سبەی
پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە ئەو پارەیەی بۆ درەوشانەوەی پێست بە کرێمی دەدەن، خۆراکی تەندروست و سوودبەخشی پێ بکڕن، پێستتان بە گەشی دەهێڵێتەوە.
لە کاتێکدا ساڵانە ملیارەها دۆلار بۆ کرێمی گرانبەها و چارەسەری جوانکاری خەرج دەکرێت، پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە کە نهێنیی ڕاستەقینەی پێستێکی جوان لەوانەیە زۆر ئاسانتر بێت و ئەو خۆراکانەیە کە دەیخۆین. بۆ نموونە، قەبارەی بازاڕی بەرهەمەکانی پێست لە بەریتانیا 2.39 ملیار پاوەندە، بەڵام زۆرجار کاریگەریی سیستەمی خۆراکی لەسەر پێست پشتگوێ دەخرێت.
پسپۆڕانی وەک دکتۆر ئەلێکسیس گرانیت و ئێلی کۆڵز کۆکن لەسەر ئەوەی کە هەرچەندە خۆراک بە تەنها ناتوانێت هەموو کێشەکانی پێست چارەسەر بکات، بەڵام گۆڕانکاریی بچووک لە سیستەمی خۆراکیدا دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کەمکردنەوەی وشکی، پەڵە و چرچییە وردەکان هەبێت.
ئەوان پێشنیازی ئەم خاڵانە دەکەن:
یەکەم: وەرگرتنی ئۆمێگا-3 کە لە ماسییە چەورەکان (وەک سەلەمون)، گوێز و تۆوی چیادا هەیە، شێداریی پێست زیاد دەکات و وەک دژە-هەوکردنێک کار دەکات.
دووەم: ڕۆژانە خواردنی 5 جێ میوە و سەوزەی ڕەنگاوڕەنگ. بەتایبەتی ئەوانەی ڕەنگیان زەرد، پرتەقاڵی و سوورە (وەک گێزەر و پەتاتەی شیرین)، ڤیتامین A و C بۆ بەرهەمهێنانی کۆلاجین و پاراستنی پێست پێویستن.
هەروەها دڵنیابوونەوە لە وەرگرتنی بڕی پێویست لە زینک، کە لە برۆکلی و پاقلەمەنییەکاندا هەیە، یارمەتی چاکبوونەوەی پێست دەدات.
لە لایەکی دیکەوە، پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لە خواردنی شەکرە دەستکردەکان، چونکە زیان بە کۆلاجین و ئیلاستینی پێست دەگەیەنن.
خواردنەوەی بڕی پێویست ئاو (نزیکەی 2 لیتر لە ڕۆژێکدا) زۆر گرنگە، بەڵام پێویستە کحول نەخورێتەوە چونکە پێست وشک دەکاتەوە.
پسپۆڕان ئەو باوەڕە باوە ڕەت دەکەنەوە کە بەرهەمە شیرەمەنییەکان بە شێوەیەکی گشتی زیانبەخشن، بەڵام پێشنیازی جۆرە کەم چەورییەکانی دەکەن.
توێژینەوە نوێیەکان گرنگیی "تەندروستیی ڕیخۆڵە" بۆ پێست دەردەخەن، بۆیە خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە ڕیشاڵ و پرۆبایۆتیک بەسوودە.
پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە خۆراکی تەندروست بە تەنها بەس نییە، بەڵکوو لەگەڵ ئەویشدا خەوتان باش بێت، سترێس کۆنتڕۆڵ بکەن، جگەرە نەکێشن و و دژەخۆر بەکار بهێنن.