وردەکاریی پڕۆسەکە و ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە .. هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە

#نەوت#هەرێمی کوردستان#سۆمۆ#هەناردەکردنەوەی نەوت
5 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە کێڵگەی خورمەڵەوە دەستی پێکردەوە
  • تا سنوری فیشخاپوور وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پڕۆسەکە بەڕێوەدەبات، لە سنوری فیشخاپوور تا گەیشتنی بە بەندەری جەیهان و بە بازاڕکردن و فرۆشتن و وەرگرتنی پارەکەی کۆمپانیای سۆمۆ پڕۆسەکە بەڕێوەدەبات
  • رێککەوتنى نێوان هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق لە شەش خاڵ پێکهاتووە
  • لە قۆناغی یەکەمدا هەرێمی کوردستان 240 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت 50 هەزار بەرمیل بۆ پێداویستی ناوخۆ و 190 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت
Primary Asset

ساتی کردنەوەی قوفڵی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

سبەی

دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە کێڵگەی خورمەڵەوە دەستی پێکردەوە. تا سنوری فیشخاپوور وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پڕۆسەکە بەڕێوەدەبات، لە سنوری فیشخاپوور تا گەیشتنی بە بەندەری جەیهان و بە بازاڕکردن و فرۆشتن و وەرگرتنی پارەکەی کۆمپانیای سۆمۆ پڕۆسەکە بەڕێوەدەبات.

بەپێی رێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ قوفڵی دەستپێکردنەوەی هەنارەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا کرایەوە.

وردەکاریی هەناردەکردنەوەی نەوت

هەر هەشت کێڵگەی نەوتەکەی هەرێمی کوردستان کە دەستیان بە پرۆسەکە کردووە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە (27ـی ئەیلولی 2025) دەستیان بە هەناردەکردنی نەوتەکەیان کرد بۆ کێڵگەی نەوت خورمەڵە و دواتر لەو کێڵگەیەوە دەچێتە ناوچەی فیشخاپوور لە کۆتای خاڵی سنوری نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و لەوێوە بە بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستاندا نەوتەکە دەگەیەندرێتە بەندەری جەیهانی تورکیا.

بە گەیشتنی بە بەندەری جەیهانی تورکیا، کۆمپانیای سۆمۆ گرێبەستێکی لەگەڵ گەورە کۆمپانیەکی سویسری کردووە، بۆ دووبارە بارکردن و فرۆشتنەوەی بە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکای باکور و وڵاتان و کڕیارانی دیکەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

سۆمۆ: سێ مانگ گفتوگۆی پیشەیی و نیشتیمانی کراوە

 عەلی نەزار شەتری، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە: رێککەوتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و داهاتەکەی دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی.

ئاماژەی بەوەکرد؛ ئەوەی حکومەتی فیدراڵ رایگەیاندووە رێککەوتنێکی گشتگیر و دادپەروەرە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بیانییەکانی بەرهەمهێنەری نەوت لە هەرێمی کوردستان، بۆ رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیای سۆمۆ و هەناردەکردنی بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، بەپێی گرێبەست و بنەمای جیهانییەکانی کە کۆمپانیاکانی بە بازاڕکردن کاری لەسەر دەکەن.

ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان، 50 هەزار بەرمیلی بۆ پێداویستییەکانی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بەکاردەهێنرێت و ئەوەی دیکەی هەناردەی دەرەوە دەکرێت لە رێگەی سۆمۆوە.

ووتیشی: "رێککەوتنەکە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بودجەی سێ ساڵەی عێراق (2023-2024-2025) و هەمواری کۆتایی 2025 دایە، ئەوەش دوای زیاتر لە سێ مانگ لە گفتوگۆی پیشەیی و نیشتیمانی و ئەرێنی هاتە دی.

هەناردەی نەوت بە چەند قۆناغێک

بەپێی رێککەوتنەکە، کۆی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان دوای لێدەکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستی رۆژانە، نەوتەکە لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە کۆدەکرێتەوە و لەوێوە دەنێردرێتە پیشخاپوور لە لایەنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە، لە کۆتای خاڵی سنوریی نێوان تورکیا و هەرێم دەربازبوو بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی وەزارەتی نەوتی عێراق تا دەگاتە بەندەری جەیهان و باردەکرێت و دەفرۆشرێت و داهاتەکەی دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی.

لە قۆناغی یەکەمدا هەرێمی کوردستان 240 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت 50 هەزار بەرمیل بۆ پێداویستی ناوخۆ و 190 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت، بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت 16 دۆلار دەدرێتە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت وە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە.

ناوەڕۆکى رێککەوتنەکە

رێککەوتنى نێوان هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق لە شەش خاڵ پێکهاتووە و لە قۆناغى یەکەمدا 190 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا هەناردە دەکرێت.

بەپێی خاڵى یەکەمى رێککەوتنەکە، هەشت کۆمپانیاى بیانى نەوتى لە رێککەوتنەکەدا بەشدارن، جگە لە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی نەرویجی و گەنەڵ ئینێرجى تورکی بەهۆی داواکارییان بۆ گەرەنتی بۆ پێدانی شایستەى دارایی پێشوویان، کە بڕی 300 ملیۆن دۆلارى تەنها شایستەى دی ئێن ئۆیە، لە کۆی گشتی یەک ملیار دۆلارى شایستەى سەرجەم کۆمپانیاکان.

قۆناغی یەکەمی رێککەوتنەکە تایبەتە بە دەستکردن بە هەناردەکردنی 190 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کۆی بەرهەمی ئێستای 240 هەزار بەرمیل، کە 50 هەزار بەرمیلی دەمێنێتەوە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، ئەوەش بەپێی خاڵى دووەمى رێککەوتنەکە.

لە خاڵى سێیەمى رێککەوتنەکەدا جەختکراوەتەوە لە تەرخانکردنی بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بۆ دابینکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، بۆ کۆمپانیاکان بە شێوەی نەوتی خاو نەک پارەی نەختینەیی.

هەروەها بەپێی خاڵى چوارەم، ئەو تێچووە تا کۆتایی ساڵ بە کارایی دەمێنێتەوە، و مانگانە لە ساڵی نوێوە نوێ دەکرێتەوە تا کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی تێچووی وردی بەرهەمهێنان دیاری دەکات.

لە خاڵى پێنجەمى رێککەوتنەکە، حکومەتی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر داواکاری کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت لە کوردستان بۆ ئەوەى ڕێککەوتنەکە بە نووسراو بێت نەک بە زارەکی و تۆمار بکرێت. دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس وەک لایەنی ناوبژیوان و گەرەنتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دیاریکراوە.

بەپێی خاڵى شەشەم، بڕیارە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیای وود ماکنزی بەریتانی واژۆ بکات بۆ ئەوەی وەک ڕاوێژکاری تەکنیکی بە وردی تێچووی بەرهەمهێنان دیاری بکات. ئەوکات دەتوانرێت رێککەوتنەکە ببێتە هەمیشەیی.

پێشوازیی لە رێککەوتنەکە

محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق رۆژى (25ـی ئەیلولى 2025) رێككەوتنى "مێژویی" لەگەڵ هەرێمى کوردستان راگەیاند، بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت لە رێگەى کۆمپانیاى سۆمۆوە. 

سودانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە زمانی کوردی بڵاوی کردەوە: ئەمڕۆ گەیشتینە ڕێککەوتنێکی مێژوویی کە تێیدا وەزارەتی نەوتی فیدراڵ نەوتی خاوی بەرهەم هێنراو لەو کێڵگانەى کە دەکەوێتە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و لە ڕێگەی بۆری عێراق تورکیاوە هەناردەی دەرەوەی دەکات، ئەمەش دابەشکردنی سامان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دەستەبەردەکات و سەرچاوەکانی هەناردەکردن هەمەچەشن دەکات و هاندەری وەبەرهێنان دەبێت.

ووتیشی: "18  ساڵە چاوەڕێی ئەم دەستکەوتەین".

هەمان رۆژ مەسرور بارزانی سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، پەیامێكی لەبارەی رێككەوتنی سێ قۆڵی نێوان هەرێم و كۆمپانیاكانی نەوت و حكومەتی عێراق بڵاوكردەوە، رایگەیاند "دەستكەوتی هەموو لایەك بوو".

لە پەیامەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە: "رێككەوتنی ئەمڕۆی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ و كۆمپانیای سۆمۆ، دەستكەوتی ماندووبوون و هەوڵی زۆری تیم و شاندەكانی هەموو لایەك بووە".

مەسرور بارزانی وتیشی: "بەم هەنگاوە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان دووبارە بە بازاڕی جیهانی نەوت بەسترانەوە".

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستانیش جەختیکردەوە لە ماوەی 48 كاتژمێردا، دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكرێت.

هەروەها، وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەى بەوەکرد، سەرجەم نەوتی خاوی بەرهەمهاتوو لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان جگە لەو بڕەی بۆ بەكاربردن ناوخۆیی بەكاردێت ڕادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق سۆمۆ دەكرێت، دواتر لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق-توركیا و بەندەری جیهانی توركیاوە هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێت.

رێککەوتنەکە لەلایەن ئەمەریکاوە پێشوازى لێکرا، بەپێی هەواڵێكی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغداد، ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، پێشوازی لە هەواڵی گەیشتن بە رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نێودەوڵەتیەكان دەكات، بۆ دووبارە كردنەوەی هێڵی بۆری نێوان عێراق و توركیا. 

دەشڵێت ئەمەریكا ئاسانكاریی بۆ رێككەوتنەكە كردووە و سودی بۆ ئەمەریكییەكان و عێراقیەكانیش دەبێت.

بەپێی هەواڵەكە، ئەو رێككەوتنە هاوبەشی ئابوری لەنێوان ئەمەریكا و عێراق بەرەو باشتر دەبات و وادەكات ژینگەی وەبەرهێنان و ئارامی لەسەرتاسەری عێراق بۆ كۆمپانیا ئەمەریكیەكان برەخسێت.

لەلایەكی دیكەوە، كۆنسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر بڵاویكردەوە:  پێشوازی دەكەین لە ڕاگەیاندنەكەی حكومەتی عێراق بە گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نێودەوڵەتیەكان بۆ دووبارە كردنەوەی بۆری نەوتی عێراق-توركیا، ڕێككەوتنێك كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئاسانكاری بۆ كراوە و سوودی بەرجەستە بۆ هەردوو لایەنی ئەمەریكیەكان و عێراقیەكان دەستەبەردەكات.

راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم

رۆژی (25ـی ئازاری ساڵی 2023) هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس راگیرا، بەو پێیەی عێراق لە سكاڵایەكیدا لەو دادگایە، توركیای تۆمەتباركردبوو بە پێشێلكردنی "رێككەوتننامەی هێڵی گواستنەوەی نەوت"ـی ناسراو بە (كەركوك – جەیهان) كە ساڵی 1973 لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژوكراوە.

حكومەتی عێراق لە دادگای ناوبژیوانیی پاریس رایگەیاندبوو، توركیا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد، نەوتی هەرێمی كوردستانی گواستووەتەوە بۆ بەندەری جەیهان و لەوێوە نەوتەكە بە كەمتر لە نرخی خۆی (كە بە تێكڕا 10 دۆلار كەمتر بوو بۆ هەر بەرمیلێك) فرۆشراوە.

جگە لە راگرتنی هەناردەكردنی نەوت، عێراق داوای قەرەبووكردنەوەی لە توركیا دەكرد، دادگاش ئەنقەرەی پابەندكرد 1.5 ملیار دۆلار بدات بە بەغداد.

راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆرییەوە، دوای زیاتر لە نۆ ساڵ لە هەناردەكردنی نەوت بوو، بەو پێیەی سەرەتای مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2014 بۆ یەكەمین جار نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوە كرا.

نەوتەكە بۆ ماوەی نۆ ساڵ و سێ مانگ دەگەیەندرایە بەندەری جەیهانی توركیا و لەوێوە رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرا كە لە ساڵانی كۆتایی پرۆسەكەدا، ئەو نەوتەی هەناردە دەكرا بڕەكەی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە بوو.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی