کەناڵی ئینگلیز، ژمارەیەک پەنابەر لە کاتی گەیشتن بە خاکی بەریتانیا
سبەی
بەریتانیا هەوڵەکانی چڕتر کردووەتەوە بۆ رێگریکردن لە چوونی پەنابەرانی نایاسایی بۆ وڵاتەکەی، بە تایبەت پەنابەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان. لەو چواچێوەیەدا، حکومەتی بەریتانیا رێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ حکومەتی بەغدا واژۆ کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، (20ـی ئابی 2025)، حکومەتی بەریتانیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، بەپێی رێککەوتنێكی نوێی حکومەتی بەریتانیا و حکومەتی عێراق، ناردنەوەی پەنابەرانی عێراقی بۆ عێراق خێراتر دەکرێت.
رێککەوتنەکە دوای سەردانێکی دوو رۆژی، جێگری وەزیری دەرەوە و سەرۆکی لیژنەی باڵای گەڕانەوەی عێراقییەکان هات بۆ بەریتانیان.
دوو بەرپرسە باڵاکانی عێراق لەگەڵ دان یارڤیس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کۆبوونەوە و رێککەوتن لەسەر خێراکردنی ناردنەوەی پەنابەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق کە مافی مانەوەی یاساییان لە بەریتانیا بەدەستنەهێناوە.
وەک لە راگەیەندراوەکەی حکومەتی بەریتانیادا هاتووە، ئامانجی رێککەوتنەکە بۆ رێگریکردنە لە چوونی پەنابەرانی نایاسایی بۆ خاکی بەریتانیا لە رێگەی بەلەمی بچووکەوە لە کەناڵی ئینگلیز.
پەرەپێدانی هەماهەنگییەکانی نێوان حکومەتی لەندەن و بەغدا بۆ سەرەتای ئەمساڵ دەگەڕیتەوە، دوای ئەوەی کیێر ستارمە، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کۆبوونەوە رێککەوتن لەسەر روبەڕوبوونەوەی باندەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ (قاچاخچییەکان) لە عێراق.
بەپێی رێککەوتنەکەی نێوان لەندەن و بەغداد، حکومەتی لەندەن زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلاری بۆ عێراق تەرخان کرد بۆ راهێنان بە هێزەکانی ئاسایش، پرۆژەی پاراستنی سنوور، دەستگیرکردنی قاچاخچییەکان و رێگریکردن لە تاوانی رێکخراوی پەنابەران.
بەپێی راپۆرتێکی (بی.بی.سی) تا ئێستا، رێژەی چوونی پەنابەران لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە گەیشتوەتە زیاتر لە 27 هەزار پەنابەر، ساڵی رابردوو تا ئەم کاتە، رێژەکە 18 هەزار پەنابەر بووە.
هەر بە پێی راپۆرتەکەی (بی.بی.سی) ئەمساڵ تا کۆتایی مانگی نیسان، رێژەی چوونی پەنابەرانی عێراقی و هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئاوی کەناڵی ئینگلیزەوە بۆ 1900 پەنابەر دابەزیوە، ساڵی رابردوو، تا کۆتایی مانگی نیسان رێژەکە 2600 پەنابەر بووە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی حکومەتی بەریتانیا، هەماهەنگییەکانی بەریتانیا و عێراق بۆ رێگریکردن لە پەڕینەوەی پەنابەرانی نایاسایی لە رێگەی بەلەمی بچووکەوە لە کەناڵی ئینگلیز کاریگەر بووە و رێژەی چوونی پەنابەرانی بۆ بەریتانیا کەمکردووەتەوە.