تەقینەوەیەكی چاوەڕوان نەكراو؛ عێراق لەرووی گیانلەدەستدان بە شێرپەنجە لە پلەی حەوتەمی جیهاندایە

#عێراق#شێرپەنجە#جیهان
3 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • توێژینەوەیەك كە رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویكردۆتەوە، 204 دەوڵەت لەخۆدەگرێت كە یەكێكیان عێراقە، دەركەوتووە ژمارەی حاڵەتەكانی شێرپەنجەی نوێ لە ساڵی 1990 ەوە دوو هێندە زیادیكردووە و گەیشتۆتە 18.5 ملیۆن حاڵەت، رێژەی مردنیش گەیشتۆتە 10.4 ملیۆن حاڵەت.
  • پسپۆڕانی تەندروستی لە جیهانەوە هۆشداری دەدەن لە تەقینەوەیەكی شێرپەنجەیی چاوەڕوان نەكراو، لەگەڵ پێشبینی بەرزبوونەوەی رێژەی مردنی پەیوەست بە نەخۆشیی بۆ 18.6 ملیۆن حاڵەتی ساڵانە تا ساڵی 2050، ئەوەش بەشێوەیەك زیاد دەكات كە لە ساڵی 2023 ەوە لە %75 بەرزبۆتەوە.
Primary Asset

نەخۆشخانەیەکی عێراق

سبەی

پسپۆڕانی تەندروستی لە جیهانەوە هۆشداری دەدەن لە تەقینەوەیەكی شێرپەنجەیی چاوەڕوان نەكراو، لەگەڵ پێشبینی بەرزبوونەوەی رێژەی مردنی پەیوەست بە نەخۆشیی بۆ 18.6 ملیۆن حاڵەتی ساڵانە تا ساڵی 2050، ئەوەش بەشێوەیەك زیاد دەكات كە لە ساڵی 2023 ەوە لە %75 بەرزبۆتەوە.

توێژینەوەیەك كە رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویكردۆتەوە، 204 دەوڵەت لەخۆدەگرێت كە یەكێكیان عێراقە، دەركەوتووە ژمارەی حاڵەتەكانی شێرپەنجەی نوێ لە ساڵی 1990 ەوە دوو هێندە زیادیكردووە و گەیشتۆتە 18.5 ملیۆن حاڵەت، رێژەی مردنیش گەیشتۆتە 10.4 ملیۆن حاڵەت.

عێراق لە ناوەڕاستی قەیراندایە

لە عێراق سەرچاوە پزیشكیەكان جەخت دەكەنەوە، رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە چەند ساڵێكە بەردەوام بەرز دەبێتەوە، ئەویش بە چەند هۆكارێك، لەوانەش پیسبوونی ژینگە و تیشكدانەوە بەهۆی جەنگەكان و بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراو، لەگەڵ پیسبوونی ئاو و هەوای پارێزگاكانی باشوری عێراق، بەتایبەتیش بەسرە، بەتایبەتیش بۆتە هۆكاری بەرزبوونەوەی شێرپەنجەكانی خوێن و سییەكان.

هۆكارەكانی دیكە

تەنها ئەو هۆكارانەی باسكران بەس نین، بەڵكو جۆری ژیانی ناتەندروستیش هۆكارە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە، لەوانەش قەڵەوی و جگەرەكێشان و كەمیی هۆشیاری خۆراكیی و لاوازی سیستمی خۆراكیی و كەموكوڕی لە ئامڕازەكانی دیاریكردنی نەخۆشی و بوونی دەرمانی كیمیایی و تیشكدانەوە.

بەوتەی پزیشكە عێراقیەكان، دۆخەكە بەشێوەیەكی تایبەت نیگەرانكەرە بەتایبەت لە نەخۆشخانە حكومیەكان، چونكە دەبێت نەخۆشەكان بۆ ماوەیەكی زۆر چاوەڕێ بكەن، جگە لەوەی زۆرێك بۆ چارەسەر پێداویستیە سەرەكیەكانیان دەفرۆشن، بەشێكیشیان ناچارن بۆ چارەسەر رووبكەنە ئوردن و هیند و توركیا.

ژمارە و هۆشدارییەكان

رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوەدەكات، عێراق ساڵانە زیاتر لە 25 هەزار حاڵەتی نوێی شێرپەنجە تۆمار دەكات، لەگەڵ ئەگەری ئەوەی ژمارە راستەقینەكان زۆر لەوە بەرزتر بن بەهۆی لاوازی ئامڕازی حسابكردندا.

بەتەنها لە پارێزگای بەسرە، رێكخراوە ناوخۆییەكان ئاماژەیان بەوەكردووە شێرپەنجە لەنێوان منداڵاندا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبۆتەوە بەتایبەت لەم دەیەیەی دواییدا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی