دوورخستنەوە و سزاى قورس و گەڕاندنەوە؛ بڕیارى نوێ لە کۆمسیۆنەوە

#کۆمسیۆن#کاندید#هەڵبژاردن#
3 ڕۆژ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • بەپێی چەند نوسراوێکى کۆمسیۆن کە دەست “سبەى” کەوتوون، 53 کاندیدى لیستە جیاجیاکان بەتۆمەتى جیاجیا لەناویاندا گرتنەوەى رێوشوێنەکانى لێپرسینەوە و دادپەروەرى دوورخراونەتەوە.
Primary Asset

سبەى

کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ژمارەیەک کاندیدى دیکەى لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخستەوە و ژمارەیەکى دیکەشى گەڕاندەوە، چەند کاندیدێکیشى بە پێبژاردنى قورس سزادا.

بەپێی چەند نوسراوێکى کۆمسیۆن کە دەست “سبەى” کەوتوون، 53 کاندیدى لیستە جیاجیاکان بەتۆمەتى جیاجیا لەناویاندا گرتنەوەى رێوشوێنەکانى لێپرسینەوە و دادپەروەرى دوورخراونەتەوە.

کۆمسیۆن هەروەها بڕیاریداوە 27 کاندیدى دیکە بگەڕێنێتەوە، ئەوەش دواى ئەوەى دەرکەوتووە کە بەپێی رێنماییەکان کاندیدکراون و هیچ پێشێلکارییەکیان نەکردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجومەنى کۆمسیاران سزاى قورسى پێبژاردنى بە بڕى دوو بۆ پێنج ملیۆن دینار بەسەر دوو کاندیددا سەپاند، بەهۆى پابەندنەبوون بە رێنماییەکانى کۆمسیۆنەوە.

 

لەکۆى نزیکەى هەشت هەزار کاندید کە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق داواکارى کاندیدبووبونیان پێشکەشى کۆمسیۆن کردووە، تا ئێستا زیاتر لە 500 کاندید دوورخراونەتەوە بە تۆمەتى جیاجیا و پڕۆسەکەش بەردەوامە.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران

هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2003ـەوە، سیستمی یەك بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاكان لە چوار هەڵبژاردنی سەرەتادا پەیڕەوكرا، لە دوایین هەڵبژاردنی ساڵی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنحومەنی نوێنەرانی، بەپێی سیستمی فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دیاری كرا.

دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمان

كۆی گشتی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق، 329 كورسییە، كە 320 كورسی گشتییە. لەو ژمارەیەش 83 كورسی بۆ ژنانە. 9 كورسی بۆ كۆتای پێكهاتەكانە، مەسیحی 5 كورسی، كوردی فەیلی و سابیئە مەندائی و ئێزیدی و شەبەك، هەریەكە و یەك كورسییان هەیە.

لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، پارێزگای سلێمانی 18 كورسی هەیە 5 كورسی بۆ كۆتای ژنان. هەولێر 16 كورسی، 1 كورسی بۆ مەسیحی و 4 كورسی بۆ ژنانە. دهۆك 12 كورسی، 1 كورسی بۆ مەسیحی و 3 كورسی بۆ ژنانە.

21 ملیۆن 200 هەزار دەنگدەر

بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، 21 ملیۆن و 200 هەزار کەس لە سەرتاسەری عێراق تۆماری بایۆمەتری دەنگدانیان نوێ کردوەتەوە و لەکۆی زیاتر لە 29 ملیۆن دەنگدەر کە مافی بەشداریی کردنیان هەیە لە هەڵبژاردنەکاندا، کەسانی لە دایکبووی ساڵی 2007 کە ئەمساڵ مافی دەنگدانیان هەیە ژمارەیان گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 50 هەزار کەس، رێژەی 40%ـی ئەو کەسانەش تۆمارەکانیان نوێ کردوەتەوە و بڕیارە مانگی ئەیلول کارتی دەنگدانەکانیان تەواو بێت و رادەستیان بکرێتەوە.
 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی