سبەی
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا ڕایگەیاند: هەناردەکردنەوەی نەوت هەرێمی کوردستان لە ڕێگای هێڵی بۆریی نەوتی خاوی عێراق-تورکیا بۆ بەندەری جەیهان کاتژمێر 07:07 ئەمڕۆ (27ـی ئەیلوولی 2025) دەستی پێ کردووەتەوە.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کەمێک لەمەوبەر بڵاوی کردەوە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە ڕێگای تورکیادا دەستی پێ کردووەتەوە.
لەمبارەیەوە ئاڵپئارسڵان بایراکتار نووسیوویەتی: "کاتژمێر 07:07ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ جارێکی دیکە هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگای هێڵی بۆریی نەوتی خاوی عێراق-تورکیا بۆ بەندەری جەیهان دەستی پێ کردەوە".
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی بە هۆی بوومەلەرزەکانی (6ـی شوباتی 2023) بە شێوەیەکی کاتی هێڵی بۆرییەکە داخرابوو و لە 4ـی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵیش کۆمپانیای نەوتی تورکیا هێڵەکەی ئامادە کردەوە بۆ هەناردەکردن.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی نەوت لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەندەری جەیهانی تورکیادا گەیشتنە ڕێک کەوتن.
رێککەوتنى نێوان هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق کە هەشت کۆمپانیای نەوت لە کۆی 10 کۆمپانیا ڕەزامەندییان لەسەر داوە لە شەش خاڵ پێکهاتووە و لە قۆناغى یەکەمدا 190 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا هەناردە دەکرێت.
قۆناغی یەکەمی رێککەوتنەکە تایبەتە بە دەستکردن بە هەناردەکردنی 190 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کۆی بەرهەمی ئێستای 240 هەزار بەرمیل، کە 50 هەزار بەرمیلی دەمێنێتەوە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، ئەوەش بەپێی خاڵى دووەمى رێککەوتنەکە.