قژی بیتهۆڤن
سبەی
پێش مردنی بە 25 ساڵ، بیتهۆڤنی موزیسیانی ئەڵمانی وەسیەتنامەیەکی نووسیبوو، لەو وەسیەتنامەیەدا داوای لە براکانی کردبوو، وردەکارییەکانی بارودۆخی تەندروستی خۆی بۆ جیهان ئاشکرا بکەن، ئەو کەڕبوون ئازارێکی سەختی پێبەخشی و دان بەو بێهیواییەشدا نا، کە وای لێکرد بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە.
پێگەی ScienceAlertبڵاویکردۆتەوە، تیمێکی نێودەوڵەتی شیکارییان لەسەر نمونەی قژی موزیسیانی ئەڵمانی لودڤیگ ڤان بیتهۆڤن ئەنجامدا، وردەکاری نوێیان دەربارەی هۆکارەکانی مردنەکەی و تەندروستی، هەروەها سوپرایزێکی چاوەڕواننەکراوی پەیوەندیدار بە رەچەڵەکی خێزانەکەیەوە ئاشکراکردووە.
بیتهۆڤن لە 26ی ئازاری 1827لە شاری بۆن لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد، دوای ململانێیەکی درێژخایەن لەگەڵ نەخۆشییەکان، دیارترینیان لەدەستدانی بیستن بوو، شەش ساڵ پێش مردنیشی نیشانەکانی نەخۆشی جگەری تێدا دەرکەوت.
لە هەوڵێکدا بۆ تێگەیشتن لە ئازارەکانی لە روانگەی پزیشکییەوە، توێژەران بە سەرۆکایەتی یۆهانس کراوس (زانای بایۆکیمیا لە پەیمانگای ماکس پلانک بۆ ئەنترۆپۆلۆژیای پەرەسەندن لە ئەڵمانیا)، شیکارییان بۆ دی ئێن ئەی دەرهێنراو لە هەشت تاڵی قژی بیتهۆڤن ئەنجامدا.
لە شیکارییەکەدا دەرکەوتووە، کە بیتهۆڤن هەوکردنی جگەری جۆری بی هەبووە، کە بەهۆی زۆر خواردنەوە و هۆکاری بۆماوەیی و ژینگەیی دروستبووە، توێژەران پێیان وایە هەوکردن و تێکچوونی کارکردنی جگەر هۆکاری سەرەکی مردنی بووە لە تەمەنی ٥٦ ساڵیدا.
بەڵام تیمەکە نەیانتوانی هۆکاری وردی لەدەستدانی بیستنی بیتهۆڤن، یان نیشانە درێژخایەنەکانی نەخۆشی گەدە و ریخۆڵەی دیاری بکەن. کراوس وتی: ئێمە نەمانتوانی هۆکارێکی یەکلاکەرەوە بۆ کەڕبوونی بیتهۆڤن یان کێشەکانی گەدە و ریخۆڵەی بدۆزینەوە.
شیکارییەکە گرفتێکی بۆماوەیی ئاشکرا کرد: ناتەبایی کرۆمۆسۆمی Y لە نێوان نمونەی قژ و DNAی خزمەکانی لە هێڵی باوکی بیتهۆڤنەوە هاتووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەیوەندییەکی دەرەوەی هاوسەرگیری لە نێوان ساڵانی 1572 بۆ 1770، واتە پێش لەدایکبوونی ئاوازدانەرەکە.
توێژەران جەختیان لەوە کردەوە، کە توێژینەوەکە وەڵامی هەموو پرسیارەکان ناداتەوە، بەڵکو یەکەم شیکاری بۆماوەیی گشتگیرە بۆ بیتهۆڤن، بەدیهێنانی خواستی خۆی، دوو سەدە لەمەوبەر دەریبڕیوە، بۆ ئەوەی لە روانگەی پزیشکییەوە لە ئازارەکانی تێبگات.