سبەی
ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی ئاشکرای کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە شاندی ئیمراڵیی گوتووە شتی زۆر گرنگ هەیە دەیەوێت بە لیژنە پەرلەمانییەکەی بڵێت.
ئەمڕۆ سێشەممە (9ـی ئەیلوولی 2025) ئایشەگول دۆغان لە بارەگای گشتیی دەم پارتی لە ئەنقەرە لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی تورکیا و پرۆسەی ئاشتییەوە دوا.
دۆغان بە توندی دژی دانانی قەییوم بۆ سەرۆکی لقی ئیستانبوڵی جەهەپە وەستایەوە. جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و یاسا کراوەتە داردەستی دەسەڵات و دەڵێت: "قەییوم کە کودەتایە سەر ئیرادەی گەلدا سەرەتا بۆ شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان داندراو و ئێستاش دۆخەکە گەیشتووەتە ئەوەی بۆ ڕێکخستنی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنیش دادەندرێت. دەسەڵات کە توانای ڕکابەری سیاسی نەماوە، بۆیە پەنا دەباتە بەر ئەو کارە نایاساییانە".
پێویستە لە قاڵبە باوەکان دەرچین
ئایشەگول دۆغان سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ئەگەر لیژنە پەرلەمانییەکە لەگەڵ ئۆجەلان کۆ نەبێتەوە، ئەوا لەو خاڵە هەرە گرنگانە دوور دەکەونەوە کە لیژنەکە بۆی پێک هێندراوە و دەڵێت: "بۆ ئەوەی کارەکانی لیژنەکە ئەنجامی هەبێت، دەبێت لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە. شتی نوێ بە خووە کۆنەکان بنیات نانرێت. پێویستە لە قاڵبە باوەکان دەرچین، ئەمەیش پێویستی بە وەرچەرخانە. بە ئەنجامدانی دەستپێشخەرییەک کە بتوانێت شوێنەوارێکی گرنگ لە مێژوودا بەجێ بهێڵێت. کەچی هێشتا چی هەڵدەبژێردرێت؟ تابۆکان. پێویستە واز لەم دوو تێگەیشتنە بهێنرێت: دروستکردنی تابۆ، یان پاراستنی تابۆکان لەسەر بنەمای کۆدە کۆنەکان. نە پێویستیمان بە تابۆی نوێ هەیە لە تورکیادا، نە پێویستیمان بە پاراستنی ئەوانەی ئێستا هەیە. بەپێچەوانەوە، ئەوانە تا ئێستا زیانیان بە وڵات گەیاندووە".
پێویستە ڕێگایەک بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجەلان بدۆزرێتەوە
ئایشەگول دۆغان ئاشکرای کرد کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە شاندی ئیمراڵیی دەم پارتیی گوتووە شتی زۆر گرنگ هەیە دەیەوێت بە لیژنە پەرلەمانییەکەی بڵێت و دەڵێت: "لیژنەکە ناچارە ڕێگایەک بدۆزێتەوە بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجەلان. ئەمە پێویستییەکە و دەبێت بکرێت".
گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژە بەوە دەدات هەوڵدان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی پێویستی بە گوێگرتن لە ئەندازیاری خودی پرۆسەکە و دەڵێت: “ئەگەر دەتانەوێت پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی بە شێوەیەکی سروشتی بەڕێوە بچێت، پێویستە ڕێگە بۆ سەرکردەیەک خۆش بکەن کە دەیان ساڵە لەم بوارەدا کار دەکات، زەمینەی سیاسی و یاسایی بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە دۆزیووەتەوە. بەڕێز ئۆجەلان تەنها بە ئەندازەی دوورگەیەک دوورە، بەڵام لێرە مشتومڕەکان بە شێوەیەکی جیاواز بەڕێوە دەچن. ئێمە ئەمە بە ڕاست نازانین و دووبارەی دەکەینەوە کە پێویستە بە دڵنیاییەوە دیدار لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان ئەنجام بدرێت.”
شاندێکی بەرفراوان سەردانی ئۆجەلان دەکەن
دۆغان وتەکانی دەوڵەت باخچەلی بیر هێنایەوە کە وتبووی "با بێت لە پەرلەمان قسە بکات، با مافی هیوای پێ بدرێت" و ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵێک بەسەر ئەو وتانەدا تێپەڕیوە. دۆغان وتی: "لە دەسەڵاتەوە تا ئۆپۆزسیۆن، دەبێت هەموو لایەک هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن بەرامبەر بە وەڵامی ئەم پرسیارە و کاری بۆ بکەن. ساڵێک تێپەڕی، لەم قۆناغەی پێی گەیشتووین، نەدەبوو بابەتی قسەکردنمان ئەمە بووایە."
ئایشەگول دۆغان ڕایگەیاند کە شاندێکی پارتەکەیان، کە هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهانیشیان لەگەڵە، هەفتەی داهاتوو دەچنە دوورگەی ئیمراڵی و سەردانی ئۆجەلان دەکەن.
نابێت بە قسەش باس لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان بکرێت
ئایشەگول دۆغان ئاماژەی بە هەڕەشەکان بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان کرد و دەڵێت: "بەردەوام لێدوان دەدرێت لەبارەی یەپەگە، پەیەدە و هەسەدە دەبینین. هەوڵ دەدرێت دەستکەوتەکانی کورد وەک هەڕەشەیەک نیشان بدرێت. ئێمە دەڵێین ئیتر دەبێت واز لەمەش بهێنرێت. ئەم زمانە زمانی دۆستایەتی نییە. ئەمە زمانی گەڕان بەدوای چارەسەریدا نییە. ئەوانەی تورکیا بەڕێوە دەبەن، دەبێت لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا دیدار بکەن. دەبێت پەیامەکەی ساڵح موسلیم کە دەڵێت 'ئەگەر پێویست بکات بۆ چارەسەری بە ڕاکردن دەچمە تورکیا' بە دروستی هەڵبسەنگێنن و بیخوێننەوە. هاکان فیدان لەبری ئەوەی لێدوانی وا بدات، بۆچی لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد کۆ نابێتەوە؟".
ئایشەگول دۆغان ئاماژەی بەوە دا تەنانەت نایانەوێت باسی ئەگەری هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بکرێت و دەڵێت: “تەنانەت نابێت ئەمە بهێنرێتە زمان. نابێت لە هیچ مێزێکی گفتوگۆدا ئەم بژاردەیە هەبێت. ئەگەر مێزێک دانرابێت، ئەو بژاردەیەی دەبێت لەسەری بێت، بژاردەی دۆستایەتییە، بژاردەی چارەسەرییە، نەک بژاردەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی.”