سبەی
توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی دەریخستووە، پەیوەندییەکی روون و راستەوانە هەیە لەنێوان خواردنی توون و کەمبوونەوەی مەترسی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن و جەڵتەی مێشک.
توێژینەوە نوێیەکە لە چین ئەنجامدراوە، 54589 کەس وەک نموونە وەرگیراون، لە ئەنجامدا دەرکەوتووە ئەو کەسانەی هەفتانە 6 بۆ 7 جار خواردنی توون دەخۆن، کەمتر مەترسی توشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن و جەڵتەی مێشکیان لەسەرە، بەراورد بەو ئەو کەسانەی کەمتر خواردنی توون دەخۆن.
توێژەران تێبینی ئەوەیان کردووە، ئەو کەسانەی توونی لە پێکهاتەکانی خۆراکی رۆژانەیاندایە، کەمتری تووشی جەڵتەی مێشک و گیرانی بۆرییەکانی خوێن لە مێشکیان دەبن و مەترسی توشبوونی جەڵتە بە رێژەیەکی بەرچاو لە دڵ و مێشکیاندا کەم دەبێتەوە.
ئەنجامەکانی توێژینەوەکە ئەوەی خستوەتەڕوو بوونی ماددەی کارای کابیسیسین لە پێکهاتەی بیبەری تووندا، ئەو کاریگەرییە گەورەیەی هەیە.
ئەو پێکهاتەیە، هانی بەرهەمهێنانی ئەکسیدی نیتریک دەدات لە بۆرییەکانی خوێندا، دەبێتە هۆی خاوبوونەوە بۆرییەکان و ئاسانیی هاتوچۆی خوێن لە لوولەکانی خوێندا، هەروەها یارمەتیدەرە لە کەمبوونەوەی فشاری خوێن بۆ ماوەیەکی زۆر.
ئەنجامی توێژینەوە زانستییەکە، دەریخستووە ئەو کاریگەرییە زیاتر لە ئەو کەسانەدا دەردەکەوێت کە بەشێوەیەکی رێکوپێک و بە بەردەوام بیبەر و خواردنی توون دەخۆن، خواردنی توونی لە تەمەنێکی زووتردا ئەو کاریگەرییە زیاتر دەکات.
توێژینەوە زانستییە چینییەکە، ئەنجامەکانی هاوشێوەی ئەو توێژینەوانەیە کە پێشتر لە ئیتاڵیا و ئەوروپا ئەنجامدراون، ئەوەش متمانەی خواردنی توون لە زۆربەی کولتوور و خواردن و شێوازی ژیانی وڵاتانی جیاواز زیاتر دەکات.
لەبەرامبەردا توێژەران هۆشدارییان داوە، زیادەڕەوی لە خواردنی توون بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کێشەی کۆئەندامی هەرس، گەدە و برینی گەدە، گەڕانەوەی خۆراک لە گەدە و سورێنچک هەیە مەترسیدارە و پێویستە رەچاوی سیستمێکی خۆراکیی هاوسەنگ و شێوازێکی ژیانی تەندروست بکەن.
توێژینەوەکە، خزمەتێکی گەورەی کەرتی تەندروستی دەکات، بەتایبەتی بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتە کە هۆکارێکی سەرەکیی گیانلەدەستدانن لە جیهاندا.