کورد سەرمایەیەکی ژینگەیی لەدەستدا؛ دەریاچەی ورمێ بەتەواوی وشک بوو

#دەریاچەى ورمێ#رۆژهەڵاتى کوردستان#ئێران
9 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 9 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بەگوێرەی دوایین وێنە ئاسمانییەکانی ناسا (دامەزراوەی بۆشایی ئاسمانی نیشتمانی ئەمەریکا) هیچ شوێنەوارێک لە دەریاچەیەک کە سەردەمانێک شوێنی ژیانی ملیۆنان بوونەوەر بوو چیدیکە بوونی نەماوە، ئەگەرچی لە سەرەتای وەرزی هاویندا بەڕێوەبەرانی گشتیی ژینگە هۆشداریان لە وشکبوونی تەواو و سەد لە سەدی دەریاچە ورمێ تا کۆتایی هاوین دابوو.
Primary Asset

وشکبوونی دەریاچەکە ژیانی ملیۆنان کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەخاتە ژێر مەترسییەوە

سبەى

دەریاچەی ورمێ وەک گەورەترین دەریاچەی ئێران و سێیەم دەریاچەی سوێری جیهان بەتەواوەتی وشک بووە و لەسەر نەخشە نابیندرێت. شارەزایان دەڵێن وشکبوونی دەریاچەکە ژیانی ملیۆنان کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت ئێران دەخاتە ژێر مەترسییەوە، سەربارى ئەوەى بە وشکبوونى کورد سەرمایەیەکی ژینگەیی لەدەستدا.

بەگوێرەی دوایین وێنە ئاسمانییەکانی ناسا (دامەزراوەی بۆشایی ئاسمانی نیشتمانی ئەمەریکا)  هیچ شوێنەوارێک لە دەریاچەیەک کە سەردەمانێک شوێنی ژیانی ملیۆنان بوونەوەر بوو چیدیکە بوونی نەماوە، ئەگەرچی لە سەرەتای وەرزی هاویندا بەڕێوەبەرانی گشتیی ژینگە هۆشداریان لە وشکبوونی تەواو و سەد لە سەدی دەریاچە ورمێ تا کۆتایی هاوین دابوو.

هۆکارەکانی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ

وشکبوونی دەریاچەی ورمێ بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ "خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان" لە دەریاچەکەدا دەگەڕێنرێتەوە، لەوانە دروستکردنی بەنداو، لێدانی هەزاران چاڵاوی قووڵ بۆ دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوی و هەروەها کشتوکاڵی نەریتی، هۆکارگەلی سروشتی لەوانەش بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و کەمبوونەوەی بارانبارین، ئەگەرچی بە گوێرەی شارەزایانی ژینگە هۆکارە مرۆییەکان رۆڵی سەرەکیان گێراوە بۆ وشکبوونی دەریاچەی ورمێ:

دروستکردنی بەنداو: دروستکردنی زیاتر لە ٤٠ بەنداو لەسەر ئەو ڕووبارانەی کە بەرەو دەریاچەکە دەرۆن ڕێژەی ڕۆیشتنی ئاوی بۆ ناو دەریاچەکە کەمکردووەتەوە.

گەشەپێدانی کشتوکاڵی و زیادەڕۆیی لە دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی: دروستکردنی هەزاران بیر و چاڵاوی قووڵی بێ مۆڵەت و گەشەپێدانی کشتوکاڵی زیادەڕۆیی بووەتە هۆی فشارێکی زۆر لەسەر ئاوی ژێر زەوی و سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی .

شێوازی نەریتی و دواکەوتوانەی کشتوکاڵ: پلانی نادروست لە شێوازی چاندن و پەرەپێدانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەتایبەت ئەو بەرهەمانەی پێویستیان بە ئاویکی زۆر هەیە لە ناوچەی دەریاچەکە بووەتە هۆی زیادبوونی بەکارهێنانی ئاو و کەمبوونەوەی ئاوی پیویست بۆ زیندوومانەوەی دەریاچەکە.

هۆکارە سروشتییەکان: 

گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی: کەشوهەوای گەرمتر لە دەیەکانی ڕابردوودا بووەتە هۆی زیادبوونی هەڵمبوونی ئاو لە ڕووی دەریاچەکەوە.

کەمبوونەوەی بارانبارین: لە هەندێک قۆناغدا ڕێژەی بارانبارین کەم بووەتەوە بە بەراورد بە ڕابردوو، ئەمەش وایکردووە ئاوی ڕۆیشتوو بۆ دەریاچەکە کەمبێتەوە.

هۆکارە تەکنیکیەکان: 

دروستکردنی ڕێگای پرد لەسەر دەریاچەکە: دروستکردنی پردی شەهید کەلانتەری لەسەر دەریاچەکە بووە هۆی دوو بەش کردنی گۆمەگە و تێکدانی ڕێڕەوی دەریاچەکە.

دەرئەنجامی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ:

کەڵەکەبوونی ١٣ ملیار تەن خوێ لە دەریاچەکەدا دەبێتە هۆی ئەوەی لە مەودای ١٠٠ کیلۆمەتری دەریاچەکە مەترسی لەسەر ژیانی شەش ملیۆن کەس دروست بێت و ببێتە هۆی زیادبوونی نەخۆشییەکانی پێست و شێرپەنجە و زیانگەیاندن بە ژینگە و پەکخستنی کشتوکاڵ و نەهێشتنی هەنگ.

هەروەها شارەزایان و چالاکانی بواری ژینگە پێیان وایە وشکبوونی دەریاچەی ورمێ هەڕەشە لە ناوچەیەک دەکات لە دووری ٥٠٠ کیلۆمەتری ئەو دەریاچەیە، پێشبینیش دەکرێت گەردەلولى خوێ زۆرێک لە پارێزگاکانی ناوچەكە بگرێتەوە و ببێتە هۆی ئاوارەبوونی 13 ملیۆن کەس.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی