سبەی
سەرچاوەیەکى باڵاى پەکەکە رەتیدەکاتەوە ژمارەیەک لەو گەریلایانەى لە ئەشکەوتی جاسەنە چەکەکانیان سووتاند بگەڕێنەوە تورکیا و باکورى کوردستان و جەختدەکاتەوە، ئەو ڕێوڕەسمە یەکەمین و دوایین ڕێوڕەسمی لەم جۆرە بووە و دووبارە نابێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئابی 2025 ژمارەیەک لە میدیاکانی باشووری کوردستان دەنگۆی ئەوەیان بڵاو کردەوە کە ئەگەری ئەوە زۆرە مانگی داهاتوو ژمارەیەک لەو گەریلایانە بگەڕێنەوە باکووری کوردستان و تورکیا کە 11ی تەمموزی 2025 لە ئەشکەوتی جاسەنە هاتنە دەرەوە و چەکەکانیان سووتاند.
بۆ دەسکەوتنی زانیاریی دروست دامەزراوەی میدیایی سبەی پەیوەندی بە سەرچاوەیەکی باڵای پەکەکەوە کرد، بەڵام ئەو بە هەموو جۆرێک ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "شتی وا لە ئارادا نییە".
ئەم سەرچاوە باڵایەی پەکەکە کە نەیویست ناوی بهێنرێت وتیشى ڕێوڕەسمی چەک سووتاندنی پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە یەکەمین و دوایین ڕێوڕەسمی لەم جۆرە بووە و دووبارە نابێتەوە.
پرۆسەی ئەمجارەی ئاشتی لە تورکیا بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی دەستیپێکرد کە داوای لە ئۆجەلان کرد ئەگەر پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا زەمینەسازی دەکەن بۆ ئەوەی بە مەرج ئازاد بکرێت و کێشەکان بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن.
عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە لە 27ـی شوباتی ئەمساڵ بە دەم دەستپێشخەرییەکەوە هات و داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. پەکەکەش وەک بە دەمەوە هاتن بۆ داواکارییەکەی ئۆجەلان لە پێنج بۆ حەوتی ئایاری ئە ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
سوتاندنی چەک نەک چەکدانان
کاتژمێر 11:30 پێشنیوەڕۆی رۆژی هەینی (11ـی تەمموزی 2025) بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رێبەرایەتی 30 گەریلای کوڕو کچی کرد بۆ سوتاندنی چەکەکانیان لەبەردەم ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی و میدیاکانی ناوخۆ و جیهان، وەک بەدەمەوەچونێک بۆ بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوبات و کۆنگرەی 12ـی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ دەستپێکردین قۆناغی نوێی چارەسەریی.
ئەو گروپە گەریلایە لە ژێر ناونیشانی (گروپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک) بانگەوازێکیان ئاڕاستەی رای گشتی کرد و قۆناغی نوێی خەباتیان راگەیاند.
لە راگەیاندراوەکەی گروپەکەدا هاتووە: وهك نیازپاكی و ههنگاوی بڕیارداری له پێناوی بهكرداری سهركهوتنی پرۆسهی (ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتی) و له ئێستاوه به ئامانجی بهردهوامیدان به تێكۆشانی ئازادیی و دیموكراسیی و سۆسیالیزمیمان به ڕێبازی سیاسهتی دیموكراتی و یاسایی و هاوكات لهسهر بنهمای دهركردنی یاساكانی دیموكراتی؛ له ئامادەبوونی ئێوهدا به ئیرادهی ئازادی خۆمان چهكهكهمان لهناو دهبهین.
هەروەها هیوایان خواستووە: ئهم ههنگاوهیان ببێته مایهی خێر و خۆشی بۆ گهلهكهمان به تایبهتی بۆ ژنان و گهنجان و بۆ گهلانی توركیا و ڕۆژههڵاتی ناوین و سهرجهم مرۆڤایهتی و ئاشتی و ئازادی لهگهڵ خۆی بهێنێت.