16 رۆژە دەرچووانی زانکۆی گەرمیان لە خانەقین مانیان گرتووە

#زانکۆی گەرمیان#خانەقین#مانگرتن#دەرچووانی دانەمەزراو
3 ڕۆژ لەمەوپێش
پوختە :
  • خۆپیشاندان و مانگرتنی دەرچووانی زانکۆی گەرمیان لە خانەقین 16 رۆژە بەردەوامە و سوورن لەسەر مانگرتن لەبەردەم کۆلێژەکەیان تا ئەوکاتەی حکومەتی عێراق وەڵامیان دەداتەوە.
Primary Asset

سبەی

خۆپیشاندان و مانگرتنی دەرچووانی زانکۆی گەرمیان لە خانەقین 16 رۆژە بەردەوامە و سوورن لەسەر مانگرتن لەبەردەم کۆلێژەکەیان تا ئەوکاتەی حکومەتی عێراق وەڵامیان دەداتەوە.

بەهۆی دانپێدانەنانی بڕوانامەکانیان و بێبەشکردنیان لە دامەزراندن لەسەر میلاکی حکومەتی عێراق، 16 رۆژە ژمارەیەکی زۆر لە دەرچووانی کۆلێژەکانی زانکۆی گەرمیان لە خانەقین چادریان هەڵداوە و داوا دەکەن بەغداد دان بە بڕوانامەکانیاندا بنێت و هاوشێوەی دەرچووانی دیکەی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و باشوری عێراق، لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم مافی دامەزراندنیان هەبێت و نەبنە قوربانیی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد.

راژان ماجید، نوێنەری دەرچووانی مانگرتوو رایگەیاند: دەرچووانی زانکۆی گەرمیان لە سنوری خانەقین دژی دانپێدانەنانی بڕوانامەکانیان مانیان گرتووە، بەراورد بە دەرچووانی زانکۆکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق نادادپەروەری بەرامبەریان دەکرێت، بەغداد دان بەو بڕوانامانەیاندا نانێت کە لە کۆلێژەکانی زانکۆی گەرمیان کە لە شاری خانەقینن بەدەستیانهێناوە. لەکاتێکدا زانکۆی گەرمیان لەلایەن هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵییەوە دانی پێدانراوە.

ئاماژەی بەوەکرد؛ هۆکاری کێشەکەیان بە پلەی یەکەم سیاسییە و بەشێکە لە ناکۆکییە بەردەوامەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، ئەوەش کاردانەوەی خراپی لەسەر دەرچووانی دانەمەزراوی خانەقین درووستکردووە.

بەوتەی نوێنەری دەرچووانی دانەمەزراوی زانکۆی گەرمیان لە خانەقین: زیاتر لە 7 هەزار پلەی وەزیفی بۆ سنوری پارێزگای دیالە دیاریکراوە، بەڵام دەرچووانی زانکۆی گەرمیان ناگرێتەوە. سەرەڕای ئەوەی دەرچووە یەکەمەکان لە دامەزراندن لەسەر ئاستی کوردستان و عێراقیش بێبەش بوون.

بەوتەی دەرچووانی دانەمەزراو، ماوەی دوو هەفتەیە لەبەردەم کۆلێژی زانست و زانستە مرۆڤایەتییەکان مانیان گرتووە، بەڵام وەڵامی داواکارییەکانیان وەرنەگرتوەتەوە، بەردەوامیش دەبن لە مانگرتنەکەیان تا ئەوکاتەی رێگەچارەیەکی دادپەروەرانە بۆ کێشەی 17 هەزار دەرچووی زانکۆی گەرمیان دەدۆزرێتەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، بە پاساوی ئەوەی باڵەخانەی کۆلێژی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆ گەرمیان لەسەر موڵکی گشتی حکومەتی عێراق لە خانەقین درووستکراون، ئامادەنییە دان بە زانکۆی گەرمیاندا بنێت وەک زانکۆیەکی حکومیی هەرێمی کوردستان.

بەهۆی ئەو بڕیارەوە، هەزاران دەرچووی کۆلێژەکە کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن لە مافی دامەزراندن بێبەش بوون، کە بەغداد ساڵانە لەگەڵ دەرچووانی زانکۆکانی عێراق، مافی دامەزراندن لەسەر میلاکی حکومەتی فیدراڵی دەبەخشێتە دەرچووانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کە دانیشتوانی ناوچەکانی ماددەی 140 و دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی