وەزارەتی دارایی: دواکەوتنی مووچەی خانەنشینان کاتییە و تەنها بۆ ئەم مانگەیە

#وەزارەتی دارایی#مووچە#خانەنیشنان
2 ڕۆژ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند: دواکەوتنی مووچەی ئەم مانگەی خانەنشینان کاتییە و هونەرییە و هیچ پەیوەندییەکی بە نەبوونی پارە و نییە و مووچەکەیان بە تەواوەتی دەستەبەر کراوە.
Primary Asset

سبەی

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند: دواکەوتنی مووچەی ئەم مانگەی خانەنشینان کاتییە و هونەرییە و هیچ پەیوەندییەکی بە نەبوونی پارە و نییە و مووچەکەیان بە تەواوەتی دەستەبەر کراوە.

لە راگەیەندراوێکدا کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە (4ـی ئەیلولی 2025) بڵاوی کردوەتەوە، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندووە: دواکەوتنی مووچەی خانەنشینان بۆ ئەم مانگە دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری هونەریی پەیوەست بە سیستمی بانک و ئاڵوگۆڕی بانکییەوە و هیچ پەیوەندییەکی بە نەبوونی پارەوە نییە.

وەزارەتی دارایی دڵنیایی داوە، پارەی پێویست بۆ مووچە دەستەبەر کراوە و لە چوارچێوەی بوودجەی گشتیدا، تیمە هونەرییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە درێژایی کات لەکاردان بۆ دەستپێکردنی خەرجکردنی مووچە لەماوەی نزیکی داهاتوودا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ پارەی پێویست لە خەزێنەی گشتی حکومەت دەستبەرکراوە، ئەوەش کە رویداوە دواکەوتنێکە پەیوەندی بە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی نێوان بانکەکان و سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە هەیە و بووەتە هۆی دواکەوتنی خەرجکردنەکە.

وەزارەتی دارایی پابەندیی تەواوەتی بە خەرجکردنی مووچە بەشێوەیەکی رێکوپێک لە مانگەکانی داهاتوو دووپات دەکاتەوە لە رێگەی  سیستمی پارەدان و هەمانگی لەگەڵ دامەزراوە داراییە پەوەندیدارەکان.

هەموو هەوڵەکانیش رەتدەکاتەوە، کە بابەتی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچە بۆ بانگەشەی سیاسی و وەک بەشێک لە بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن بەکاربهێنرێت و رایدەگەیەنێت: کاری وەزارەتی دارایی، کارگێڕیی و پیشەییە بەپێی بودجە و یاسا بەرکارەکان، بەبێ رەچاوکردنی لایەنی سیاسی. 

ئەو راگەیەندراوە لە کاتێکدایە، مووچەی خانەنشینانی عێراق بۆ مانگی ئەیلول تەنها چوار رۆژ دواکەوتووە، بەپێی رێکارەکانی حکومەتی فیدراڵی سەرجەم خانەنیشنانی سەربازی و شارستانی سەرەتای هەموو مانگێک مووچەکانیان لە رێگەی سیستمی بانکییەوە وەردەگرن و پێشوەختە دەچێتە سەر ئەژمارەکانیان.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی