"تەمەن تەنها ژمارەیە"؛ بێکارى گەنجان ناچار بە هاوسەرگیریی ناباو دەکات

#عێراق#هاوسەرگیریی
3 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • لەبەر رۆشنایی ئەو هەلومەرجە ئاڵۆزەی رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە، قەیرانە ئابوورییەکان و بێکاری رۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە بڕیارە چارەنووسسازەکاندا، لەوانەش هاوسەرگیری.
  • دەرونناسێک: بێکاری لە نێو گەنجان کە دوو لەسەر سێی کۆمەڵگەی عێراق پێکدەهێنن، هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ ئافرەتانی بەتەمەندا بکەن.
Primary Asset

سبەى

لە یەکێک لە کوچە بێدەنگەکانی بەغداد، ئەحمەد تەمەن 30 ساڵ و هاوسەرەکەی عەبیر تەمەن 44 ساڵ، لاپەڕەیەکی ناوازە لە چیرۆکە رۆمانسییەکانیان دەنووسنەوە، بابەتێک کە زۆرێک ناوێرن خۆیان بخەنە ناویەوە. ئەو دوو هاوسەرە فەزای دڵنیایی و لێکتێگەیشتنیان لە نێوانیاندا دۆزیوەتەوە، سەرەڕای جیاوازی تەمەنی نێوانیان.

ئەحمەد کارمەندی بانکە، باسی پەیوەندییەکەی لەگەڵ هاوسەرەکەی دەکات و دەڵێت، تەمەن بۆ ئەو هیچ مانایەکی نییە و ئەو پێگەیشتنە هزری و گەرمییە مرۆییەی لە هاوبەشەکەیدا دۆزیوەتەوە، کە لە مێژە بەدوایدا دەگەڕا، ئەمە جگە لەو هاوبەشییە دڵسۆزانە و پشتیوانی و هاوکارییەی، کە هەستێکی دڵنیایی پێبەخشیوە لە وردەکارییەکانی ژیانیدا.

سەبارەت بە عەبیر، ئەو بە نەرمی زەردەخەنە دەکات و دەڵێت، سەرەتا رووبەڕووی  ناڕەزایەتییەکی زۆری هاوڕێ و خێزانەکانیان بوونەوە، بەڵام بڕیاریاندا پێکەوە رێگای ژیان ببڕین و بە متمانەوە بەردەوام بن.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی تێگەیشتن و رێزگرتن، نهێنی ژیانی هاوسەرگیرییە، نەک ئەو ژمارانەی لە سەر تەمەن و ناسنامەی مرۆڤەکان تۆمارکراون.

تەمەن تەنها ژمارەیە

بە بڕوای کۆمەڵناسان، مۆدێلی ئەحمەد و عەبیر وەک جاران دەگمەن نییە. حەمید رەماحی، توێژەری کۆمەڵایەتی بۆ پێگەى شەفەق نیوزى عێراقى روونیکردەوە، گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان، وایکردووە کۆمەڵگا زیاتر کراوەبێت، بۆ فۆرمە نوێیەکانی پەیوەندییەکان.

چیرۆکی مستەفا عیمادی تەمەن 23 ساڵ، جیاوازە. هاوسەرگیری لەگەڵ بێوەژنێکدا کردووە، کە 20 ساڵ لە خۆی گەورەترە. هاوسەرگیرییەکەی بۆ خێزانەکەی و کەسوکارەکەی چاوەڕوان نەکراو بووە، خانەوادەکەی هاوسەرگیری کوڕەکەیان لەگەڵ ژنێک، کە هاوتەمەنی دایکییەتی رەتکردەوە، ئەوان پرۆسەی هاوسەرگیرییەکەیان بایکۆت کرد، بەڵام مستەفای گەنج و ژنە 43 ساڵییەکەی بەردەوام بوون لە ژیانی هاوسەرگیرییان.

مستەفا دەڵێت، ئەزموونی زۆری لەگەڵ ژنانی گەنجتردا هەبووە، بەڵام ئەوەی لە ژنەکەیدا دۆزیەوە، لە کەسانی دیکەدا نەیدۆزیبووەوە، لێکتێگەیشتن و هاوکاری و ئارامگرتن لە بارودۆخە سەختەکاندا.

توێژینەوەیەکی زانستی کە لەلایەن زانکۆیەکی بەریتانیا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات ئەو ژنانەی کە پەیوەندییان لەگەڵ پیاوانی حەوت بۆ 10 ساڵ لەخۆیان بچووکترە، ئاستی زیرەکی سۆزدارییان بەرزترە و کەسایەتییەکی زۆر باشتریان هەیە، لەچاو ئەوانەی هاوسەرگیریان لەگەڵ پیاوانی هاوتەمەندا کردووە.

بەڵام هەندێک لە توێژەران پێیان وایە، ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە پەیوەستە بە پارە و سەربەخۆیی دارایی ژنانەوە. توێژەری کۆمەڵایەتی ریا قەحتان روونی دەکاتەوە کە پارە، پاڵنەرێکی سەرەکییە بۆ هەندێک لە پیاوان بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ ژنانی بەتەمەن.

دەشڵێن، ژنێک کە دامەزراو بێت یان لە خێزانێکی دەوڵەمەندەوە بێت، پیاوان بۆ لای خۆیان رادەکێشن، بەو پێیەی زۆرێک لە پیاوان بەدوای ئەو جۆرە لە پەیوەندیدا دەگەڕێن، هەروەها جیاوازی تەمەن وەک کێشە نابینن، ئەگەر ژنەکە توانای دارایی باش بێت.

لەبەر رۆشنایی ئەو هەلومەرجە ئاڵۆزەی رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە، قەیرانە ئابوورییەکان و بێکاری رۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە بڕیارە چارەنووسسازەکاندا، لەوانەش هاوسەرگیری.

قاسم حسێن ساڵح شارەزای ئەکادیمی و دەروونناس، چیرۆکی خوێندکارێکی زانکۆ دەگێڕێتەوە کە خۆشەویستەکەی بە نامەیەکی کورت ئاگادارکردبوەوە و بۆی نوسیبوو "ببورە، بێکارم". بە تەنها نامەیەکی کورت کۆتایی بە پەیوەندی سۆزدارییەکەی هێنا و هاوسەرگیری لەگەڵ بێوەژنێکدا کرد، کە دۆخی دارایی باش بووە.

ساڵح پرسیاری ئەوە دەکات، ئایا ئەم کچە لە خۆشەویستەکەی خۆشدەبێت، یان نەفرەت لەو کەسانە دەکات کە خۆشەویستییان لە گەنجەکاندا کوشتووە؟ دەشڵێت بێکاری لە نێو گەنجان کە دوو لەسەر سێی کۆمەڵگەی عێراق پێکدەهێنن، هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ ئافرەتانی بەتەمەندا بکەن.

بە وتەی ئەو دەروونناسە، ئەم هاوسەرگیرییە کۆنتڕۆڵکردنی پیاو دەخاتە دەستی ژنان و گەنجان دەبات بەرەو نامۆبوونی دەروونی و هەستکردن بە بێمانایی لە ژیاندا.

ساڵح روونی دەکاتەوە، هەندێکیان بە چوونە ناو پەیوەندی لەگەڵ کەسانی بەتەمەنتر لەخۆیان، رووبەڕووی نائومێدی یەک لە دوای یەکەکان دەبنەوە، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی خەمۆکی و ترس لەدەستدانی داهاتوو، ئەمەش وایکردووە هەندێک پەنا بۆ بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان ببەن، وەک ئامرازێک بۆ دەربازبوون لە واقیعێک کە هیچ چارەسەرێکیان پێشکەش ناکات.

چیرۆکی زۆر هەیە لەسەر ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە، کە تێیدا جیاوازی تەمەن هەندێک جار گەورە دەردەکەوێت، ئەمەش زۆرجار ئازارەکانی واقیع و فشارەکانی هەلومەرجەکان دەشارێتەوە، کە رێڕەوی ژیانیانی گۆڕیوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی