عێراق دەرگای وزە بە رووی سوریادا دادەخات؛ هێڵی بۆری نەوتی کەرکوک – بانیاس ناکەوێتەوەکار

#عێراق#سوریا#هێڵی کەرکوک - بانیاس#تورکیا
5 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • لیژنەی نەوتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دیمەشق داواکاری بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆری نەوتی کەرکوک - بانیاس پێشکەشی حکومەتی عێراقی کردووە، بەڵام داواکەی سوریا رووبەڕووی بەربەستی سەخت بۆتەوەو هیچ بەرەوپێشچوونێک لە دۆسیەکەدا بەدی نەهاتووە.
Primary Asset

هێڵی بۆری نەوتی کەرکوک - بانیاس

سبەی

عێراق دەرگای وزە بە رووی سوریای ئەحمەد شەرع دادەخات، شیعەکان رێگری دەکەن لە کەوتنەوەکاری هێڵی بۆری نەوتی کەرکوک – بانیاس، وڵاتانی کەنداو و تورکیاش داوا لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن، هاوکاری کەرتی وزەی سوریا بکات. 

لیژنەی نەوتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دیمەشق داواکاری بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆری نەوتی کەرکوک - بانیاس پێشکەشی حکومەتی عێراقی کردووە، بەڵام داواکەی سوریا رووبەڕووی بەربەستی سەخت بۆتەوەو هیچ بەرەوپێشچوونێک لە دۆسیەکەدا بەدی نەهاتووە.

دانوستانەکانی عێراق و سوریا ئەنجامی نەبووە

لەم مانگەدا بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر هێڵی نەوتی کەرکوک – بانیاس، محەمەد بەشیر( وەزیری وزەی سوریا) سەردانی  بەغدادی کردو لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی هاوتا عێراقییەکەی کۆبۆوە، بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی تەکنیکی، کە ئەرکی دەستپێکردنەوەی کارەکانی هێڵەکە لەئەستۆبگرێت، کە 20 ساڵە راگیراوە. 

لەبەر هۆکاری ئابووری، دیمەشق پێویستی بە کارپێکردنی خێرای ئەم بۆرییە هەیە، بەپێی خەمڵاندنەکان کارپێکردنی بۆری نەوتی کەرکوک- بانیاس، ملیۆنان دۆلار بۆ حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع دابین دەکات.

بەپێی سەرچاوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، پرۆسەی تەکنیکی کاریگەری لەسەر کارپێکردنی هێڵی بۆری نەوتی کەرکوک- بانیاس نییە، بەڵکو بەهۆکاری سیاسی داواکەی سوریا رەتکراوەتەوە.

ئەمەش بەو مانایەیە کە هۆکاری دانوستانەکانی عێراق و سوریا بۆ کارپێکردنەوەی ئەم هێڵە تەکنیکی نییە، بەڵکو سیاسییە، بەربەستەکەش هێزی شیعەیە، کە رێگری دەکەن لە هاوکاریکردنی کەرتی وزەی سوریا، بەدیاریکراوی نایانەوێت هاوکاری ئابوری پێشکەشی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع بکەن.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە عێراقییەکان، هەندێک لایەنی عێراقی پلانیان هەیە بۆری نەوتی کەرکوک- بانیاس بتەقێننەوە، لەکاتێکدا ئەگەر عێراق و سوریا لەسەر ئەو پرسە بگەنە رێککەوتن.

لە راستیدا دۆسییەکە بۆتە دۆسیەکی ناوچەیی، چونکە  تورکیا لە بواری تەکنیکیەوە پێشنیازی هاوکاری و پاڵپشتی لایەنی عێراقی و سوریای کردووە، ئەویش لە پێناوی خێراکردنی پرۆسەی ناردنی نەوت لە رێگەی بۆری هیڵی کەرکوک- بانیاسەوە.

هاوکات ئەنقەرە کارپێکردنی هێڵی هەڵپەسێردراوی کەرکوک-جەیهان، بە دەستپێکردنەوەی کارەکانی هێڵی کەرکوک- بانیاسی سوریا پەیوەست کردۆتەوە.

دەبێتە پاڵپشتییەکی گرنگ بۆ ئەحمەد شەرعی سەرۆک کۆماری سوریا

بەپێچەوانەی تورکیاوە، ئێران پاڵشتی هەنگاوی ناردنی نەوتی عێراق لە رێگەی هێڵی کەرکوک – بانیاسەوە ناکات، بەهۆکاری ئەوەی کە دەبێتە پاڵپشتییەکی گرنگ بۆ ئەحمەد شەرعی سەرۆک کۆماری سوریا.

لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە سەرچاوە سیاسییەکانی عێراق رایانگەیاندووە،  قەتەر و سعودیە و ئوردن و ئیمارات، هانی محەمەد شیاع سودانیان داوە بۆ کارپێکردنەوەی هێڵی کەرکوک- بانیاس.

ئێستاش ئاراستەیەک دروستبووە بۆ دواخستنی دۆسیەی هێڵی نەوتی کەرکوک – بانیاس بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان و حکومەتی داهاتووی عێراق، ئەو ئاراستەیەش بە توندی لە لایەن هێزە شیعەکانەوە پشتگیری دەکرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی