مەترسی بڵاوبوونەوەی جەنگ لە ئەوروپا؛ فینلاند ئامادەکاری بۆ ئەگەری هێرشی روسیا دەکات

#ئەوروپا#یەکێتى ئەوروپا#ئۆکراین#روسیا#فینلاند
7 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • مەترسی بڵاوبوونەوەی جەنگ بۆ ناوچەکانی دیکەی ئەوروپا لەوانەش فینلاند زۆرە
  • ئەمەریکا وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەوروپا ڕۆڵێکی ستراتیژی و دیاریکەر دەگێڕێت
  • ڕۆڵی جیهانی یەکێتی ئەوروپا بەهۆی نەبوونی متمانە و یەکڕیزییەوە کەم و لاواز بووە
  • بەرپرسانی پێشووی یەکێتی ئەوروپا: ستراتیژی بەرپرسانی ئێستای یەکێتی ئەوروپا دڵخۆشکردنی سەرۆکی ئەمەریکایە
  • بەرپرسانی پێشووی یەکێتی ئەوروپا: بەزەحمەت دەتوانرێت ئەوروپا بە ئەکتەرێکی ستراتیژی سەربەخۆ هەژمار بکرێت
Primary Asset

سبەی

لە کاتێکدا جەنگ لە نێوان روسیا و ئۆکراینا بەچڕی بەردەوامە کە مەترسی بڵاوبوونەوەی جەنگ بۆ ناوچەکانی دیکەی ئەوروپا لەوانەش فینلاند زۆرە، لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی پێشووی یەکێتی ئەوروپا دەڵێن لە ئێستادا سەرۆکی وڵاتانی ئەوروپی تەنها بەنیازی دڵخۆشکردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکان و ئەوەش سەربەخۆیی کێشوەری سەوزی خستووەتە مەترسییەوە.

گرژییە بەردەوامەکانی نێوان روسیا و ئەوروپا بە تایبەتی سەبارەت بە ئۆکراینا و سنوورەکانی باکووری ئەوروپا، خەریکە دەگۆڕێت بۆ یەکێک لە ئاڵۆزترین قەیرانە ئەمنییەکان لە ماوەی دەیان ساڵدا، چڕی چالاکییە سەربازییەکانی روسیا لە ئۆکرانیا و بەهێزبوونی ئامادەیی سەربازیی روسیا لە ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ فینلاند و وڵاتانی دراوسێ، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەگەری تەشەنەسەندنی ململانێیەکان تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێستاش زۆرە. 

هاوکات ئەمەریکا وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەوروپا و ئەندامێکی سەرەکی ناتۆ، ڕۆڵێکی ستراتیژی و دیاریکەر دەگێڕێت، واشنتن نەک هەر ئامادەیی ڕاستەوخۆی لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا هەیە لە شێوەی ناردنی چەکی پێشکەوتوو و ڕاهێنانی هێزەکانی ئۆکراینا و بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری لەو وڵاتانە، بەڵکو بووەتە فاکتەرێکی بەهێز و کارا لە ڕێگەی جێبەجێکردنی سزا ئابوورییە بەرفراوانەکان دژی روسیا و پێشکەشکردنی پشتیوانی دیپلۆماسی بۆ ئەوروپا. 

ئەم دۆخە تێکەڵەیەکە لە ئەگەری پەرەسەندنی ململانێی سەربازی و گوشاری ئابووری و کێبڕکێی جیۆپۆلەتیکی ئاڵۆزی دروستکردووە، ئەمەش وایکردووە هەر جوڵەیەکی سەربازی یان سیاسی، تەنانەت بچووکیش بێت، زنجیرەیەک کاردانەوەی توند لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی لێ بکەوێتەوە.

خاڵی سەرەکی گرژییەکانی نێوان روسیا و ئەوروپا لەسەر ئۆکراینا، هاوکات فینلاند و وڵاتانی دراوسێی ناتۆ سنوورەکانیان بەهێزتر کردووە و ئەوروپاش بە تێکەڵەیەک لە سزا و پشتیوانی سەربازی و دیپلۆماسی ڕووبەڕووی روسیا دەبێتەوە. ئەگەری شەڕی ڕاستەوخۆ لە نێوان ناتۆ و روسیا کەمە، بەڵام مەترسی شەڕی تێکەڵاو، ڕووداوی سنووری و پەرەسەندنی ململانێ ناوخۆییەکان هەروا زۆرە و پێویستی بە بەڕێوەبردنی چالاک و هەماهەنگ هەیە.

دۆخی وڵاتانی سەرەکی

 ئۆکراینا ناوەندی ململانێی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ روسیا. هێزەکانی روسیا هێرشی زەمینی و ئاسمانی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ئەو وڵاتە ئەنجام دەدەن و ناوچە سەرەکییە ئابووری و ئیدارییەکان دەکەنە ئامانج. ئەوروپا و ناتۆ ئەم ململانێیە بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی کیشوەرەکە دەزانن، چونکە مەترسی بڵاوبوونەوەی جەنگ و دروستکردنی شەپۆلی پەنابەران زۆرە. 

دوای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا، فینلاند کە مێژوویەکی دوور و درێژی بێلایەنی هەبوو، بوو بە ئەندامی ناتۆ و هاوکات ئەو وڵاتە سنوورە دوور و درێژەکانی لەگەڵ روسیا بەهێزتر کردووە، یەکەکانی سنووری و بەرگریی زیاد کردووە و سیستەمی بەرگریی جێگیر کردووە. ئەم گۆڕانکارییە ستراتیژییە گرژییەکانی باکووری ئەوروپای گەورەتر کردووە.

هەڕەشەی فینلاند بۆ سەر ئاسایشی مۆسکۆ

 دوای ئەوەی ئۆکراینا ئێستا نۆرەی یەکێکی دیکە لە دراوسێکانی مۆسکۆیە. هەر لەو پێوەندییەدا دیمیتری مێدڤێدێڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا لە وتارێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی تاس لە ژێر ناوی "دکتورینی نوێی فینلاند: گەمژەیی، درۆ و بێ منەتی" نووسیویەتی: "دوای ئەوەی لە ژێر پەردەی ڕێوشوێنی بەرگریدا فینلاند بوو بە ئەندامی ناتۆ ئەوەش بەو مانایە دێت کە ئەو وڵاتە بژاردەی ڕوبەڕوبوونەوە هەڵبژارد و ئامادەکاریی دەکات بۆ شەڕ لەگەڵ روسیا.

مێدڤیدێڤ دەڵێت: ناتۆ بە تەواوی بەشدارە لەم هەوڵانەدا و ئێستا کۆنترۆڵی پێنج سێکتێری ئۆپەراسیۆنی سەربازی فینلاند دەکات لەوانەش: وشکانی، دەریایی، ئاسمانی، بۆشایی ئاسمان و فەزای ئەلیکترۆنی و  چالاکییە سەربازییەکان چڕتر دەبنەوە.

بە وتەی مێدڤێدێڤ، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پێشووی روسیا، دامەزراندنی پێکهاتەی بارەگایەک بۆ هێزە زەمینییە پێشکەوتووەکانی ناتۆ لە نزیک سنووری روسیا لە ناوچەی لاپلاند بەردەوامە، ڕوونیشیکردەوە، “ئەگەر بارودۆخی ئۆپەراسیۆنەکان گۆڕانکاری بەسەردا بێت، ئەوا ژمارەی سەربازەکان دەتوانن بەرزببنەوە بۆ ئاستی لیوایەکی تەواو، واتە نزیکەی پێنج هەزار کەس”. مێدڤێدێڤ هەروەها باسی لە دامەزراندنی بارەگای هێزی زەمینی ناتۆ لە شاری میکێلی کرد.

چارەنووسی ئەوروپا تاریکە 

ڕۆڵی جیهانی یەکێتی ئەوروپا بەهۆی نەبوونی متمانە و یەکڕیزییەوە کەم و لاواز بووە و هاوپەیمانییەک لە لایەنگرانی ترەمپ حوکمڕانی ئەنجومەن و کۆمیسیۆنی ئەوروپا دەکەن.

بەشێک لە بەرپرسانی پێشووی یەکێتی ئەوروپا ڕەخنە لە ڕێککەوتنە بازرگانییەکەی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا دەگرن و بە نیشانەی لاوازی و تەسلیمبوون بە ترەمپ پێناسەی دەکەن و هۆشداریش دەدەن لەوەی کە ئەوروپا بە لەدەستدانی سەربەخۆیی ستراتژیکی خۆی وەک ئامرازێکی دەستی ئەمەریکا تووشی چارەنووسێکی تاریک دەبێت.

لای خۆشییەوە جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی پێشووی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەو بارەیەوە دەڵێت: دوای پێدانی ئیمتیازاتی بێ بەرامبەر بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی بەرگری و بازرگانی و قبوڵکردنی ڕۆڵێکی بچووک لە قەیرانی ئۆکراینا، ئێستا ئەوروپا "بە شێوەیەکی مەترسیدار پارچەپارچە و لاواز دەردەکەوێت و لە ژینگەیەکی دوژمنکارانەی ناوخۆیی و دەرەکیدا گیرۆدە بووە".

بەرپرسی پێشووی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بەوەکرد، ستراتیژی بەرپرسانی ئێستای یەکێتی ئەوروپا دڵخۆشکردنی سەرۆکی ئەمەریکایە ئەوەش دواجار وابەستەیی سیاسی و ستراتیژی و ئابووری بە ئەمەریکا زیاتر دەکات و بە ئەوروپا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش تووشی شکست دەکات. 

بۆرێڵ مانگی ڕابردوو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە بانگەشەی ئەوروپا بۆ "ئۆتۆنۆمی ستراتیژی" لە باشترین سیناریۆی ڕێککەوتنی بازرگانی نێوان واشنتن و برۆکسلدا لاواز دەردەکەوێت.

 ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕوانگەی سیاسییەوە ئەنجامەکە زۆر خراپە، ئەم ئەنجامە هەستکردن بە لاوازی و تەسلیمبوون بە داواکارییەکانی دۆناڵد ترەمپ دروست دەکات و ئەوە نیشان دەدات کە بەزەحمەت دەتوانرێت ئەوروپا بە ئەکتەرێکی ستراتیژی سەربەخۆ هەژمار بکرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی