دەرگاى تانەدانى داخست؛ دادگاى فیدراڵى لەبەرژەوەندى مەزهەبی جەعفەرى بڕیاریدا

#دادگاى فیدراڵى#عێراق#یاساى بارى کەسێتى
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • لە سەرەتای ئەمساڵدا پەرلەمانی عێراق هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959ی پەسەندکرد، کە ڕێگەی بە هاووڵاتیانی موسڵمانی شیعە داوە لە بابەتی هاوسەرگیری و جیابوونەوە و میرات و سەرپەرشتیکردن فیقهی جەعفەری هەڵبژێرن، لەبری یاسای بارى کەسێتى یەکگرتوو.
Primary Asset

سبەى

دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق لەبەرژەوەندى مەزهەبی جەعفەرى لە یاساى بارى کەسێتى بڕیاریدا و دەرگاى تانەدانى لەسەر یاساکە داخست.

محەمەد خەفاجی ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانى عێراق، رۆژى یەکشەممە رایگەیاند، دادگای باڵای فیدراڵی داوایەکی یاسایی رەتکردەوە لەدژى یاساى بارى کەسێتى و جەختیکردووەتەوە یاساکە دەستوور پێشێل ناکات، ئەمەش وایکردووە یاساکە لە هەر تانەدانێکی دواتر رزگارى بێت.

وتیشى "ئێمە ئەو داوایەمان بردەوە کە پەیوەندی بە یاسای باری کەسییەوە هەیە، دادگاش رەتیکردەوە، چونکە هیچ پێشێلکارییەکی دەستووری نەبووە. ئەمەش بەو مانایەیە کە هەموو داواکانی دواتریش رەتدەکرێنەوە".

لە سەرەتای ئەمساڵەوە کە یاسای باری کەسایەتی دەرچووە، نۆ کەس کە نوێنەر و کەسایەتییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیشیان تێدایە، کە زۆرینەیان ژنن، تانەیان لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتى تۆمارکردووە. 

پەرلەمانى عێراق، رۆژى ٢٧ی ئاب، دەنگی لەسەر "یاسای شەریعەی فیقهی جەعفەری" دا، کە بڕگەیەکی یاسایی پەیوەندیدارە بە یاسای باری کەسێتییەوە کە پەرلەمان چەند مانگێک لەمەوبەر پەسەندی کردبوو.

 یاسای شەریعەتی فیقهی جەعفەری، دەقێکی فیقهی و یاساییە کە لەلایەن وەقفى شیعییەوە ئامادەکراوە. زیاتر لە ٣٠٠ ماددە لەخۆدەگرێت کە باس لە پرسەکانی باری کەسی دەکەن (وەک هاوسەرگیری، جیابوونەوە، میرات، وەسیەت، نەفەقە و سەرپەرشتی) بەپێی بنەماکانی فیقهی دوانزە ئیمامی (جەعفەری).

لە سەرەتای ئەمساڵدا پەرلەمانی عێراق هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959ی پەسەندکرد، کە ڕێگەی بە هاووڵاتیانی موسڵمانی شیعە داوە لە بابەتی هاوسەرگیری و جیابوونەوە و میرات و سەرپەرشتیکردن فیقهی جەعفەری هەڵبژێرن، لەبری یاسای بارى کەسێتى یەکگرتوو.

چەندین رێکخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، لەوانەش هیومان ڕایتس وۆچ، یاسا هەموارکراوەکەیان بە پاشەکشەکردن لە بنەمای یەکسانی و بە هەڕەشە بۆسەر مافەکانی ژنان و کچان زانی، بەتایبەتی سەبارەت بە تەمەنی هاوسەرگیری، مافی سەرپەرشتیکردن و میرات. بەڵام لایەنگرانی پێیان وایە دادپەروەری ئایینی بەدەست دەهێنێت و چوارچێوەیەکی یاسایی فەرمی کە لەمێژە چاوەڕوان دەکرا بۆ قوتابخانەی جەعفەری دابین دەکات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی