سبەی
مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی بە تەلەفۆن گفتوگۆیان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت کرد، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لە بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2026، پێویستە هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی خۆی هەبێت.
دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە (27ـی ئەیلولی 2025) مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەلەفۆن گفتوگۆی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان بە دەستکەوتێکی گرنگ ناوبرد کە لە خزمەتی هەموو عێراقییەکاندایە، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ سوپاسی سەرۆکی حکومەتی کرد بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنە گرنگە و سەرۆکی حکومەتیش دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرد بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتنەکە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواست ئەم ڕێککەوتنە ببێتە ڕێخۆشکەر بۆ دەرچوونی یاسای نەوت و غاز، داواشی کرد کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببێت بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی کوردستان لە دڵەڕاوکێدا نەبن . گوتیشی نابێت مووچەکانی ئەمساڵیش بفەوتێن .
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆکی حکومەتی هەرێم هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لە بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2026، پێویستە هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی خۆی هەبێت. سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ جەختی کردەوە کە دەرفەتی ئابووری گرنگ لە ئارادان بۆ ئەنجامدانی گەشەپێدانی زیاتر لە هەموو عێراق، لە بەسڕەوە تا هەرێمی کوردستان .
راگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێم ئەوەشی تێدا هاتووە: لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە گرنگیی ئەنجامدانی پڕۆژی ڕێگەی گەشەپێدان کرا، بۆ ئەم مەبەستە بەم زووانە لیژنەیەکی تایبەت لە بەغدادەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ نەهێشتنی هەموو ئاستەنگەکان لە بەردەم جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە گرنگە کە کاریگەرییەکی گەورەی لە سەر گەشەپێدانی ئابووری لە هەموو عێراقدا دەبێت.