ساتی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد - لەندەن
سبەی
پێگەی "مەجەلە" گفتوگۆیەكی دورودرێژی لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد بەرپرسی كاروباری دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە، بەتایبەتیش لەسەر پرسی گفتوگۆكانی نێوانیان لەگەڵ دیمەشق راوەستاوە، هەروەها سەبارەت بە تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمەریكا و سەردانی براد كۆپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا "سێنتكۆم" بۆ قامیشلۆ و دیمەشق پرسیاری لێكردووە.
چاوپێكەوتنەكە لە 21 ی ئەیلولی 2025 لە لەندەن بەڕێوەچووە، لەبارەی دوو دیارترین خاڵی ناكۆكیان لەگەڵ حكومەتی دیمەشق پرسیاری لێكردووە، ئەوانیش داهاتووی پەیوەندیەكانی هەسەدە و سوپای نوێی سوریا، لەگەڵ داهاتووی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، لەگەڵ سروشتی رژێمی سوریا و پەیوەندی نێوان ناوەند و لامەركەزیەت.
ئیلهام ئەحمەد نایشارێتەوە پێشنیاز لەلایەنی سوری و لایەنی دیكەشەوە هەیە كە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە یاخود فەرماندەیەكی دیكەی هەسەدە پۆستی وەزارەتی بەرگریی یاخود سەرۆكی ئەركانی سوپای سوریا وەربگرێت، دەشڵێت گرنگە رێككەوتن لەسەر بەشداریكردن لە حكومەت و لێكتێگەیشتنیش لەسەر دەستوری داهاتووی سوریا بكرێت.
بەوتەی ئەو بەرپرسەی رۆژئاوای كوردستان "بڕیارە لێكتێگەیشتن هەبێت سەبارەت بە سیستمی ئیداری و سەربازیی و تێكەڵكردنی سەربازیی.
سەبارەت بە رێككەوتنی 10 ی ئاداری ئەمساڵ كە لەنێوان ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە كرا، ئیلهام ئەحمەد دەڵێت لە بنەڕەتدا زۆرێك خاڵی ناكۆك هەن، تێڕوانینی دیمەشق بۆ هەندێك لە خاڵەكان كە خراونەتەڕوو تائێستاش زۆر ناڕوونە، بەتایبەتیش لەسەر چۆنیەتی تێكەڵكردنی هەسەدە لەگەڵ سوپا و چۆنیەتی تێكەڵكردن و ئیدارەدانی، هەروەها تێكەڵكردنی ئیدارەی خۆمان لەگەڵ سوریا چۆن دەبێت.
بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە لیژنەی تایبەت پێكهێنرابوون، بەڵام تائێستا كۆنەبوونەتەوە، هەرچەندە كاتمان بۆ كۆبوونەوەی لیژنەكان دانابوو، هەتا ئێستاش چاوەڕێی جوابی دیمەشقین تا بزانین ئەو لیژنانە كەی كۆدەبنەوە.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان، سەبارەت بە ژمارەی هێزەكانی هەسەدە و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای كوردستان دەڵێت نزیكەی سەد هەزار كەسن بە ئاسایش و پۆلیس و هەسەدەشەوە.
لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە داهاتووی هێزەكانی سوریای دیموكرات وەك كوتلەیەكی سەربەخۆ لەناو سوپای سوریا، ئیلهام ئەحمەد دەڵێت ئەوە پرسی گفتوگۆكانە، بەپێی راگەیەندراوی دەستوریش دەڵێت دەكرێت فەیلەق هەبێت، سوپا لەچەند فەیلەقێك پێكبێت، بێگومان دەكرێت فیرقەی هاوبەشیش هەبێت، لەگەڵ لیژنەی هاوبەش، چونكە لە قۆناغی راگوزەرداین و دەكرێت تێكەڵكردنەكە وردە وردە بێت نەك راستەوخۆ.