"هاوکارییەکانیان بەردەوام دەبن"؛ ئەمەریکا و هاوپەیمانان پێشمەرگە دڵنیادەکەنەوە

#پێشمەرگە#ئەمەریکا#هاوپەیمانان
3 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بەپێی لێکتێگەیشتنێکى نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پنتاگۆن) کە ساڵی 2016 واژۆکرا و ساڵى 2022 نوێکرایەوە، ئەمەریكا مانگانە 20 ملیۆن دۆلار دەداتە هێزەکانى پێشمەرگە، سەرەڕاى هاوکارى دیکەى وەک مەشق، چەک، پێداویستییە سەربازییەکان، تەقەمەنی و راوێژکاریی و تەندروستی.
Primary Asset

سبەى

وەزیری پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، دڵنیابوونەتەوە کە هاوکارییەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت، ئەوە لەکاتێکدایە واشنتن پلانى داناوە بۆ سفکردنەوەى پێدانى هاوکاریی دارایی بە پێشمەرگە لە ساڵى داهاتوودا.

ئەو وتانەى شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە رۆژى یەکی ئەیلولی 2025 لەمیانەى کۆبوونەوەیدا هات لەگەڵ کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و تیمێکی سەربازی یاوەری، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتى پێشمەرگە کە دەست سبەى کەوتووە.

لە کۆبوونەوەکەدا، دەربارەی دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی چاکسازی و بنیاتنانی دوو ناوچەی سەرکردایەتی سەربازی و فیرقەکانی پیادە لە وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆکرا، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە و هەوڵەکانیان بۆ سەرخستنی چاکسازی چڕترکردووەتەوە.

لەبارەی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسی نوسینگەی هاریکاری ئاسایش گفتوگۆیانکرد، وەزیری پێشمەرگە وتى "هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە قۆناغی گەشەسەندن و بەهێزبووندایە بۆ ئەمەش پێویستمان بە هاوکاری دۆستەکانمانە لە سەروو هەموویانەوە ئەمەریکا، دڵنیابووینەوە ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هاوکاری و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبن. "

لاى خۆیەوە، کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک جەختیکردەوە، بەردەوام هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەبن بۆ بنیتانانی ژێرخانێکی سەربازی نیشتمانی بەهێز و بە ئامانج گەیاندنی پرۆسەی چاکسازی.

قسەکانى وەزیرى پێشمەرگە لەبارەى دڵنیابوونەوە لە بەردەوامى هاوکاریی ئەمەریکا لەکاتێکدایە، لە پڕۆژە یاساى خەرجى بەرگرى ئەمەریکا بۆ ساڵى 2026 کە لەلایەن ئەنجومەنى پیرانى ئەمەریکاوە تاوتوێدەکرێت، واشنتن پلانى داناوە بۆ سفکردنەوەى پێدانى هاوکاریی دارایی بە پێشمەرگە، ئەوەش بەپێی ماڵپەڕى ئەلمەنیتۆرى ئەمەریکى لەکاتێکدا بەپێی پڕۆژەکە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لەهاوکاریی دارایی بە دژە تیرۆرى عێراق و هەسەدە تا ساڵى 2026.

بەپێی لێکتێگەیشتنێکى نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پنتاگۆن) کە ساڵی 2016 واژۆکرا و ساڵى 2022 نوێکرایەوە، ئەمەریكا مانگانە 20 ملیۆن دۆلار دەداتە هێزەکانى پێشمەرگە، سەرەڕاى هاوکارى دیکەى وەک مەشق، چەک، پێداویستییە سەربازییەکان، تەقەمەنی و راوێژکاریی و تەندروستی.

بەپێی لێکتێگەیشتنەکە کە تا مانگی 10ی ساڵی 2026 بەردەوام دەبێت، ئەمەریکا لە ناردنى هاوکارییەکان بەردەوام دەبێت، بەڵام ساڵانە 25% لەو بڕە پارەیە کەمدەکرێتەوە. ئەو بڕە پارەیە لەلایەن وەزارەتى پێشمەرگەوە وەک هاوکاریی دەدرێتە ئەو هێزانەى کە یەکیانگرتووەتەوە.

لە لێکتێگەیشتنەکەدا دوو مەرج دانراوە بۆ بەردەوام بوونى هاوکارییەکان لەدواى کۆتایی هاتنى، کە بریتین لە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، چاکسازیی و ریفۆرم.

"نزیکەى نیوەى هێزەکان یەکنەخراونەتەوە"

پشکنەرى گشتى ئەمەریکا جەختدەکاتەوە سەرەڕاى هەوڵە بەردەوامەکان بۆ چاکسازیی لەناو هێزەکانى پێشمەرگە و دروستکردنى یەکەى سەربازى لەدەرەوەى حزبەکان لەژێر فەرماندەییەکى یەکگرتوودا، بەڵام هێشتا بەشێکى زۆرى هێزەکان لەدەرەوەى وەزارەتى پێشمەرگە و لەژێر دەستى پارتى و یەکێتیدا ماونەتەوە. 

بەپێی دوایین راپۆرتى پشکنەرى گشتى ئەمەریکا لەبارەى هەڵسەنگاندنى کارەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمان لە چارەکى دووەمى ئەمساڵدا لە عێراق و سوریا و هەرێمى کوردستان، بەپێی لێکتێگەیشتنى ئەمەریکا و وەزارەتى پێشمەرگە 138 هەزار پێشمەرگە دەخرێنە ژێر فەرماندەیی وەزارەتى پێشمەرگەوە، بەڵام تا کۆتایی ئایارى ئەمساڵ 72 هەزار پێشمەرگە خراونەتە ژێر کۆنتڕۆڵى وەزارەتەکەوە، بەو پێیەش 66 هەزار پێشمەرگە کە نزیکەى نیوەى ژمارەى هێزەکانى پێشمەرگەیە هێشتا یەکنەخراونەتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، تا ئێستا ژمارەیەکى گەورەى پێشمەرگە لەدەرەوەى وەزارەتى پێشمەرگە و لەژێر فەرماندەیی حزبیدا ماونەتەوە کە خۆیان لە هێزەکانى 70 ى یەکێتى و 80 ى پارتى دەبیننەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، تا ئێستا هەژموونى حزب بەسەر پێشمەرگەوە ماوە، سەرەڕاى هەوڵە بەردەوامەکان بۆ دروستکردنى فیرقە و لیواى یەکگرتوو، هەرچەندە هەوڵەکان دروستکردنى چەندین یەکەى سەربازییان لەژێر فەرماندەیی یەکگرتوودا لێکەوتووەتەوە، بەڵام ئەو یەکانە هێشتا پارێزگاریان لەفەرماندە حزبییەکان کردووە و لەناوچەى ژێر هەژموونى حزبەکانیان کاردەکەن.

بەپێی لێکتێگەیشتنى پنتاگۆن و وەزارەتى پێشمەرگە، پێویستە هێزەکانى پێشمەرگە بەتەواوى رێکبخرێنەوە لەژێر فەرماندەیی وەزارەتى پێشمەرگەدا لەچوارچێوەى 11 فیرقەدا. لە چارەکى دووەمى ئەمساڵدا سێ لەو فیرقانە لەکۆى 11 فیرقە بەتەواوى دەستبەکاربوون و سیانى دیکە هێشتا بەشێوەى سەرەتایی دەستبەکاربوون.

راپۆرتەکە دەریدەخات کە پڕۆسەى چاکسازیی بەتەواوى پێشمەرگەى یەکنەخستووەتەوە، بەڵکو ئەوەى هەیە دووبارە رێکخستنەوەیە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی