سبەی
وێڕای ڕەزامەندی دەربڕینی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بە شێوەیەکی فەرمی بۆ ئەوەی دروشمێک بە کوردی لەسەر درێسی یاریزانەکانی یانەی ئامەدسپۆر بنووسرێت، کەچی دەستەی دیسپلینی تۆپی پێی پیشەیی، بەم هۆیەوە یانەکە بەپێدانی 2645دۆلار سزا دەدات.
لە کاتێکدا ئەو دروشمە کوردییە تەنها لە چوار وشە پێک هاتووە "کۆما مە بۆنا وە" کە بە واتای "گرووپەکەمان بۆ ئێوەیە" دێت، کەچی دەستەی دیسپلینی تۆپی پێی پیشەیی بانگەشەی ئەوە دەکات "ئەمە پێچەوانەی ڕێنوێنییەکانی پەیوەندیدار بە پێداویستییە وەرزشییەکانە".
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت ئامەدسپۆر وەک یەکەم یانەی وەرزشی لە مێژووی تورکیا دروشمی بە کوردی لەسەر درێسەکانی نووسی و ڕووبەڕووی یانەی پەندیکسپۆر بوویەوە.
بەپێی بڕیارەکە ئامەدسپۆر ناچار دەکرێت 110 هەزار لیرە (2645 دۆلار) وەک سزای سەرپێچیکردن بدات.
لای خۆیشیەوە بەڕێوەبەرایەتی ئامەدسپۆر جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم سزایە لە "قبوڵنەکردنی زمانی کوردییەوە" سەرچاوە دەگرێت و لە دادگا تانە لە بڕیارەکە دەدەن.
ئەم بڕیارەی دەستەی دیسپلینی تۆپی پێی پیشەیی کاردانەوەیەکی زۆری چالاکوانانی کورد لە باکووری کوردستان لێ کەوتووەتەوە و ئەمە ڕاستەوخۆ بە بە ئامانجگرتن و نکۆڵیکردن لە زمانی کوردی و ئەو یانە کوردییە دەزانن.
دوا بە دوای ڕەزامەندی دەربڕینی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا یانەی ئامەدسپۆر کە لە خولی پلە یەکی ترێندیۆڵدا کێبڕکێ لەسەر سەرکەوتن بۆ سوپەرلیگ دەکات، بەو دروشمە کوردییەوە 16ی ئەیلوول ڕووبەڕووی یانەی پەندیکسپۆر بوویەوە.
ئەم دروشمە کوردییە لەژێر لۆگۆی سپۆنسەرە نوێیەکەی درێسەکانی ئامەد سپۆر کە کۆمپانیای "تەزگێل کۆم"ە نووسراوە.
بەم شێوەیەش، بۆ یەکەمجار لە مێژووی خولە پیشەییەکانی تورکیادا، دروشمێکی کوردی بە فەرمی لەسەر درێسی یانەیەک جێگیر کرا.
ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیایەکی دێرینی شارەکە
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات یانە سەوز و سوور پۆشەکەی ئامەدسپۆر، دوای چوار یاریی بێ سپۆنسەر، دواجار ڕێککەوتنێکی گرنگی لەگەڵ زنجیرە مارکێتەکانی "تەزگێل کۆم" واژۆ کرد، کە یەکێکە لە بڕاندە دێرین و ناسراوەکانی شاری ئامەد.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، یانەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا بۆ وەرزی نوێ گرێبەستێکی لەگەڵ تێزگەل کۆم واژوو کردووە و بەم جۆرە لەبەرامبەر دانانی لۆگۆی مارکێتەکە لەسەر درێسی یاریزانەکان، تێزگەل کۆم سپۆنسەری درێسەکان دەکات و بۆ یانەکە دابینیان دەکات.
ئامەدسپۆر
یانەی چالاکییە وەرزشییەکانی ئامەد (ئامەدسپۆر) لە 1972 بە ناوی مەلیکائەحمەد تورناسپۆر بە سپۆنسەرکردنی لەلایەن کۆمپانیای توران بۆ بەرهەمهێنانی گازۆز دامەزرا.
دوای نەمانی سپۆنسەر لە 1985 ناوی یانەکە گۆڕا بۆ مەلیکائەحمەد سپۆر و لە 1990 شارەوانیی ئامەد بوو بە خاوەنی یانەکە و ناوەکەی بۆ یانەی شارەوانیی دیاربەکر گۆڕی، دوای شەش جار لە ناو گۆڕینی لە 28ـی تشرینی یەکەمی 2014 ناوی یانەکە کرا بە ئامەدسپۆر.
دوای دورخستنەوەی سەرۆکایەتیی هەڵبژێردراوی شارەوانیی گەورەشاری ئامەد و دانانی جومالی ئاتیلا بە قەییوم، ناوبراو ڕایگەیاند،" ئەگەر یانەکە ناوی خۆی نەکاتەوە بە دیاربەکرسپۆر ئەوا لە ڕوی دارایییەوە هاوکاری ناکەن. لای خۆیشیەوە یانەکە ڕەتی کردەوە ناوە کوردییەکەی بگۆڕێت".
بە هۆی هەڵوێستەکانی یانەکە و خۆشەویستی لە دڵی هاندەرانی کورددا، یانەکە تا ئێستا دوچاری چەندین گوشار بوەتەوە.
لە ئاداری 2023، بەر لە دەستپێکردنی یاریی تۆپی پێ لە نێوان ئامەدسپۆر و بورساسپۆر لە بورسا یاریزان و هاندەرانی بورساسپۆر بە گوتنەوەی چەندین دروشمی 'نەژادپەرستی' سوکایەتییان بە یاریزانان و هاندەرانی ئامەدسپۆر کرد.
دواتر بە بەرچاوی پۆلیسەوە پەلاماری یاریزانانی ئامەدسپۆر درا و وێنەی مەحمود یڵدرم کە یەکێک بووە لە کارمەندانی ژیتەم و بانگەشەی ئەوە دەکرێت لە نەوەدەکان دەستی هەبووە لە 'کوشتنی' هەزاران کورد و وێنەی تۆرۆسی سپی کە ژیتەم بۆ 'ڕفاندنی خەڵک' بەکاری دەهێنا بەرز کرایەوە.
دوای زیادبونی کاردانەوەکان بەرامبەر پەلامارەکە، چەند کەسێک دەستگیر کران و چەند بەرپرسێکی ئەمنییش لە کارەکانیان دور خرانەوە.