سبەی
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە لەبارەی ئەو بانگەوازانەی کە داوای دیداری لیژنە پەرلەمانییەکە دەکەن لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕایگەیاند: “لیژنەکە خۆی دادەنیشێت و ئەم بابەتە تاوتوێ دەکات.”
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، لە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی "جومهورییەت"، وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە ڕۆژەڤی سیاسیی تورکیای دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵوێستی جەهەپە لەسەر پێشنیازی سەردانی لیژنە پەرلەمانییەکە بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئۆزەل وتی: “لیژنەکە خۆی کۆدەبێتەوە و گفتوگۆی لەسەر دەکات. شێوازی بڕیاردان دیارە. ئەگەر بابەتێک لە ڕۆژەڤی لیژنەکەدا لە سەرووی دەسەڵاتی ئەندامەکانمان بوو، دەبێت بیهێنن بۆ ئێمە. تا ئێستا شتێکی وا نەگەیشتووەتە دەستمان. نازانین کێ بە ناوی لیژنەکەوە دەچێت و بۆ چ مەبەستێکە. پێشتریش پرسیاری ئەوەیان لێکردووم کە 'ئایا سەردانی ئیمراڵی دەکەن؟'، بە نیازی شتی وا نین. کاتێک ئەم بابەتە دێتە بەرباس لە لیژنەکە، هاوڕێکانمان وردەکارییەکانمان پێ دەڵێن و ئەو کاتە ئێمەش گفتوگۆی لەسەر دەکەین.”
لیژنەکە دەیەوێت کات بکوژێت
ئۆزەل ئاماژەی بەوە کرد کە "ناکۆکییەک" لە نێوان مەهەپە و ئاکپارتیدا هەیە و دەڵێت: “لەسەرەتای پرۆسەکەوە، چەند خاڵێکیان باس کردبوو. وتبوویان هیچ جۆرە سازشێک بەرامبەر پەکەکە ناکرێت و دەبێت بێ مەرج چەک دابنرێت. بە جۆرێک باسیان دەکرد کە گوایە یەپەگەش چەک دابنێت. هەموومان دەمانزانی ئەمە ڕاست نییە. ئێستا کە سەیری ڕووداوەکانی سوریا و هەڵوێستی ئەمەریکا لەسەر هەسەدە دەکەین، دەردەکەوێت کە لیژنەکە دەیەوێت کات بەسەر ببات و پرۆسەکە درێژ بکاتەوە.”
ئامادەین بەرپرسیارێتی هەڵبگرین
ئۆزەل باسی لەوەش کرد کە هەندێک لایەن دەیانەوێت "ئەگەر کێشەیەک لە لیژنەکەدا دروست بوو، تاوانەکەی بخەنە ئەستۆی جەهەپە، یان وا بکەن جەهەپە لە لیژنەکە بکشێتەوە و بە هۆکاری تێکچوونی پرۆسەکە دابنرێت." ئۆزەل وتیشی: “چاوەڕێ دەکەن ئێمە مێزەکە هەڵبگەڕێنینەوە، بەڵام ئەو دەرفەتەیان پێنادەین. ئەوان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، ئامادە نین هەنگاوی دیموکراتی بنێن. ئێمە لەسەر ئەو مەرجانە دەمێنینەوە کە لە سەرەتاوە دیاریمان کردوون. لەسەر ئەو مێزە باسی گۆڕینی دەستوور ناکەین و کارێک ناکەین شەرمەزاری خانەوادەی سەربازە کوژراوەکانی تورکیا بین. بەڵام بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ڕێگەی دیموکراسییەوە، ئامادەین هەموو کارێک بکەین و بەرپرسیارێتی هەڵبگرین.”
با لیژنەکە باسی زیندانییە نەخۆشەکان و قەییوم بکات
ئۆزەل ڕایگەیاند کە ئەندامانی جەهەپە لە لیژنەکەدا، دۆخی زیندانییە نەخۆشەکان و پرسی قەییوم دێننە ڕۆژەڤەوە و وتی: “لەبری کشانەوە، داوا لە لیژنەکە دەکەین چەند هەنگاوێک بۆ بەرزکردنەوەی متمانە و دیموکراتیزەکردنی تورکیا بنێت. یەکەم هەنگاو با چارەسەرکردنی کێشەی زیندانییە نەخۆشەکان بێت. دواتر با لیژنەکە لەسەر پرسی قەییوم قسە بکات. با بزانین کێ لەسەر قسەی خۆیەتی و ڕاستگۆیە.”