داهاتی مانگانەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم 100 ملیۆن دۆلارە

#نەوت#هەناردەکردن#نەوتی هەرێم#کۆمپانیاکان#داهات#خەزێنەی گشتی
2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • روانگەیەکی عێراقی ئاشکرای دەکات، داهاتی رۆژانەی هەنادەرکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان 3.36 ملیۆن دۆلارە و مانگانە دەگاتە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار.
Primary Asset

سبەی

روانگەیەکی عێراقی ئاشکرای دەکات، داهاتی رۆژانەی هەنادەرکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان 3.36 ملیۆن دۆلارە و مانگانە دەگاتە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار.

روانگەی ئیکۆ عێراق تایبەتمەند بە لێکۆڵینەوەی ئابوری، ئەمڕۆ شەممە (27ـی ئەیلولی 2025) بڵاوی کردەوە، دوای پێدانی پشکی کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، رۆژانە 3 ملیۆن و 360 هەزار دۆلار و مانگانە بە تێکڕا زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاری زیاتر دەگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی عێراق.

ئاماژەی بەوەکردووە، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی گرنگە بە سوودی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان، بڕیاری زیاتر دەداتە دەستی عێراق لە دۆسیەی نەوت و نەرمییەکی زیاتری هەیە لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و شایستەی کۆمپانیاکانیش دەستەبەر دەکات.

روانگەی ئیکۆ عێراق بڵاوی کردەوە، داهاتی زیاتر دەگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی عێراق، چارەسەری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات، کە زیاتر لە 10 ساڵە گیرۆدەی بووە.

کۆمپانیا نەوتییەکانیش کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، شەرعیەتێکی زیاتریان دەستکەوتووە بۆ مانەوە و کارکردنیان لە هەرێمی کوردستان، رۆژانە وەک شایستەی خۆیان زیاتر لە 50 هەزار بەرمیل نەوتیان دەستدەکەوێت، کە بەپێی رێککەوتنەکە لە بری 16 دۆلار وەک تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت، نەوتی بەرهەمهاتوو دەدرێتە کۆمپانیاکان.

کۆمپانیا نەوتییەکان، دەتوانن ئەو نەوت بفرۆشنەوە لەناوخۆی هەرێمی کوردستان، یان لە رێگەی پاڵێوگەکانەوە بیپاڵێون و بەرهەمەکانی بفرۆشنەوە.

بەپێی روانگەی ئیکۆ، لە ئێستادا هەرێمی کوردستان رۆژانە 290 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، 190 هەزاری رادەستی سۆمۆ دەکرێت بۆ هەناردەکردن، 50 هەزار بەرمیلی بۆ هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆی و 50 هەزار بەرمیلیش بۆ کۆمپانیاکانە وەک هەقدەستی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت لەو کێڵگانەی کاری تێدا دەکەن.

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە بازاڕەکانی جیهاندا پشکی کۆمپانیاکانی گۆڵف کیستۆن و گەنەڵ ئینێرجی بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و چاوەڕوانی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی پشکەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستیپێکرد

هەر ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: کاتژمێر (7:00)ی بەیانیی ڕۆژی شەممە (26ـی ئەیلولی 2025) هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی کەرکووک - جیهان بە سەرکەوتووانە دەستیپێکرد.

دەستپێکرنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم

دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە (27ـی ئەیلولی 2025) هەناردەی نەوت لە کێڵگەی خورمەڵەوە دەستی پێکردەوە، تا سنوری فیشخاپوور وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پڕۆسەکە بەڕێوەدەبات، لە سنوری فیشخاپوور تا گەیشتنی بە بەندەری جەیهان و بە بازاڕکردن و فرۆشتن و وەرگرتنی پارەکەی کۆمپانیای سۆمۆ پڕۆسەکە بەڕێوەدەبات.

بەپێی رێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ قوفڵی دەستپێکردنەوەی هەنارەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا کرایەوە.

هەر هەشت کێڵگەی نەوتەکەی هەرێمی کوردستان کە دەستیان بە پرۆسەکە کردووە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە (27ـی ئەیلولی 2025) دەستیان بە هەناردەکردنی نەوتەکەیان کرد بۆ کێڵگەی نەوت خورمەڵە و دواتر لەو کێڵگەیەوە دەچێتە ناوچەی فیشخاپوور لە کۆتای خاڵی سنوری نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و لەوێوە بە بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستاندا نەوتەکە دەگەیەندرێتە بەندەری جەیهانی تورکیا.

بە گەیشتنی بە بەندەری جەیهانی تورکیا، کۆمپانیای سۆمۆ گرێبەستێکی لەگەڵ گەورە کۆمپانیەکی سویسری کردووە، بۆ دووبارە بارکردن و فرۆشتنەوەی بە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکای باکور و وڵاتان و کڕیارانی دیکەی نەوتی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی نەوت: بەغدد کۆنترۆڵی نەوتی دەکات

حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند: رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، بە ئامانجی ئەوەیە کۆنترۆڵی تەواوی سەرجەم داهاتەکان بکرێت.

رایگەیاند: پڕۆسەی ناردنە دەرەوەی نەوت بەشێوەی رێکوپێک بەڕێوەدەچێت و لە رۆژانی داهاتوودا رێژەکە زیاتر دەبێت

مەسرور بارزانی: ئەمەریکا پاڵپشتی گەورە بوو

ئەمڕۆ شەممە لە کۆنفرانسی تایبەت بە یادی 1700 ساڵەی کۆمەڵەی نیقییە کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: دەمەوێت ئاماژە بە خاڵێكی گرنگ و ڕووداوێكی مێژوویی بدەم كە ئەم چەند رۆژە بینیمان، دوای دوو سێ ساڵێك لە وەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكانی دەرەوە، جارێكی تر ئەمڕۆ، ئەم بەیانییە نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ماركێتی جیهانی هەناردەكرایەوە.

ووتیشی: "ئەم ڕێككەوتنە لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ هەموو خەڵكی عێراق، بە تایبەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان. من دەستخۆشی لە هەموو ئەو كەسایەتییانە و ئەو لایەنانە دەكەم كە ڕۆڵێكی گرنگیان گێڕا لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیە، لێرەدا حەز دەكەم بە تایبەتی ئاماژە بدەم بە رۆڵی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا چ لە واشنتن و چ باڵیۆزیان لە بەغدا یان كونسوڵی گشتیان لێرە لە هەولێر كە بەڕاستی پاڵپشتی گەورەبوون بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە. 

مەسرور بارزانی هیوای خواست، ئەم ڕێككەوتنە ببێتە هۆكاری پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و لە خزمەتی هەموو هاووڵاتیاندا بێت.

بریکاری وەزارتی نەوت: هەرێم توانای فرۆشتنی یەک بەرمیل نەوتی نییە

باسم محەمەد بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: وەک قۆناغی یەکەم، رۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوت وەردەگرین لە هەرێمی کوردستان، 50 هەزار نەوت لەناوخۆ دەمێنێتەوە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ، نەوتەکە بەپێی میکانزیمێک  لە رێگەی تۆڕی بۆری نیشتیمانی وەردەگیرێت و لە رێگەی سیستمی تۆڕی هەناردەکردنی عێراق- تورکیا لەلایەن هەدوو کۆمپانیای نەوتی باکوری سەر بەوەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ نەوتەکە دەفرۆشرێت و هەناردە دەکرێت هاوشێوەی نەوتی باشور و ناوچەکانی دیکەی عێراق.

ووتیشی: "ئەم رێککەوتنە دوای ئەوە هاتەدی، وەک یەک تیم لەگەڵ برایانی هەرێمی کوردستان کارمان کرد، لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و شەرعی و کۆمەڵایەتی. سامانی نەوت بەڕێوەدەبرێت بەپێی سیاسەتێکی روون  لە سایەی یاسا و دەستور بەڕێوەببرێت.

ئاماژەی بەوەکرد؛ ئەم رێککەوتنە، شەفافیەتی روون دەستەبەری دەکات، لە ناوخۆ و دەرەوە داهاتەکانی دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی.

سەبارەت بە گەرەنتی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە ووتی: گرەنتی رێککەوتنەکە دەستور و یاسای بودجە و هەمواری یاسای بودجە و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە، بەپێی رێککەوتنی سێ قۆڵی، رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی کێڵگەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە دەبێت، بە جۆرێک مافی فرۆشتنی هیچ بەرمیلێکی نەوتیان نییە لە دەرەوەی ئەو میکانیزمەی کە دەوڵەتی عێراق پەیڕەوی دەکات، دەبێت نەوت رادەستی سۆمۆ بکەن، حکومەتی فیدراڵی بەپێی یاسا پابەندە، بە پێدانی شایستە داراییەکان بەپێی یاسای بودجە. بۆ هەر بەرمیلێک 16 دۆلار دەدات وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت تا ئەوکاتەی کۆمپانیایەکی راوێژکاریی بەپێی رێککەوتنی نێوان هەردوولا دیاریکراوە کۆمپانیا وود ماکینزی لێکۆڵینەوە لە تێچووی بەرمیلێک دەکات لەهەر کێڵگەیەک.

جەختی کردەوە، ئەم رێککەتنە مافی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و  کۆمپانیاکان کە کاردەکەن لە هەرێم دەستەبەر دەکات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی