سێ وڵات هۆشداری بە ئێران دەدرێت؛ "نەگەڕێتەوە بۆ دانوستان دەكەوێتە بەردەم سزای ئەنجومەنی ئاسایش"

#ئێران#ئەمەریکا#ئەوروپا#فەرەنسا#بەریتانیا#ئەڵمانیا
14 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 12 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • رۆیتەرز باسی لەوەش كردووە، وڵاتانی ئەوروپی هیوادارن تاران لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا بەڵێننامەیەك سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی پێشكەش بكات، وڵاتانی ئەوروپی ڕازی بكات بۆ دواخستنی هەنگاوە كۆنكرێتییەكان، بەپێچەوانەوە لە سەرەتای مانگی 10 سەرجەم سزا نێودەوڵەتییەكان بۆ سەر ئێران دەگەڕێتەوە.
Primary Asset

وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا

سبەی

سێ وڵاتی ئەوروپی هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر ئێران تا یەك مانگی داهاتوو ئامادەی سازش و دانوستان نەبێت لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی دەبێت ئامادەی گەڕانەوەی سەرجەرم سزا نێودەوڵەتییەكان بێت، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت"ئەمریكا گەرەنتی بدات لە كاتی دانوستان هێرش ناكاتەوە سەر وڵاتەكەمان دانوستان دەستپێدەكەینەوە".

ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە چوار دیپلۆماتكاری ئەوروپی ئاشكرای كردووە، پێدەچێت ترۆیكای ئەوروپی ( بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا ) لە ڕۆژی پێنجشەممەی 28ی ئاب دەست بە پرۆسەی سەپاندنەوەی سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سەر ئێران بكات.

رۆیتەرز باسی لەوەش كردووە، وڵاتانی ئەوروپی هیوادارن تاران لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا بەڵێننامەیەك سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی پێشكەش بكات،  وڵاتانی ئەوروپی ڕازی بكات بۆ دواخستنی هەنگاوە كۆنكرێتییەكان، بەپێچەوانەوە لە سەرەتای مانگی 10 سەرجەم سزا نێودەوڵەتییەكان بۆ سەر ئێران دەگەڕێتەوە.

فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا ئامادەن بۆ سزاکان

هەر لەم چوارچێوەدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا ئامادەن بۆ ئەوەی میكانیزمی گەراندنەوەی سەرجەم سزاكانی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ سەر ئێران چالاك بكەنەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە میدیاكانی راگەیاند" سەپاندنەوەی سزاكان وەك بژاردەیەك دەمێنێتەوە دوای ئەوەی دانوستانەكان بەبێ ئەنجامێكی یەكلاكەرەوە كۆتاییان هات"، بەڵام جەختی لەوە كردەوە "فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا بەردەوام دەبن لە گەڕان بەدوای چارەسەری دیپلۆماسیدا".

ئەمەش دوای ئەوە دێت كە فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا ڕۆژی سێشەممە كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ ئێران ئەنجامدا، لە هەوڵێكدا بۆ زیندووكردنەوەی دانوستانە دیپلۆماسییەكان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی.

فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا كە بە ترۆیكای ئەوروپی ناسراون، ئامادەكاری دەكەن بۆ چالاككردنی میكانیزمی "سناپ باك" سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا و ئێران بە پێشێلكردنی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ زلهێزەكانی جیهان تۆمەتبار دەكەن، كە ئامانج لێی ڕێگریكردنە لە پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی تاران.

هەرسێ وڵات پێشنیازیان كرد، هەنگاوێكی لەو شێوەیە بۆ ماوەیەكی كورت دوابخەن ئەگەر ئێران مۆڵەت بە پشكنەرەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بداتەوە بۆ ئەوەی پشكنینەكانیان لە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران دەستپێبكەنەوە و هاوكات تاران گفتوگۆكان لەگەڵ واشنتۆن دەستپێبكاتەوە.

لە دانوستانەكانی نێوان هەرسێ وڵاتی ئەوروپی و ئێران ئاڵۆزی هەیە، بەهۆی توڕەیی تاران لە بۆردومانی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو لەلایەن ئەمەریكا و ئیسرائیلەوە.

لە هەنگاوێكی چاوەڕواننەكراودا، ڕوسیا و چین كە هاوكات لایەنی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەن، ڕۆژی یەكشەممە ڕەشنووسی بڕیارنامەیەكیان بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش لە 15 ئەندامی هەیە بڵاوكردەوە كە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە تا ١٨ی نیسانی ٢٠٢٦ درێژدەكاتەوە.

دیپلۆماتكارێكی باڵای ڕوسیا كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە: ئەم پێشنیازە ڕێگری دەكات لە دووبارە سەپاندنی سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بەسەر ئێراندا، بەڵام هێشتا ڕوون نییە كەی دەكرێت ڕەشنووسی بڕیارنامەكە بخرێتە دەنگدانەوە.

سەرۆكی ئاژانسی وزەی ئەتۆم: پشكنەرەكانی ئاژانس گەیشتوونەتە تاران

ڕافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA)، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی 'فۆكس نیوز'ـی ئەمەریكی ڕایگەیاند، یەكەم تیمی پشكنینیان لە دوای شەڕی 12 رۆژەوە گەیشتوونەتە ئێران بۆ سەردانیكردنی وێستگە ئەتۆمییەكان.

گرۆسی ئاماژەی بەوەش دا "گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیدا كردووە بۆ دابینكردنی ئاسانكاری بۆ تیمەكەیان، چونكە دانوستانێكی جدی لەگەڵ ئێراندا بەبێ پشكنینی وێستگە ئەتۆمییەكانیان ئەستەمە، هەرچەندە ئەمەش كارێكی قورسە."

هەروەها بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی 'ئەسۆشیەیتد پرێس' پشكنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، تەنها ئەو وێستگانە دەپشكنن كە لە لایەن ئەمەریكا و ئیسرائیلەوە بۆردومان نەكراون.

نوێنەرانی تاران لە پەرلەمانی ئێران دەڵێن: ئەگەر پشكنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بگەڕێنەوە ئێران، سكاڵا دژی پزشكیان تۆمار دەكەین.

ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمان هاتنی پشكنەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیان بۆ ئێران شەرمەزار كرد و هەڕەشەیان كرد كە دژی مەسعود پزشكیانی سەرۆك كۆمار سكاڵای یاسایی تۆمار دەكەن.

لە وەڵامدا عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند"بوونی ئه م پشكنەرانە له ئێران تەنها بۆ چاودێریكردنی گۆڕینی سووتەمەنییە، له وێستگەی ئەتۆمی بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە دامەزراوەی بوشەهر".

لە هەمان كاتدا وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: هاتنی پشكنەرانی ئاژانس بۆ ناو ئێران بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئەنجام دراوە.

" ئێران ئامادەیە بە مەرج لەگەڵ ئەمەریكا دانوستان لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی بكات"

ئەمە لە كاتێكدایە، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاندووە، وڵاتەكەی ئامادەیە بە مەرج لەگەڵ ئەمەریكا دەست بە دانوستانە ناڕاستەوخۆكان بكاتەوە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی.

عەراقچی جەختی لەوە كردەوە، ئێران هەمیشە ئامادەیە بۆ چوونە نێو دانوستانێكی دادپەروەرانە؛ بەڵام مەرجی سەرەكی تاران ئەوەیە كە ئەمەریكا گەرەنتی ئەوە بدات كە لە كاتی دانوستانەكاندا هیچ هێرشێكی سەربازی ناكاتە سەر ئێران.

ناوبراو بە توندی هۆشداری دا و وتی "ئەگەر ئەمەریكا پێی وابێت ئەوەی لە ڕێگەی هێرشە سەربازییەكانەوە نەیتوانیوە بەدەستی بێنێت، دەتوانێت لە ڕێگەی دانوستانەوە بە دەستی بێنن، ئەوا ئێران ئامادەی بەشداریكردن لە دانوستانەكە نییە".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی