سبەی
حەماس پێشنیازێکی میسر و نێوەندگیرەکانی پەسەند کرد بۆ ئاگربەستێکی نوێ لە غەززە، پێشنیازەکەش لەسەر بنەمای داواکارییەکی نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بوو بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
پەیامنێری پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە: بزوتنەوەی حەماس وەڵامی خۆی سەبارەت بە رێککەوتنی گۆڕینەوەی بارمتەکان و ئاگربەست رادەستی محەمەد عەبدولڕەحمان سەرۆک وەزیرانی قەتەر کردووە کە ئیستا بە سەردانێکی لە قاهیرەیە.
ئاژانسی رۆیتەرزیش پشتبەستن بە سەرچاوەکانی بڵاوی کردەوە، حەماس نێوەدگیرەکانی ئاگادارکردوەتەوە کە بە نوێترین پێشنیازی راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە رازییە.
دوای بڵاوبونەوەی ئەو زانیارییانە، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە (18ـی ئابی 2025) بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی رایگەیاند: بە نێوەندگیرەکانی راگەیاندووە، رازی بووە بەو پێشنیازەی کە لەلایەنی میسرییەوە خراوەتە بەردەستیان بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی نوێ لە غەززە.
لەوبارەیەوە تەلەفزیۆنی سکای نیوزی عەرەبی بڵاوی کردەوە: سەرەتا شاندی حەماس داوایان کردوە دەرفەتێکیان پێبدرێت بۆ تاوتوێکردنی ئەو پێشنیازەی کە دوێنێ یەکشەممە لەلایەن میسرەوە خراوەتە بەردەستیان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و ئەمڕۆ بە فەرمی وەڵامی پێشنیازەکەیان بە ئەرێنی داوەتەوە.
سەرچاوەیەکی فەلەستینی بە ئاژانی فرانس پرێسی راگەیاندووە: شاندێکی بزوتنەوەی حەماس لە قاهیرە، پێشنیازێکی نوێیان لە نێوەندگیرە قەتەری و میسرییەکان وەرگرتووە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، پێشنیازەکە پشتی بەستووە بە پڕۆژەیەکی ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئاگربەست بۆ ماوەی 60 رۆژ رابگەیەندرێت، سەرجەم دەستگیرکراو و بارمتەکانی ئیسرائیل بە یەکجار ئازاد بکرێن.
هەریەک لە میسر و قەتەر رایانگەیاندووە، بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ دەستبەجێ راگرتنی شەڕ و پێکدادان لە کەرتی غەززە و گەیاندنی هاوکاریی بەپەلەی مرۆیی بەبێ هیچ بەربەستێک.
ئیسرائیلیش داوای کردووە، حەماس زانیاریی تەواوی بداتێ لەسەر بارمتەکان، لەبەرامبەر رێگەدان بە گەیاندنی خۆراک و پێداویستی پزیشکی و سەردانی تیمەکانی خاچی سوری نێودەوڵەتی.
کەناڵی جزیرەی قەتەری بڵاوی کردەوە، شەڕی غەززە پێی ناوەتە 682ـەمین رۆژیەوە و تائێستا 263 کەس بەهۆی برسێتی و نەبوونی خۆراکەوە گیانیان لەدەستداوە، 112 کەسیان منداڵن.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە دوای روداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەرەوە ژمارەی کوژراوانی غەززەش 60 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.