هەزاران کەس بۆ خوێندن بە زمانی کوردی لە باکووری کوردستان رژانە سەر شەقام

#زمانی کوردی#زمانی خوێندن#تورکیا#باکووری کوردستان
17 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 17 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • ئەمڕۆ هەزاران کەس بۆ خوێندن بە زمانی دایک لە باکووری کوردستان ڕژانە سەر شەقام و داوایان کرد زمانی کوردی وەک زمانی فەرمیی خوێندن لە تورکیا دانی پێدا بندرێت و کۆتایی بە سیاسەتی 100 ساڵەی قەدەغەکردنی زمانی کوردی بهێندرێت.
Primary Asset

سبەی

ئەمڕۆ هەزاران کەس بۆ خوێندن بە زمانی دایک لە باکووری کوردستان ڕژانە سەر شەقام و داوایان کرد زمانی کوردی وەک زمانی فەرمیی خوێندن لە تورکیا دانی پێدا بندرێت و کۆتایی بە سیاسەتی 100 ساڵەی قەدەغەکردنی زمانی کوردی بهێندرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 8ی ئەیلوولی 2025 لەگەڵ دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە تورکیا و باکووری کوردستان و هەزاران هاوڵاتی، چالاکوان، سیاسەتمەدار و نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە شارە گەورەکانی ئامەد، وان، شرنەخ، ئاگری، ئێڵح و سێرت، ڕژانە سەر شەقام و داوایان دەکرد خوێندن بە زمانی دایک بێت و زمانی کوردی وەک زمانی فەرمیی خوێندن لە تورکیا دانی پێدا بندرێت.

ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی، ئەندامانی کۆمەڵە و سەندیکا پەروەردەیی و ڕۆشنبیرییەکان و جەماوەرێکی فراوان بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد و بە یەک دەنگ جەخت کرایەوە کە بێبەشکردنی ملیۆنان منداڵی کورد لە خوێندن بە زمانی دایک، "تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە" کە ماوەی سەد ساڵە بەردەوامە. 

ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان و خەمخۆرانی زمانی کوردی جەختیان لەوە دەکردەوە هەر منداڵێک لەم مافە سروشتییە بێبەش بکرێت، لە ڕووی پەروەردەیی و دەروونییەوە زیانی گەورەی بەردەکەوێت و بەرەو پێش ناچێت.

ئەم ناڕەزایەتییە فراوانانە لە کاتێکدایە کە باس لە دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێ بۆ چارەسەریی پرسی کورد دەکرێت. بەڵام چالاکوانان و سیاسەتمەدارانی کورد ڕەخنەی ئەوە لە حکومەتی تورکیا دەگرن تا ئێستا هیچ "هەنگاوێکی کردەیی" بۆ سەرخستنی پرۆسەکە نەناوە. 

بە وتەی ئەوان، گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم ئاشتییەکی ڕاستەقینە و هەمیشەییدا، بەردەوامیی سیاسەتی نکۆڵیکردن و قەدەغەکارییە لەسەر زمانی کوردی.

ئەوان ئاماژەیان بەوە کرد ئاشتی تەنها بە چەکدانان نایەتە دی، بەڵکوو پێویستی بە داننانە بە مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کورددا، کە لە سەرووی هەموویانەوە مافی زمان و ناسنامەیە. 

خەمخۆرانی زمانی کوردی جەختیان لەوە کردەوە تا زمانی کوردی ستاتۆیەکی یاسایی و دەستووریی پێ نەدرێت و دەرگای قوتابخانەکان لە باخچەی ساوایانەوە تا زانکۆ بە ڕووی خوێندن بەم زمانەدا نەکرێتەوە، ناتوانرێت باسی ئاشتییەکی سەربەرزانە و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی بکرێت. 

ئەمەش وەک وەڵام بۆ لێدوانەکانی بەرپرسانی حکومەت لێک دەدرێتەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە "هیچ داواکارییەک بۆ خوێندن بە کوردی پێشکەش نەکراوە".

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی