نائومێدی و دڵەڕاوکێی ئێرانییەکان لەنێوان ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ و قەیرانی بژێویدا

#ئێران#ئیسرائیل
3 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • نیگەرانییەکان لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، هاوکات هەڵاوسان و پچڕانی بەردەوامی کارەبا دوای دوو مانگ لە کۆتاییهاتنی “جەنگی دوانزە ڕۆژە” لەگەڵ ئیسرائیل وایکردووە ئێرانییەکان لە دۆخێکی دڵەڕاوکێ و پێشبینینەکراو و نادڵنیاییدا بمێننەوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسى.
Primary Asset

سبەى

دوو مانگ دوای کۆتاییهاتنی "شەڕی 12 رۆژە، کۆمەڵگەی ئێران لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە، لەلایەک هەڕەشەی دووبارەبوونەوەی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بەسەریانەوەیە و  زنجیرەیەک تەقینەوەی گوماناوی ناوبەناو و هەرجار لە شوێنێک و لەلایەکی دیکەشەوە هەڵاوسانی لەسەدا 50 و پچڕانی بەردەوامی ئاو و کارەبا ژیانی خەڵکی نوقمی کەشێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ و نائومێدی و بێدەنگی زۆرەملێ کردووە.

نیگەرانییەکان لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، هاوکات هەڵاوسان و پچڕانی بەردەوامی کارەبا دوای دوو مانگ لە کۆتاییهاتنی “جەنگی دوانزە ڕۆژە” لەگەڵ ئیسرائیل وایکردووە ئێرانییەکان لە دۆخێکی دڵەڕاوکێ و پێشبینینەکراو و نادڵنیاییدا بمێننەوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسى.

ئاگربەستی ٢٤ی ئایارى نێوان ئێران و ئیسرائیل کۆتایی بە دەنگی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک هێنا، بەڵام قورسایی دەستپێکردنەوەی شەڕ هێشتا لە قسەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و بێگومان لە ژیانی ڕۆژانەی ئەو کەسانەدا هەست پێدەکرێت کە لە داهاتوویەکی ناڕوون نیگەرانن.

محەمەد رەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران لە ١٨ی ئابدا هۆشداری دا: "ئەمڕۆ ئێمە لە ئاگربەستێکی ڕاستەقینەدا نین، بەڵکو تەنها شەڕ بەشێوەی کاتی ڕاگیراوە  و دەبێت لە هەر ساتێکدا ئامادەبین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن."

 ڕۆژێک پێشتر یەحیا ڕەحیم سەفەوی، فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران و ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕایگەیاندبوو: "ئاگری شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل دەتوانێت لە هەر ساتێکدا هەڵبگیرسێتەوە، ئێمە لە ئاگربەستدا نین، بەڵکو لە دۆخی شەڕداین و دۆخەکە دەتوانێت لە هەر ساتێکدا بگۆڕێت، بە بۆچوونی من ئەگەری ململانێیەکی دیکە زۆر جدییە."

لۆمۆند وەبیری هێناوەتەوە کە لە کاتی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ١٣ تا ٢٤ی ئایار – کە هاوکات لەگەڵ بۆردومانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان لەلایەن ئەمریکاوە لە دوایین ڕۆژدا – زیاتر لە هەزار ئێرانی کوژراون کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون، بەڵام ژمارەیەک لە فەرماندەی باڵای سپای پاسداران و بەرپرسانی بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامیش لە نێو کوژراوەکاندا بوون.

لۆمۆند ئاماژە بەوە دەکات کە لەو کاتەوەی دۆناڵد ترەمپ ئاگربەستی ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل و ئەمریکا چەندین جار هۆشدارییان داوە کە ئەگەر تاران دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بکاتەوە، جارێکی دیکە هێرش دەکەنە سەر ئێران.

 ڕۆژی 22ی تەمووز، ئەیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە: ئێران هێشتا لە دەستماندایە وهێشتا شەڕی دژی ئێران کۆتایی نەهاتووە.

تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە گوماناوییەکان لە ئێران

لە دوای ئاگربەستەوە، نزیکەی هەموو هەفتەیەک ڕووداوی گوماناوی لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئێران ڕوودەدەن، ڕۆژی ١٧ی تەمموز، کۆگایەکی گەورەی بەرهەمە نەوتییەکانی تاران ئاگری گرت، بەبێ ئەوەى دەسەڵاتداران هیچ هۆکارێکى روون بخەنەڕوو. 

لە مانگی تەمموزدا ئاگر لە چەند خاڵێکی هەستیار لە وڵاتەکەدا کەوتەوە: ناوەندێکی پاشماوەی پیشەسازی لە کرماشان، ناوچەی ئازادی بازرگانی لە شاری ئەنزەلی لە باکووری ئێران، دوو کۆمپانیای تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لە زانکۆی تەکنەلۆجیای ئیسفەهان، هەروەها گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی ئێران لە ئابادان.

بەشێکی بەرچاو لە رای گشتی، سەرەڕای ڕەتکردنەوەکانی حکومەت، ئیسرائیل بە بەرپرسیاری ئەم ڕووداوانە دەزانن، بازرگانێکی نزیک لە بازنەی سیاسی و سەربازی دەسەڵات بە لۆمۆند دەڵێت: “هەندێک پێیان وایە کە شەڕەکە بەڕاستی نەوستاوە: تیرۆر و هێرشە ئامانجدارەکان بەردەوامن و ڕژێمیش کۆمەڵگا بێدەنگ دەکات بۆ ئەوەی سەرهەڵدانێکی جەماوەری روونەدات".

خەڵک لە سەرانسەری وڵات چاوەڕێی هەڕەشەکانی ئیسرائیل یان ئەمریکا دەکەن و هەوڵ دەدەن پێشبینی بکەن ئەوە بکەن کە کەی شەڕ دەستپێدەکاتەوە.

بەپێی ڕاپرسییەکی ناوەندی ڕاپرسیی خوێندکارانی ئێران کە ڕۆژی ١٠ی ئاب بڵاوکرایەوە، لەسەدا ٥٥ی دانیشتووانی تاران نیگەرانی جددیان هەیە لە ئەگەری دەستپێکردنەوە شەڕ و زیاتر لە نیوەیان دەڵێن ناتوانن بەرگەی لێکەوتەکانی بگرن. 

پسپۆرێکی دەروونناس لە تاران لەو بارەیەوە دەڵێت "داهاتوو ئەوەندە ناڕوونە کە هاوڵاتیان هیچ هەستێکیان بە کۆنتڕۆڵکردنی ژیانیان نییە و لە ڕووی دەروونییەوە تووشی دۆخێکی نەخوازراو بوون". 

هەڵاوسان و قەیرانی بژێوی ژیان

دوای زیاتر لە دوو مانگ لە ئاگربەست، هێشتا دۆخی وڵات ئاسایی نەبووەتەوە. بەشێک لە باڵیۆزخانەکانی ئەوروپا لەوانەش باڵیۆزخانەکانی نەمسا و ئەڵمانیا، خزمەتگوزارییەکانیان لە تاران ڕاگرتووە و ماڵپەڕی فەرمی باڵیۆزخانەی نەمسا ڕایگەیاندووە: “بەهۆی ئەو بارودۆخەی ئێستاوە، خزمەتگوزاری ڤیزا بۆ ماوەیەکی نادیار راگیراوە".

لەم نێوەندەدا، پچڕانی بەردەوامی کارەبا و ئاو لە سەرەتای هاوینەوە و هەڵاوسان کە گەیشتووەتە نزیکەی 50% ژیانی خەڵکی قورستر کردووە. خاوەنکارێکی تارانی وتى ”ئێمە لە قۆناغێکی ناسەقامگیری بێوێنەداین، لە ماوەی سی ساڵەی چالاکیی پیشەییمدا، هەرگیز دۆخێکی وام نەبینیوە، مامەڵە بازرگانییەکان بۆ کەمترین ئاست کەم کراوەتەوە، لە کاتێکدا کۆگاکان پڕن لە کاڵای نەفرۆشراو”.

لەم کەشوهەوا ناسەقامگیرەدا بزنسە بچووکەکان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. خاوەنی دوکانێکی ئاسنگەری لە جەرگەی تاران دەڵێت "ئەگەری دووبارەبوونەوەی شەڕ بارگرانییەکی قورسە لەسەر شانمان، لە دوای جەنگەوە، وازم لە پلانەکان هێناوە بۆ فراوانکردنی دوکانەکە و کڕینی ئامێری نوێ." کۆمپانیا گەورەکان ناچار بوون بەرهەمەکانیان کەم بکەنەوە.

نارازییەکان داوای گۆڕینی بنەڕەتی ئایدیۆلۆجیای کۆماری ئیسلامی دەکەن

توندی قەیرانەکە بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک بێدەنگی بشکێنرێت، لە ٨ی تەمموزدا ١٨٠ ئابووریناس و مامۆستای زانکۆ – لەنێویاندا عەباس ئاخوندی، وەزیری پێشووی ڕێگاوبان و گەشەپێدانی شارەکان (٢٠١٣-٢٠١٨) – لە نامەیەکی کراوەدا کە ئاراستەی خەڵک و مەسعود پزشکیانى کردبوو، داوای “گۆڕانکاری حوکمڕانی”یان کرد.

ئەوان جەختیان لەسەر پێویستی چاکسازیی بنەڕەتی کردووەتەوە لەوانەش کۆتاییهێنان بە قۆرخکاریی میدیایی، ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و وتووێژی بنیاتنەر لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا بۆ پاراستنی ئێران”.

هەمان ئەو بازرگانە نزیکە لە بازنەکانی سیاسی بە لۆمۆند دەڵێت" ئەم نامەیە بە شێوەیەکی بێ وێنە ڕاشکاوانەیە و ئەوەی کە ئەوان ئەوەندە بە ئاشکرا و یەکلاکەرەوە قسەیان کردووە، ئەوە دەردەخات کە نیگەرانییەکانیان نەک تەنیا بۆ وڵات، بەڵکو بۆ داهاتووی خۆیان جددییە، تەنانەت ڕەنگە پرسیاریان ئەوە بێت کە ئایا هێشتا دەتوانن بۆ ماوەی دوو سێ مانگی دیکە لە ئێران بمێننەوە؟

بەڵام بە گوێرەی لۆمۆند  ئەم ڕەخنانە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر دەسەڵات پێکناهێنن و سەرەڕای ئەوەی خەڵک تادێت بە ئاشکرا ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرن، بەڵام ئامادە نین بچنە سەر شەقام، هەمووان چاوەڕێی ئەوەن کە کەسێکی دیکە هەنگاوی یەکەم بنێت”.

ڕووداوەکانی ساڵانی ڕابردوو لە ئێراندا ئەوە دەردەخەن کە بزووتنەوە گەورە کۆمەڵایەتییەکان هەمیشە بە کردەوەی کەمینەیەکی چالاک و پێشکەوتنخواز دەستیان پێکردووە، کە لە ئێران ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو شوێنێکی دیکە لە نێو گەنجان، ژنان، خوێندکاران و گرووپە پەراوێزخراوەکاندا دەبینرێت، بەڵام بۆ ئەوەی جەماوەری بێدەنگ بچێتە پاڵیانەوە، کۆمەڵگا پێویستی بە شتێکی زیاترە لە توڕەیی، ئەویش هیوایە، هیوا بە مانای متمانە بە ئەگەری گۆڕانکارییە،  واتە باوەڕێک کە دەتوانرێت دۆخی ئێستا بگۆڕدرێت.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی