سبەی
مەسرور بارزانی رایگەیاند: شاندی هەرێمی کوردستان لە دانوستاندایە لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵی، لەسەر پرسی داهاتە نانەوتییەکان گەیشتونەتە قۆناغی کۆتایی و لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتیش هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی نەماوە نە لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان نە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی.
ئەمڕۆ سێشەممە لە پەراوێزی پێشانگای نێودەوڵەتیی وەبەرهێنان و خانووبەرەی هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هیوای خواست کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد چارەسەر بکرێت، رایگەیاند: هەموو جارێک کێشەی نوێ لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە هاتووەتە ئاراوە و هەوڵمانداوە ئەو کێشانە چارەسەر بکەین، ئەوەی لای ئێمە گرنگە سەقامگیری و بەردەوامی پێشکەوتنی ئابوری هەرێمی کوردستانە.
وتیشی: "ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانە ئەنجامی دەدات و بەردەوام دەبێت، ئێستا شاندەکانی ئێمە بەردەوامن لە گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵی لەسەر داهاتە نانەوتییەکان گەیشتوینەتە قۆناغی کۆتایی، لەسەر هەنارەدەکردنی نەوتیش هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی نەماوە نە لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان نە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، ئەوەی ماوە خاڵێکە لەنێوان کۆمپانیاکان و حکومەتی فیدراڵی، کۆمپانیاکان ئێستا داوای گەرەنتی دەکەن بۆ بەردەوامبوونی شایستە داراییەکانیان".
مەسرور بارزانی رایگەیاند: پێشتر بانگهێشتیان ئاڕاستەی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کردووە بۆ کارکردن لە هەرێمی کوردستان و ئێستا وەفدێکی کۆمپاناکان لە هەرێمی کوردستانن، ئەمڕۆ کۆبونەوەی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان هەیە بۆ ئەوەی لە هەمو سێکستەرەکان و بەتایبەتی لە روی پەیوەندی بازرگانی و ئابوری و سەرجەم کەرتەکان لە هەرێمی کوردستان کاربکەن، پێشتریش سیاسەتی حکومەتی هەرێم فرەچەشنکردنی کەرتی ئابوری و بازرگانی بووە لە هەموو رویەکەوە.
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمیش، مەسرور بارزانی رایگەیاند: لەدوای هەڵبژاردنەکانەوە ئامادەبوون بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام دەبێت هاوبەشەکانی دیکەشمان ئامادەبن، هەرکات ئەوان ئامادەبوون حکومەتی پێکدەهێنین.