سبەى
عێراق و ئێران ڕێکەوتنێکیان بۆ پەرەپێدانی دەروازە سنورییەکان واژۆ کرد، بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە تاران پابەند دەبێت بە داخستنی هەموو دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان لەگەڵ عێراق و نەکردنەوەى هیچ دەروازەیەکى نوێ بەبێ رەزامەندى بەغداد.
دەستەى دەروازە سنوورییەکانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە (8ی ئەیلولی 2025) رێککەوتنێکی 14 خاڵی لەگەڵ ئێران بۆ بەرزکردنەوە و پەرەپێدانی کاری دەروازە سنوورییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات ڕاگەیاند، بەگوێرەی راگەیەنراوێکی دەستەکە ڕێککەوتنەکە خزمەت بە بەرژەوەندییە ئەمنی و بازرگانییەکانی هەردوو وڵات دەکات.
رێککەوتنەکە لە میانی پێنجەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی دەروازە سنوورییەکان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق و بەرپرسی گشتی گومرکی ئێران واژۆکرا و لەلایەن وەزیری ناوخۆی ئێرانەوە جەختی لێکرایەوە.
رێکكەوتنەکە کۆمەڵێک بواری سەرەکی بۆ باشترکردنی هەماهەنگی و ڕێکخستنی ئۆپەراسیۆنەکان لە نێوان دوو وڵات دەگرێتەوە و خاڵە سەرەکییەکانی بریتین لە:
بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی: چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و لێکۆڵینەوە بۆ تاوانەکانی قاچاخ، لەوانەش کاڵا و ماددەی هۆشبەر، لەگەڵ هاوبەشکردنی زانیاری بەردەوام، هەروەها لایەنی ئێرانی پابەند دەبێت بە هەناردەنەکردنی ئەو کاڵایانە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە قەدەغەکراون.
سنووردارکردنی کردنەوەی دەروازەی نوێی سنووری: ئێران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر نەکردنەوەی هیچ دەروازەیەکی سنووری نوێ بەبێ ڕاوێژی پێشوەختە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق کە نوێنەرایەتی دەسەڵاتی دەروازە سنوورییەکان دەکات.
چاودێری ئاسایش: بەرزکردنەوەی چاودێری و بەدواداچوون و ئاڵوگۆڕی زانیاری ئەمنی و هەواڵگری بۆ ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی کەسانی گومانلێکراو و کەرەستەی گوماناوی.
بە ئەلیکترۆنیکردنی بازرگانی: ئێران پلانێکی ئەلیکترۆنی بۆ دەروازە وشکانییەکانی عێراق دابین دەکات کە هەموو داتاکانی بارهەڵگرەکان لەخۆدەگرێت، کە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی بەیەکتر دەبەسترێنەوە بەمەبەستی ئاسانکاری و خێراکردنی ڕێکارەکان.
ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی بەردەوام: هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان ٢٤ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا، حەوت ڕۆژ لە هەفتەیەکدا، بە ڕۆژانی هەینیشەوە، بۆ ئاسانکاری بازرگانیکردن بەبێ وەرگرتنی پارەی زیادە.
داخستنی دەروازە نافەرمیەکان: ئێران پابەند بوو بە داخستنی هەموو دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان لەگەڵ عێراق، کە کاریگەریی نەرێنی ئەمنی و ئابوورییان لەسەر هەردوو وڵات هەبووە.
بەپێی رێککەوتنەکەدا پڕۆسەی هاوردە و هەناردەکردن و چالاککردنی بازرگانی (ترانزێت) لە ڕێگەی خاکی عێراقەوە خێراتر دەکرێت.