سودانی: تا 120 ساڵی دیکە نەوت دەنێرینە بازاڕەکانی جیهان

#عێراق#نەوت#هەناردەکردن
2 ڕۆژ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: توانامان هەیە تا 120 ساڵی دیکە نەوت هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکەین. پلانیان هەیە هێڵی گواستنەوەی نەوتی عێراق- سوریاش کارا بکەنەوە.
Primary Asset

سبەی

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: توانامان هەیە تا 120 ساڵی دیکە نەوت هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکەین. پلانیان هەیە هێڵی گواستنەوەی نەوتی عێراق- سوریاش کارا بکەنەوە.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە وتارێکدا کە لە کۆڕبەندی بەغدادی نێودەوڵەتی بۆ وزە پێشکەشیکرد، رایگەیاند: کۆمەڵەی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت -ئۆپیک- ساڵی 1960 لە عێراق دامەزراو ئەندامێکی سەرەکیی و کارای ئەو رێکخراوەیە، لەئێستاشدا خاوەنی 150 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگە، بۆیە توانایان هەیە تا 120 ساڵی دیکە نەوت هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکەن.

ووتیشی: "ئەو بڕە نەوتەی وەک پشکی عێراق دیاریکراوە بۆ هەناردەکرد، لەگەڵ قەبارەی یەدەگ و توانای بەرهەمهێنان و ژمارەی دانیشتوانمان ناگونجێت".

سودانی ئاشکرای کرد، کرانەوەیەکی زیاتریان هەیە بۆ پێشوازیکردنی لە کۆمپانیا گەورەکانی نەوت بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و غازی عێراق.

جەختی کردەوە پابەندن بەوەی لە چەندین بواری جیاوازدا کاربکەن، لە روی مامەڵە لەگەڵ سامانی نەوت، پەرەپێدانی پاڵیۆگەکان، لەوانە کردنەوەی پاڵێوگەی گەورەی کەربەلا، لەگەڵ پەرەپێدانی یەکەکانی پاڵێوگەکانی دیکە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: شەش دەرفەتی وەبەرهێنانیان لە کەرتی پاڵێوگەکان رەخساندووە، بەمەبەستی رەخساندنی زەمینەی زیاتر بۆ کەرتی تایبەت.

سودانی دەڵێت: ئامانجی ستراتیژی گەورەیان هەیە بۆ گۆڕینی هەناردەی نەوت بۆ پێکهاتە و بەرهەمە نەوتییەکان لە بری نەوتی خاو، تا سالی 2030 پلانیان هەیە 40%ـی بەرهەمەکانی نەوت هەناردەی دەرەوە بکەن و بۆ ئەوەی چەندین پڕۆژەی بواری وزەیان دەستپێکردووە.

ئاشکرای کرد؛ گفتوگۆکانیان دەستپێکردووە بۆ کاراکردنی هێڵی گواستنەوەی نەوتی عێراق- سوریا، بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک دیکە لە بژاردەکانی هەناردەکردنی نەوت و دەروازەیەکی دیکە بێت. لەگەڵ هەوڵدان بۆ گەیاندنی بۆری نەوتی بەسرە بۆ حەدیسە بە درێژایی 685 کیلۆمەتر.

سودانی ئاماژەی بەوەکرد، وەبەرهێنان لە کەرتی غاز ئاسایشی زیاتری وزە بۆ عێراق دەستەبەر دەکات، بەتایبەتی بۆ پاڵپشتی بەرهەمهێنانی کارەبا، بۆ ئەوەش کۆتاییان بە سوتانی غازی هاوپێچ هێناوە بە بڕی 1300 ملیۆن پێی سێجا و دووبارە بەکارهێنانەوەی 70%ـی ئەو غازە لەماوەی دوو ساڵیدا بە یەکجاری کۆتایی بە سوتانی بێسودی غازی کێڵگە نەوتییەکان دەهێنن.

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی