سبەى
لەگەڵ روودانى پێشهاتى نوێ لە سوریا، وڵاتانى رکەبەر و هاوپەیمان هەڵوێستیان جیاوازە بەتایبەتى لەسەر داواکاریی کورد و دروز و عەلەوییەکان، لەناویاندا ئەمەریکا کە هەوڵدەدات خۆی وەک ناوبژیوانێک پیشان بدات، خاڵى سەرنج راکێشیش ئامانجى هاوبەشى ئێران و ئیسرائیلە لەو وڵاتە، ئەوەش بەپێی وتەى شارەزایان و شرۆڤەکاران.
لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، بەرزبوونەوەی گرژییەکانی نێوان حکومەتی سوریا و کوردو کەمینەکانی وەک دروز و عەلەوییەکان، نیگەرانییەکانی لەبارەی ئەگەری زیادبوونی توندوتیژییەکانەوە پەرەپێداوە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات کە بەشێکی زۆری باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان کۆنترۆڵکردووە، لەگەڵ گروپە کەمینەکانی سوریا داوای سیستەمی "لامەرکەزی"یان کردووە.
هەروەها دەوترێت ژمارەیەک سەرکردەی دیاری عەلەوییەکان ئامادەکاری دەکەن بۆ ڕاگەیاندنی پێکهێنانی دەستەیەک بەناوی “ئەنجومەنی سیاسی بۆ ناوەڕاست و ڕۆژئاوای سوریا”.
شێخ حیکمەت هیجری، یەکێک لە رابەرانى ئایینی دروزەکان، لە ٢٥ی ئابدا داوای دروستکردنی ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی دروزەکان لە باشووری سوریا کرد.
لە هەمان کاتدا قسە و باس لەسەر ئەگەری کردەوەی سەربازی لەلایەن حکومەتی کاتی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع کە لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ هاتە سەر دەسەڵات، لە دژی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دروست بووە.
بەرژەوەندییە ناکۆکەکانی وڵاتانی وەک تورکیا، ئیسرائیل، ئێران و ئەمریکا لە سوریا و پاڵپشتیکردنیان لە گروپە جیاوازەکان، دۆخەکەی زیاتر ئاڵۆز کردووە.
بەڵام ئەم وڵاتانە چۆن لە سیاسەتی گروپە جیاوازەکان دەڕوانن و هەڵوێستیان لەسەر بەرزبوونەوەی گرژییەکان چییە؟
“تورکیا ئەو یاریزانەیە کە زۆرترین کارتی هەیە”
لە ساڵانی رابردوودا گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سەر بە تورکیا دەستیان بەسەر ناوچەکانی وەک عەفرین، جەرابلوس و ئەلباب لە سنووری سوریادا گرتووە، هەروەها ئەنقەرە بەتوندی پشتیوانی لە حکومەتی کاتی سوریا لە دیمەشق دەکات.
وەزارەتی بەرگری تورکیا لە ٢٨ی ئاب ڕایگەیاند کە “تورکیا پشتیوانی لە هەر ڕێوشوێنێک دەکات کە حکومەتی سوریا بۆ پاراستنی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی وڵات بگیرێتەبەر”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە مێژوودا قۆناغێک نەبووە کە کەسانی تورک زمان یان ئەوانەی پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ حکومەتی تورکیادا هەیە، بەو ڕادەیە لەناو حکومەتی سوریادا ئامادەبن، بۆیە ئێستا تورکیا ئەو یاریزانەیە کە زۆرترین کارتی هەیە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ساڵی 2018 باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەیان وەک ناوچەیەکی خۆسەری دیفاکتۆ ناساند، تورکیا چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی لە ناوچەکەدا قبوڵ ناکات.
لەم چوارچێوەیەشدا دەسەڵاتدارانی تورکیا داوایان لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کردووە کە هێزی سەرەکی پێکهێنەری هێزەکانی (هەسەدە)یە، چەکەکانیان دابنێن و خۆیان بخەنە ناو پێکهاتەی دیمەشقەوە.
ڕۆژی ١٣ی ئاب، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی سەربازی لە نێوان ئەنقەرە و دیمەشق واژۆ کرا، بەپێی هەواڵی میدیاکان، تورکیا سیستەمی چەک و کەرەستەی سەربازی و لۆجستی و مەشقی سەربازی بۆ حکومەتی دیمەشق دابین دەکات.
هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند "ئەوانەی ڕوویان بەرەو ئەنقەرە و دیمەشق دەگێڕن، سەردەکەون، بەڵام ئەوانەی قیبلەیان لەدەست دەدەن و دەچن بۆ گەڕان بەدوای ئاغای بیانی نوێدا، دواجار دەدۆڕێن، ئەوەش دەزانین کە ئەگەر شمشێرەکە لە غەلافەکە دەربچێت، بوار بۆ قەڵەم و قسە نامێنێت"..
عومەر ئەنهون، دوایین باڵیۆزی تورکیا لە دیمەشق لە سەردەمی ئەسەد، سەبارەت بە لێدوانی بەرپرسانی تورکیا بە بی بی سی ڕاگەیاند "تورکیا ڕایگەیاندووە کە پشتیوانی پێویست پێشکەش بە حکومەتی دیمەشق دەکات لە بەرامبەر هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، هەڵوێستێکی لەو شێوەیە بە کردەوە هەموو بژاردەکان دەگرێتەوە، لەوانەش پشتیوانی سەربازی ڕاستەوخۆ".
هەڵوێستی ئەمەریکا چییە؟
مێگان سوتکلیف، شرۆڤەکاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە کۆمپانیای ڕاوێژکاری مەترسییەکانی سیبیلین کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، پێی وایە کە "ڕۆڵی باڵادەستی تورکیا" لە سوریا لەلایەن ئەمریکاوە "پێشوازی" کراوە و دەشڵێت "دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تاڕادەیەک گەرمی لەگەڵ ئەردۆغان هەیە، بێ گومان ئەمە ڕەنگدانەوەی خواستی ترەمپە بۆ ئەوەی هاوپەیمانان ڕۆڵی ڕاستەوخۆ بگێڕن لە بەڕێوەبردنی ناسەقامگیرییەکان نەک ئەمەریکا ڕاستەوخۆ بەشداری بکات."
پرسی کورد لە سوریا هاوکێشەکە ئاڵۆزتر دەکات
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) گرنگترین هاوپەیمانی ئەمەریکا بوون لە کاتی شەڕی ناوخۆ و شەڕی دژی داعشدا.
سوتکلیف دەڵێت ئەم پەیوەندییە بەردەوامە، بەڵام لەگەڵ بوونی حکومەتی نوێی دیمەشق هێشتا دیار نییە کە هاوپەیمانیەکە کام داواکاری کورد دەگرێتەوە.
تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و نوێنەری تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، واشنتۆن پشتیوانی لە پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی لە سوریا ناکات، ئەم لێدوانانە وەک نیشانەی پشتیوانی واشنتۆن بۆ حکومەت لە دیمەشق لێکدرایەوە.
بەڵام رۆژنامەى واشنتۆن پۆست لەم دواییانەدا لە زاری باراکەوە گواستییەوە “نەک لە شێوەی فیدراسیۆن، بەڵکو پێکهاتەیەکی نزیک لەو فیدراسیۆنە، کە ڕێگە بە هەمووان دەدات یەکگرتوویی و کولتوور و زمانی خۆیان بپارێزن و تێیدا هیچ مەترسییەکی ئیسلامیزمی تێدا نییە دەتوانێت لە سوریا جێبەجێ بکرێت".
لێدوانەکانی تۆم باراک چۆن لێکدراوەتەوە؟
هەندێک لە چاودێران لێدوانەکانی باراکیان بە نیشانەی پشتیوانی واشنتۆن بۆ سیستەمێکی لامەرکەزی لە سوریا زانیوە، مێگان سوتکلیف یەکێکە لەو پسپۆڕانە، ئەو دەڵێت، تەنانەت ئەگەر سیستەمێکی لامەرکەزیش پێکبهێنرێت، "تێگەیشتنی بنەڕەتی" لە واشنتۆن ئەوەیە کە بڕیاردان بۆ گەلی سوریا جێبهێڵرێت.
بۆ نموونە ئاماژە بە قسەکانی تۆمی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا دەکات، کە رایگەیاندبوو، لە ئێستادا ئەولەویەتی ئەوان سەقامگیرییە، "ئێمە دژی فیدرالیزم یان خۆبەڕێوەبەری نین، بەڵکو پێویستە گەلی سوریا بڕیار بدات".
پرۆفیسۆر سێرهات ئەرکەمان لە پەیمانگای خزمەتگوزارییە شاهانەی یەکگرتووەکان لە بەریتانیا پێیيواية، لێدوانەکانی باراک دەرئەنجامی ڕێبازە جیاوازەکانی دامەزراوە جیاجیاکانی ئەمەریکا بوو: "وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە سەرەتاوە لە دیمەشقەوە نزیک بووە، لە کاتێکدا فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) هەرگیز لە پشتیوانیکردنی هەسەدەی ڕانەگرتووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، باڵیۆزی ئەمریکا لەوە تێگەیشت کە پێشهاتەکانی سوریا تەنها لە چوارچێوەی دیدگای یەک دامەزراوە لە واشنتۆن بەڕێوەناچێت و پێویستە دامەزراوەکانی دیکە لەبەرچاو بگیرێن.
بە بڕوای ئێرکەمان، نابێت ئەم قسانە بە "کەمبوونەوەی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ شەرع" لێکبدرێتەوە. وتیشی"دیسان شێوازێکی هاوشێوەی دابەشکردنی دەسەڵات لە عێراق سەریهەڵداوە و ئەمەش تورکیا نیگەران دەکات".
ئەگەر ململانێی نێوان دیمەشق و هەسەدە پەرەبسێنێت، هەڵوێستی ئەمەریکا چی دەبێت؟
سوتکلیف ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمەریکا تا ئێستا ڕۆڵی نێوەندگیری لە نێوان حکومەتی دیمەشق و ئەو ئەکتەرانەدا گێڕاوە کە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا شەڕی لەگەڵدا کردووە و ئەم ڕێبازە بەردەوام دەبێت.
دەشڵێت "دۆناڵد ترەمپ داوای سوریایەکی سەقامگیر و زیندوو لە ڕووی ئابوورییەوە دەکات، بەڵام ئەگەر گرژیی لەگەڵ کورد ئەو هەڵوێستە تێکبدات، پێموایە ترەمپ هەوڵدەدات خۆی وەک ناوبژیوانێک پیشان بدات نەک بە ئاشکرا پشتیوانی لایەنێک بکات".
“بەرژەوەندی هاوبەشی ئیسرائیل و ئێران”
بە وتەی شارەزایان ئامانجی ئیسرائیل و ئێران لە سووریا جیاوازە لە ئامانجی وڵاتانی دیکە.
پینفۆڵد دەڵێت "بابەتە سەرنجڕاکێشەکە ئەوەیە کە ئێران و ئیسرائیل لە سوریا بەرژەوەندی و ئامانجی هاوبەشیان هەیە، هەردووکیان دەیانەوێت حکومەتی سوریا بە لاوازی بمێنێتەوە و وڵاتەکە پارچە پارچە و دابەش بکرێت".
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە ئەمە بە ئەنجامی "گۆڕانکاری ستراتیژی" ئیسرائیل دوای هێرشەکەی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەبینێت"، دەشڵێت "ئیسرائیل لە سوریا هەمان ئەو کارە دەکات کە لە لوبنان و غەززە کردوویەتی: دروستکردنی بۆشایی دەسەڵات، توندکردنەوەی دووبەرەکی و دروستکردنی ئاژاوە لەسەر زەوی."
هەروەها بە بۆچوونی ئەو ئێران سوریایەکی لاواز وەک ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی دەبینێت: "تۆڕی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان و گروپە چەکدارەکان کە ئێران پێشتر هاوکارییان لەگەڵدا کردووە، تا ئێستاش لە سوریادا ئامادەن، بۆیە ئێران پێویستی بە ئاژاوەگێڕی و حکومەتێکی ناوەندی لاوازە بۆ فراوانکردنی کاریگەرییەکانی."
لە دوای ڕووخانی ئەسەدەوە، ئیسرائیل دەستێوەردانی سەربازی جۆراوجۆری لە سوریا دەستپێکردووە، بە بیانووی ڕێگریکردن لە هەڕەشە ئەمنییەکان و لەو پەیوەندییەدا لە بەرزاییەکانی جۆلانی بێ چەکدا پۆستی سەربازی دامەزراندووە و بڕیاری فراوانکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی داوە.
هاوکات دەستوەردانی لە تێکهەڵچوونی بەدەوی و دروزەکان لە پارێزگای سویدە کردووە و بینای وەزارەتی بەرگری سوریای کردۆتە ئامانج کە هێزی سەربازی ڕەوانەی ناوچەکە کردبوو.
شارەزایان ناکۆکن لەسەر شێوازی مامەڵەى ئیسرائیل بەرامبەر بە کورد و عەلەوییەکان
عومەر ئەنهون، باڵیۆزی پێشووی تورکیا لە دیمەشق، پێی وایە ئیسرائیل دەیەوێت "سوریا بە لاوازی بهێڵێتەوە و ئەگەر بتوانێت دابەشی بکات" و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش "کورد و دروز و عەلەوییەکانی ژێر چەتری خۆی بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت".
هەروەها سوتکلیف دان بەوەدا دەنێت کە ئیسرائیل نەک تەنها وەک لایەنگری دروزەکان بەڵکو "لە هەندێک کات و تا ڕادەیەکی کەمتر" وەک لایەنگری عەلەوییەکان ڕۆڵی هەبووە.
بەڵام سەرەڕای بەرژەوەندی هاوبەش و هاوپەیمانی وەک ئەمەریکا و پەیوەندی تاڕادەیەک نزیک لەگەڵ کورد، پێی وایە لە ئەگەری دروستبوونی ناکۆکی، ئیسرائیل هەمان ئەو پاڵپشتییە بۆ کورد ناکات کە بۆ دروزەکان یان عەلەوییەکان پێشکەشی دەکات.
پینفۆڵد بۆچوونێکی هاوشێوەی هەیە و دەڵێت "بەپێچەوانەی باشووری ڕۆژئاوای سووریا، ئیسرائیل هیچ کایەی کاریگەریی ڕوونی لە ڕۆژهەڵاتی سووریا دانەمەزراندووە، ئەوان لێدوانیان بۆ پشتیوانیکردن لە کورد داوە، بەڵام بە کردەوە هیچیان بۆ پشتیوانیکردن لە کورد نەکردووە"، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ئیسرائیل لە ئەگەری دروستبوونی ململانێدا هەمان پشتیوانی ئاشکرای بۆ کوردەکان نادات.
پێگەی وڵاتانی عەرەبی لە ناوچەکەدا چییە؟
سێرهات ئەرکەمان دەڵێت" وڵاتانی عەرەبی وەک سعودیە، قەتەر، ئوردن و میسر دەیانەوێت حکومەتێکی یەکگرتوو لە دیمەشق پێکبهێنرێت".
دکتۆر پینفۆڵد لە کۆلێژی کینگز هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە وڵاتانی کەنداو بە وەبەرهێنان لە سوریا ڕۆڵێکی "ئەرێنی و ئابووری"یان بینیوە.
دەشڵێت" ئەو وڵاتانە بەرژەوەندییان لە چەکداماڵینی هێزەکانی هەسەدە یان ڕێگریکردن لە پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی نییە و تەنیا "سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی خێرای سوریا"یان دەوێت.