) و (65) خانووش لە گوندی ئیتالی یەك.

سوێندى پەرلەمانتاران

بەپێی دامەزراوەى پەى، ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت پێچەوانەی ئەو سوێندەیە كە ئەندامان خواردوویانە، چونكە جێبەجێنەكردنی یاسا و هەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی و پەكخستنی پەرلەمان پێچەوانەی ئەو سوێندەیە كە دژ بە بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان كەوتۆتەوە، بەمەش سوێندە یاساییەكەی ئەندامان پوچەڵ دەبێتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی