بۆچی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا گیری خواردووە و وەک کارتی فشار لە دژی هەسەدە بەکاردەهێندرێت؟

#تورکیا#پرسی کورد#هەسەدە#پرۆسەی ئاشتی
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • تا هەسەدە سازشی ستراتیژی نەکات، حکومەتی تورکیا لە ناوخۆدا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نانێت بۆ ڕەخساندنی زەمینەسازیی یاسایی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی.
  • دوای زیاتر لە مانگێک، هێشتا لیژنە پەرلەمانییەکەی تورکیا هەر گوێ دەگرێت و یەک دێڕی پڕۆژەیاسایەکی ئامادە نەکردووە.
  • ئامانجی ستراتیژیی تورکیا هەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە لە ڕۆژئاوای کوردستان، نەک تەنها چارەسەریی پرسی کورد لە ناوخۆی تورکیادا.
  • لە چاوەڕوانیی هەنگاونانی کردەیی تورکیادا، هیواکان کاڵ دەبنەوە. تاکوو ئێستا لیژنە پەرلەمانییەکە ئامادە نییە لەگەڵ ئەندازیاری پرۆسەکە کە ئۆجەلانە کۆببێتەوە.
Primary Asset

سبەی

دوای چەند مانگێک لە دەستپێشخەرییە مێژوویییەکەی باخچەلی و بەدەمەوەهاتنی ئۆجەلان، ئەو لیژنە پەرلەمانییەی کە بڕیار بوو "زەمینەی یاسایی" بۆ پرۆسەی ئاشتی بڕەخسێنێت، هێشتا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە. شرۆڤەکاران پێیان وایە چارەسەریی پرسی کورد بووەتە بارمتەی ستراتیژیی ئەنقەرە لە سوریا و چارەنووسی پرۆسەکە بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و چارەنووسی هەسەدەوە بەستراوەتەوە.

چەند مانگێک لەمەوبەر، دوای دەستپێشخەرییەکی مێژوویی و چاوەڕواننەکراوی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، بەدەمەوەهاتنی بانگەوازەکەی لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە، تورکیا چووە قۆناغێکی نوێوە بۆ چارەسەری پرسی کورد. دوابەدوای بڕیاری پەکەکە بۆ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە، پێکهێنانی لیژنەی "یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" وەک هەنگاونانی کردەیی بۆ ڕەخساندنی "زەمینەیەکی یاسایی" سەیر کرا. ئەرکی سەرەکیی لیژنەکە، ئامادەکردنی پڕۆژەیاسا بوو بۆ کردنەوەی کەناڵە سیاسی و یاساییەکان لەبەردەم پرۆسەی ئاشتیدا. بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەندین مانگ، ئەم لیژنەیە هێشتا لە بازنەی "گوێگرتن"دا دەخولێتەوە و هیچ هەنگاوێکی کردەیی بەرەو ئامانجەکانی نەناوە، ئەمەش نیگەرانی و بێهیوایی لای لایەنی کوردی و چاودێرانی پرۆسەکە دروست کردووە.

لە ماوەی ڕابردوودا، لیژنەکە دەیان کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەکادیمییەکان، کەسوکاری قوربانییانی شەڕی پەکەکە تورکیا و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا ئەنجام داوە. هەرچەندە ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنییە، بەڵام نەبوونی هیچ بەرهەمێکی یاسایی، وای کردووە وەک میکانیزمێک بۆ کات بەسەربردن سەیر بکرێت. 

خاڵی هەرە جەوهەری، خۆبواردنی لیژنەکەیە لە پێکهێنانی شاندێک بۆ سەردانیکردنی ئیمراڵی و دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کە وەک ئەندازیار و کارەکتەری سەرەکیی پرۆسەکە دەبینرێت. پشتگوێخستنی ڕۆڵی ئەو، پرسیاری جددی لەسەر ئیرادەی حکومەت بۆ چارەسەرییەکی ڕاستەقینە دروست دەکات.

هۆکارەکانی پشت ئەم وەستانە چین؟

سەرەڕای ئەوەی پرۆسەکە بە دەستپێشخەریی خودی باخچەلی دەستی پێکرد، شرۆڤەکاران پێیان وایە هۆکاری سستییەکە دەگەڕێتەوە بۆ هاوکێشەیەکی ئاڵۆزی ناوخۆیی و دەرەکی. لەسەر ئاستی ناوخۆیی، هەرچەندە مەهەپە دەرگای کردووەتەوە، بەڵام حکومەت هێشتا نیگەرانی کاردانەوەی بنکە جەماوەرییە ناسیۆنالیستەکەیەتی و نایەوێت بە پەلە هەنگاوی وا بنێت کە وەک "سازشکردن" لێکبدرێتەوە، بەتایبەتی پێش ئەوەی هیچ دەستکەوتێکی بەرجەستەی لە بەرامبەردا مسۆگەر کردبێت.

بەڵام هۆکاری ستراتیژی و کاریگەرتر، دۆخی ڕۆژئاوای کوردستانە. شرۆڤەکاران کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەنقەرە چارەنووسی پرۆسەی ئاشتیی ناوخۆیی بەستووەتەوە بە چارەنووسی دۆخی ڕۆژئاواوە. 

ئامانجی سەرەکیی تورکیا، هەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)یە لەگەڵ ئیدارەی نوێی دیمەشقدا بە شێوەیەک کە هەژموونی ئەوان نەهێڵێت. 

تا ئەو کاتەی هەسەدە ئامادە نەبێت سازشی ستراتیژی بکات، حکومەتی تورکیاش ئامادە نییە لە ناوخۆدا هەنگاوی کردەیی بنێت. 

بە واتایەکی تر، ئەنقەرە چاوەڕێی ئەنجامی دانوستانەکانی سوریا دەکات، پێش ئەوەی لە ناوخۆدا کارتی ئاشتی بەکاربهێنێت. لەم هاوکێشەیەدا، لیژنە پەرلەمانییەکە و چارەسەریی پرسی کورد بوونەتە بارمتەی هاوکێشە جیۆپۆلەتیکییەکان.

پاشخان و کرۆنۆلۆژیای پرۆسەیەکی وەستاو

بۆ تێگەیشتن لە هەستیاریی دۆخەکە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ وێستگە سەرەکییەکانی ئەم پرۆسە نوێیە:

1ـی تشرینی یەکەمی 2024: لە وەرزی نوێی یاسادانان دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە لە پەرلەمان چووە لای پەرلەمانتارانی دەم پارتی و تۆقەی لەگەڵدا کردن.

22ـی تشرینی یەکەمی 2024: دەولەت باخچەلی لە گۆڕانکارییەکی سیاسیی چاوەڕواننەکراودا، داوای کرد کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، تاکوو زەمینەی ئەوە بڕەخسێنن بە مەرج ئازاد بکرێت. چەندین جاریش جەختی لەسەر پێویستی هێنانەدی ئاشتی لە ناوخۆی تورکیا کردەوە.

27ـی شوباتی 2025: عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامێکیدا بە فەرمی وەڵامی دەستپێشخەرییەکەی دایەوە و داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، هاوکات ڕەخساندنی زەمینەسازیی یاسایی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ ئەمە بە پێویست زانی. 

12ـی ئایاری 2025: پەکەکە پابەندبوونی خۆی بە بانگەوازەکەی ئۆجەلانەوە ڕاگەیاند و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و دەستپێکردنی پرۆسەی چەکدانانی دا.

11ـی تەمموزی 2025: وەک هەنگاوێکی سیمبولی، گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ڕێوڕەسمێکدا چەکەکانیان سووتاند.

1ـی ئابی 2025: لیژنە پەرلەمانییەکە بە بەشداریی نوێنەرانی پارتەکان (جگە لە هەندێک پارتی بچووکی ئۆپۆزسیۆن) پێکهێنرا و دواتر دەستبەکار بوو.

بڕیارە کارەکانی لیژنەکە تا کۆتایی ئەم وەرزەی پەرلەمان بەردەوام بێت. لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی نوێی یاسادانان لە 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، چاوەڕوان دەکرا لیژنەکە پڕۆژەیاساکانی ئامادە کردبێت. بەڵام بەم سستییەی ئێستاوە، چارەنووسی لیژنەکە و خودی پرۆسەکە لە بەردەم داهاتوویەکی نادیاردایە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی