لە ساڵی ٢٠٢٤ لە کۆی ٩٧٥ کەس چواریان لە شەقام و گۆڕەپانەکانی ئێران لە سێدارە دراون
سبەى
لەسێدارەدانی دوو کەس لەبەرچاوی خەڵک لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوو لە ئێران و پێشتریش لەسێدارەدانی بکوژی نیانی شەش ساڵان لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەپۆلێکی لە کاردانەوەی جیاواز بەدوای خۆیدا هێنا.
دەسەڵاتداران و بەرپرسانی دەزگای دادی ئێران دەڵێن، لەسێدارەدان لەبەر چاوی هاوڵاتیيان تاوان لە کۆمەڵگا کەم دەکاتەوە و ڕەخنەگرانیش دەڵێن نەک تەنها کاریگەرییەکی ئەرێنی نییە بەڵکو دەبێتە هۆی پەرەسەندنی توندوتیژی و ئاساییکردنەوەی تاوان لە بیرورای گشتیدا.
لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو دوو کەس لە ئێران و لە پارێزگاکانی گوڵستان و فارس بەو تۆمەتی کوشتن و ڕفاندن لەسێدارەدران و ئەوەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، کۆمەڵەی پزیشکی دەروونی ئێران لە نامەیەکدا داوای لە سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران کرد کە ڕێگری بکات لە "نمایشکردنی توندوتیژی" لە سەر شەقامی گشتیدا، چونکە جێبەجێکردنی ئەو جۆرە سزایە دەرئەنجامی نەرێنی دەروونی لە کۆمەڵگادا لێدەکەوێتەوە.
کۆمەڵەی پزیشکی دەروونی ئێران جەختدەکاتەوە، بە پشتبەستن بە بەڵگەی زانستی باوەڕپێکراو، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەبەردەم خەڵکدا “نەک هەر کاریگەرییەکی بەردەوام و سەلمێنراوی نییە لەسەر کەمکردنەوەی تاوان، بەڵکو توندوتیژی لە کۆمەڵگادا زیاد دەکات، هەروەها سەیرکردنی ئەم دیمەنانە کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵان هەیە و دەبێتە هۆی زیانی دەروونی جددی، لەوانەش تێکچوونی فشاری دوای کارەسات (PTSD) یان سەرهەڵدانی ڕەفتارە تەقلیدییە نەخوازراوەکان.
لە ئێران ڕێژەی لەسێدارەدان لەبەرچاوی خەڵک بە بەراورد بە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماوەی ساڵێکدا لەسێدارە دەدرێن زۆر نییە، بەڵام تەنانەت ئەم ژمارە کەمەش بەزۆری کاردانەوەی زۆری لێدەکەوێتەوە. لەسێدارەدانی گشتی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەتایبەتی لە کاتی قەیران و ناڕەزایەتییە گشتییەکاندا، وەک ڕێگایەک بۆ "پیشاندانی دەسەڵات" و ترساندنی نارازییەکان بەکاردەهێندرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردوە کە لە ساڵی ٢٠٢٤ لە کۆی ٩٧٥ کەس، چوار کەسیان لە شەقام و گۆڕەپانەکانی ئێران لە سێدارە دراون.
یاسا چی دەڵێت؟
لە ساڵانی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدان لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان هەڵوەشاوەتەوە و لە شوێنیدا زیندانیکردنی هەتاهەتایی دانراوە. حوکمی لەسێدارەدان لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە قورئان و سەرچاوەی فیقهی شیعە وەرگیراون، ئەگەرچی لە قورئاندا باسی لەسێدارەدان لەبەرچاوی هاوڵاتیان نەکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ناکۆکی لە نێوان زانایانی ئایینی شیعەدا سەبارەت بە لەسێدارەدانی لەبەردەم خەڵکدا.
ناسر مەکارێم شیرازی، زانایەکی بەناوبانگی ئایینی لە شاری قوم، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لەسێدارەدانی گشتی دەڵێت "لەسێدارەدانی گشتی تەنها لەو حاڵەتانەدا ڕێگەپێدراوە کە کاریگەری ئەرێنی هەبێت، ئەگەر لەسێدارەدان لەبەردەم خەڵکدا دەرئەنجامی نەرێنی هەبێت پێویستە جێبەجێ نەکرێت".
هەروەها موسا شوبەیر زەنجانی، مامۆستایەکی ئایینی دیکەی ئێران، پێی وایە: "جێبەجێکردنی سزاکان لەبەردەم خەڵکدا، یەکێک نییە لە پێداویستییەکانی ئایین".
لای خۆشیەوە شیرین عیبادی، پارێزەر و چالاکوانی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی دەڵێت "هەندێک لە دادوەرەکان پێیانوایە لەسێدارەدانی هاوڵاتییان لەبەردەمی خەڵک دەبێتە هۆی ئارامکردنەوەی بنەماڵەی قوربانییەکە، بەڵام لە پراکتیکدا ڕۆحی توندوتیژی لە کۆمەڵگادا بەرەوپێش دەبات."
عیبادی بە ئاماژەدان بە ڕێوڕەسمی لە سێدارەدانی بکوژی ڕوحوڵڵا داداشی، بەهێزترین پیاوی ئێران، لە ساڵی ٢٠١١ کە لە شاری گۆڵشاری کەرەج بەڕێوەچوو و نزیکەی ١٥ هەزار کەس ئامادەبوون، دەڵێت "کاتێک ئەم پاڵەوانە وەرزشییە لەلایەن گەنجێکی حەڤدە ساڵانەوە بە چەقۆ کوژرا، لایەنگرانی پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد کە لەسێدارەدان لەبەردەم خەڵکدا ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی ببێتە وانەیەک بۆ کەسانی دیکە و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی چەقۆ”.
عیبادی پێی وایە ئەنجامدانی لەسێدارەدان لەبەردەم خەڵکدا، جگە لەوەی کە توندوتیژی لە کۆمەڵگادا پەرەپێدەدات، لایەنێکی پەروەردەیی نەرێنی بۆ منداڵان و خێزانەکانیش هەیە و گیانی تۆڵەسەندنەوە لە کۆمەڵگادا بەهێز دەکات، بە بۆچوونی ئەو، بەڕێوەبردنی دادپەروەری جیاوازە لە پەرەپێدانی توندوتیژی.
دەشڵێت" لەو حاڵەتانەی کە حکومەت لە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی جەماوەری دەترسێت، دەرکردنی سزای لەسێدارەدان لەبەردەم خەڵکدا زیاد دەکات، ئەگەرچی زۆر جار ئەم دیاردەیە تاوانە ناسیاسسییەکانیش دەگرێتەوە، حکومەت دەیەوێت خەڵک بگەڕێنێتەوە بۆ ماڵەکانیان لە ڕێگەی دروستکردنی ترس و لایەنی توندوتیژی خۆی نیشان بدەن.
لە بەرانبەردا بەشێک لە زانایانی ئایینی و دادوەری دەڵێن بە هۆی نەبوونی پەروەردەی لێبوردن لە ئێران، بنەماڵەیەک کە کەسێک لە ئازیزەکانی لەدەستداوە دوو بژاردەی لەبەردەم دایە: یان لە تاوانبار خۆش بێت کە ڕەنگە لە داهاتوودا ئازاد بکرێت و کێشە بۆ بنەماڵەکەی دروست بکات، یان تاکە بژاردەی بەردەستی ئەوەیە داوای تۆڵەسەندنەوە بکات.
بەوتەی یەکێک لە پارێزەران لە کۆمەڵگایەکدا کە بە کەسێک کە لە تاوانکار خۆش دەبێت دەوترێت "ترسنۆک" یان ئەگەر لەبەرانبەر لێخۆشبووندا پارە وەربگرێت بە "پارەدۆست" تۆمەتبار دەکرێت چارەسەر تەنها ئەوەیە تاوانبار لەسێدارە بدرێت.
ئەوانەی لەگەڵ سزای لە سێدارەدانن، بە ئاماژەدان بە ئایەتەکانی ١٧٨ و ١٧٩ی سورەتی بەقەرە لە قورئانى پیرۆز دەڵێن ئەوە فەرمانێکی خوداییە، کە بە ئاشکرا لە قورئاندا باسی لێوە کراوە.